تورکیا هەڕەشەیە بۆ وڵاتانى ئەورۆپا
لەسەروبەندی ناکۆکییەکانى وڵاتانى یەکێتى ئەورۆپاو، تورکیا لەسەر کۆمەڵێک پرسى جۆراجۆر بەتایبەت لەبوارى گەڕان بەدواى غازو نەوت لەدەریاى ناوەڕاست و، کەیسى پەنابەران و، شەڕو ململانێیەکانى لیبیا، سەرچاوەیەکى سەرۆکایەتى فەرەنسا باسى لەهەنگاوەکانى رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا کردووە، لەڕاگرتنى سەرجەم بەرەنگارییەکانى بەرامبەر ئەورۆپیەکان”.
سەرچاوەیەکى فەرمیی لەنێو کوشکی ئەلیزێ بەمیدیاکانى ڕاگەیاند ” رۆڵى تورکیا لەلیبیاو سووریا، لەچوارچێوەى هاوپەیمانی ئەتڵەنتی هەڕەشە لەبەرژەوەندییەکانى ئەورۆپییەکان دەکات”.
پاڵپشتى پاریسیشی بۆ دەستپێشخەرییەکانى ئەڵمانیا بۆ ئەنجامدانى دانووستاندن لەنێوان تورکیاو یۆنان نیشانداوە، باسى لەوەشکرد ” پێویستە ئەنکەرا سنوورێک بۆ پێگە سەربازییەکانى لەلیبیاو، هەناردەکردنى میلیشیا سوورییەکان بۆ ئەو وڵاتە ڕابگرێت”.
ئەو سەرچاوەیە جەختى لەوەکردۆتەوە ” لەگەڵ میسرو جەزائیرو ئیمارات و، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەسەر پرسی لیبیا گفتوگۆ دەکەن”.
گووتیشى ” دەستێوەردانەکانى تورکیا لەلیبیا ڕەوشى ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات”.
چەند مانگێکە ئەنکەرا لەرێگەى ناردنى میلیشیا چەکدارە سوورییەکانى نزیک لەرژێمەکەى بۆ نێو تەرابلووس، بۆ پاڵپشتى کردنى حکومەتەکەى فایز سەراج، پەشێوێکى گەورەى لەو وڵاتە دروستکردووەو، ئامانجی سەرەکیی تورکیاش لەو پرۆسەیە دەست بەسەر سەرچاوەکانى ووزەى تەرابلووس و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى ویفاق بگرێت.