تورکیا زانیاریی لەبارەى تووشبووانى کۆرۆنا دەشارێتەوە

سەرۆکى دوو گەورە شارەداری تورکیا ئاشکرایان کردووە ” حکومەت پەردەپۆشی ئاراستەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵات دەکات”.
ئاماژەیان بەوەشداوە ” ئاراستەى ئەو پەتایە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و، بەهۆى زانیارییە چەواشەکارییەکانى ئەنکەرا، مەترسییەکى تەندروستى رووبەرووى خەڵک دەبێتەوە”.
هەریەک لەمەنسور یافاس، سەرۆکى شارەداری ئەنکەراو، ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، سەرۆکی شارەداری ئەستەنبوڵ گومانیان لەژمارە ڕاگەینراوەکەى حکومەتى وڵاتەکەیان دەربارەى تووشبووانى کۆرۆنا هەیە.
هیمایان بەوە کردووە ” ئەو راپۆرتانەى لەبارەى ڕەوشى پەتاکە لەسەر ئاستى ناوخۆیی بەدەستیان دەگات، هاوسەنگ نیە لەگەڵ ئامارە ڕاگەینراوەکەى حکومەت”.
هاوکات فەخرەددین خۆجە، وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتەش هۆشداری بەرزبوونەوەى ژمارەى تووشبوون و گیان لەدەستدان بەهۆى کۆڤید ١٩ ـەوە بڵاوکردۆتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەئێوارەى شەممە دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە تووشبوونى ١٥٤٩ حاڵەتى نوێ بەڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاندووە، هاوکات لەماوەى ٢٤ کاتژمێریشدا ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، کەبەرزترین ژمارەیە لەدواى ناوەڕاستى ئایاری رابردوو.
بەڵام ئیمام ئۆغلو و یافاس، هەردووکیان ئەندانی پارتى گەلى کۆماری ئۆپۆزسیۆنن، پێیان وایە ” ژمارەى مردووانى شارەکانیان، نزیکترە لەکۆى گشتى تووشبووانى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیاندا”، کەبەگووتەى خۆیانیش ” ئەم بابەتە جێی سەرسوورمانیە”.
سەرۆکى شارەداری ئەستەنبوڵ گووتیشى ” نزیکەى چوار بۆ پێنج نوسراوی ئاراستەى وەزیرى تەندروستى کردووەو، داواى روونکردنەوەى لێکردووە”، بەڵام پێدەچێت خۆجە هیچ وەڵامێکى ئەو ئیمام ئۆغلووی نەدابێتەوە، بۆیەش داواى لەو وەزیرە کردووە ” کەمێک ئازایەتى هەبێت و، ڕەوشى کۆڤید ١٩ لەوڵاتەکەى باس بکات.
بەڵام یافاس دووپاتیدەکاتەوە ” تەنها لەئەنکەرا ١٧ کەس بەهۆى کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام حکومەت دەڵێت؛ لەسەرتاسەرى تورکیا ٢٢ کەس مردوون”.
پرسیاری ئەوەشى کردووە ” حیکمەت لەشاردنەوەى ڕاستیەکان چییە، ئەوەى پێویستە پێچەوانەى ئەنجامبدرێت، واتا ڕەوشەکە وەک خۆی نیشان بدات و، باسى لەمەترسییەکان بکەن، بۆ ئەوەى خەڵک پابەندی رێنماییەکانى خۆپارێزی بن”.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش کۆى گشتى تووشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەتورکیا گەیشتۆتە ٢٦٧ هەزارو ٦٤ کەس، کەلەنێویاندا شەش هەزارو ٢٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە، سەدا ٢,٣٤ کۆى گشتى تووشبووان پێکدەهێنن و، لەریزبەندی ١٨ مین وڵاتى جیهانە لەرووى بەرزترین رێژەى تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمار کردووە.