کازمی ئامانجەکەی پێکا!

لەگەڵ ئەوەی سەرۆک وەزیرانە، بەڵام زیاتر بەپیاوی ھەواڵگری ناسراوە، دەزانێت چ کات و ساتێک ھەڵئەبژێرێت بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوەکانی، سەردانیشی لەم تەوقیتەدا بۆھەرێمی کورستان، ئەگەر بە رووکەشی بۆ رێکەوتن بێت لەگەڵ ھەرێم ، لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی پێشمەرگە، بووجە ، ناوچە دابڕاوەکان، ئەوا دیوە شاراوەکەی سەردانەکەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەو خۆناساندنیەتی بەخەڵکی شارەکانی ھەرێمی کوردستان.
کازمی دۆخی خراپی ئابووری خەڵک و گەندەڵی و لاوازی سیاسی ھەرێم و ناکۆکی قووڵی ھێزە سیاسیەکانی لەم کاتەدا باش قۆزتۆتەوەو، بەسەردانیکردنی ھەر چوار شارەکەی کوردستان دەیەوەێت وەک فریادرەسێک خۆی بناسێنێت. ئامانجیشی لەچوونی بۆ دەروازە سنووریەکان، پەیامێکە بۆ رای گشتی عەرەبی عێراقی کە ئەو تاکە سەرۆک وەزیرانێکە دەتوانێت دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات.
گەرانەوەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی داوایەکی گرنگی شەقامی عەرەبی عێراقیە، کارتێکی بەھێزیشە بۆھەڵبژاردنەکانی عێراق .
کازمی دەیەوێت پۆستی سەرۆک وەزایرانی داھاتوو بەدەست بھێنێتەوە، بۆیە ئێستا چاوی لەبەشێکی کورسیەکانی کوردە، لەم ھەنگاوەشیدا بەتەنھا نیەو دەنگۆی ئەوەیە خەڵکێکی بەرچاو لەکوردستان پشتیووانی بکەن، بەتایبەتی لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ، چۆن ناکۆکی و نارەزایەتیەکان لەم سنورە لەترۆپکدایەو بەشی زۆری کەسایەتیە نارازیەکان لەم سنورەن، ئەوە بەمانای ئەوە نیە کە نیگەرانی و نارەزایەتی لەھەولێرو دھۆک نەبێت، چون لەھەموو ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا ئۆپۆزیسێۆن دەنگی بەرچاوی ھێناوە لەو شارانە، لێ لەساڵی ٢٠٠٩ ـەوە تائێستا دەنگە نارازییەکان لەسنووری سلێمانی زۆرینەن.
ھەمیشە بەدوای فریادرەسێکدا دەگەرێن، بزوتنەوەی گۆران پاشان نەوەی نوێ تاقیکرانەوە، ھەرچەندە ئێستا گۆران لەوپەری لاوازیدایە و لەئەگەری پەرتبوون و لێکترازانی گەورە دایەو، نەوەی نوێش ھەمیشە گومانی ئەوەی لەسەرە دەستکردی دەسەڵاتی سلێمانی خۆیبێت.
گرووپی نارازی گۆرانیش بەھەردوو سەرکردەی پێشوویان “قادری حاجی علی و عوسمانی حاجی محمود “، بێدە نگی و دوورە پەرێزیان ھەڵبژاردووە، یەکێتیش ھەمیشە ھەڵەکانی دووبارە کردۆتەوەو، پێی وابووە ئەگەر بزوتنەوەی گۆران و ئۆپۆزیسێۆن پەرتو لاوازو کەم کاریگەر بکات دەتوانێت دەنگی دەنگە نارازییەکان بۆخۆی بباتەوە، ئەو کورتبینیەش ئەمجارەش دەیخاتە بەر ئەنجامێکی شوکھێنەر، ئەگەر دەنگدەر لە گۆران و نەوەی نوێش بێئومێدبن، بەمانای ئەوە نیە دەنگەکانیان بۆیەکێتی بروات، گومانیش لەوە نیە ئەگەر یاسای ھەڵبژاردنەکان پەسەند بکرێت و، دەرگای کۆمیسێۆن بۆ ناوی قەوارەو کاندید بکرێتەوە ئەوە لەسنووری سلێمانی چەندین لیست و قەوارەو کاندیدی نوێ دەبینین ، کە لیست یان کاندیەکانی کازمی لەپێشەوەی ئەو لیستانە دەبن ، سەردانە چروو پرەکەی کازمیش بۆ شارەکانی کوردستان ھەر لەم پێناوە دایە.