ئەمەریکا بەرزترین رێژەى مردن بە کۆرۆنا تۆمار دەکات
لەدوایین ئاماری بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەویلایەتە یەکگرتووەکان، ژمارەى تووشبووانى ئەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە سنوورى پێنج ملیۆن کەسى تێپەراند، هاوکات ژمارەى گیان لەدەستدانیش سەرووى ١٦٢ هەزار کەس بووە.
لەبەرەبەیانى یەکشەممە ژمارەى گشتى تووشبووانى پەتاى کۆڤید ١٩ لەئەمەریکا گەیشتە پێنج ملیۆن و ٦٠٣ کەس، ژمارەى قوربانیانی ئەو پەتایەش ١٦٢ هەزارو ٤٤١ کەس بووە، کەبەرزترین ئاستى گیان لەدەستدانە لەسەرتاسەرى جیهان.
زانکۆی جۆنز هۆپکینز، کە رۆژانە ئاماری قوربانیان و تووشبووانى ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بڵاودەکاتەوە هیماى بەوە کردووە ” پێنج ویلایەت بەرپرسە لەسەر بڵاوبوونەوەی سەرووى سەدا ٤٠ تووشبووان، کەبریتین لە کالیفۆرنیا، کەبەرزترین رێژەى تووشبوونى هەیە، فلۆریدا، تێکساس، نیویۆرک، جۆرجیا”.
لەگەڵ بەرزبوونەوەى رێژەى تووشبووان بەرپرسانى تەندروستى هانى دانیشتووانیان داوە، ماسک لەشوێنە گشتیەکان ببەستن و، لەقەرەباڵغی و گردبوونەوە دوور بکەونەوە، بۆ ئەوەى کۆنترۆڵى بڵاوبوونەوەى ئەو نەخۆشییە بکەن.
لەلایەن خۆیشیەوە دۆناڵد ترامپ، دوێنێ شەممە واژۆی لەسەر کۆمەڵێک رێکاری جێبەجێکاری بەهاناوە چوونى دارایی بۆ ئەمەریکییەکان کرد، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
ئەو بڕیارەش لەکاتێکدایە یاسا دانەرەکانى واشنتۆن شکستیان هێنا لەگەیشتن بەرێکەوتنێکى هاوبەش، تاوەکو هاندانى ئابوورى بەردەست بکەن.
ترامپ لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانی لەنیوجرسی، کە لەیانە تایبەتیەکەى خۆی رێکیخستبوو ” کۆمەڵێک رێکارمان بەردەست کردووەو، هەلیکارەکان رزگار دەکەین و، یارمەتی کرێکارە ئەمەریکییەکانیش دەدەین”.
پەتای کۆڤید ١٩، رێژەى بێکاری لەو وڵاتە بەرز کردەوەو، زۆربەى هاوڵاتیانیش بەهۆى قەدەغە هاتووچۆ و، رێکارەکانى خۆپارێزی کارەکانیان لەدەستداوەو، ڕەوشی ئابوورییان بەرەو خراپی چووە.