کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پاڵپشتى لوبنان دەکات
دوابەدواى تەقینەوەى بەندەری بیروت، کە لەئێوارەى سێشەممە روویدا، چەندین وڵاتی جیهانى پاڵپشتى خۆی بۆ حکومەت و دەوڵەتى لوبنانی نیشانداوەو، بەشێک لەوڵاتانیش دەستیان بەناردنى هاریکارییە مرۆیی و تەندروستییەکان کرد.
بەهۆى تەقینەوەیەکى بەهێزى بەندەرى بەیروت، دەیان کوژراو، هەزاران بریندار کەوتنەوەو، ترس و تۆقینێکى گەورەشى لەنێو هاوڵاتیان دروستکردووە، جگە لەزیانێکى ماددی گەورە بەناوچەکانى دەوروبەری رووداوە، هاوکات نەخۆشخانەکانیش لەماوەى چەند خوولەکێک پڕ لەبریندارانى رووداوەکە بوون، کە وەزیرى تەندروستى ناچار کرد ” پەنا بۆ نەخۆشخانەکانى دەرەوەى پایتەخت ببات”.
دەستبەجێ ئیدارەى کوشکی سپی دڵەراوکێی خۆی بەرامبەر زیانە مرۆییە چاوەڕوانکراوەکان نیشانداوە، کەبەهۆى تەقینەوەکە بەدیهاتوون.
لەو بارەیەوە گووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا رایگەیاند ” ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنزیکەوە چاودێری ڕاپۆرتەکانى تەقینەوەکەى بەیروت دەکات”، هاوخەمی خۆیشى بۆ زیان لێکەوتووان نیشانداوەو، ئامادەیی واشنتۆنى نیشانداوە لەپێشکەش کردنى هەر هاریکارییەک پێویست بێت.
هەروەها فەرەنسا کەیەکێکە لەوڵاتە هاوپەیمانەکانى بەیروت، پاڵپشتى خۆی بۆ لوبنان نیشانداوەو، لەلایەن خۆیشیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا لەهەژمارى تایبەتى خۆى لەتویتەر نووسیوویەتى ” دەست بەناردنى هاریکارى بۆ بەیروت کراوە”.
ماکرۆن لەتویتەرەکەى خۆى کەبەزمانى عەرەبی پەیامەکەى بڵاوکردۆتەوە دەڵێت ” پاڵپشتی خۆم بۆ برایانی لوبنانیم دواى تەقینەوەکە نیشاندەدەم، کەزیانێکى گەورەى لەقوربانیان و زیانی ماددی ئەم ئێوارەیە لەبەیروت دروست کرد، هەمیشە فەرەنسا لەتەنیشت لوبناوە دەوەستێت”.
ئاشکراشی کرد کە ” هاریکاریی وتوانایی فەرەنسا لەرێگایە بەرەو لوبنان”.
پێش لێدوانەکەى سەرۆکى فەرەنسا، ژان ئیف لۆدریان، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى پاریس روونیکردەوە ” فەرەنسا هەمیشە لەگەڵ لوبنان و لوبنانیەکان وەستاوەو، ئامادەشە هەموو هاریکارییەکان بەپێی پێداویستیەکانى کە دەسەڵاتدارانى لوبنانى داواى دەکەن پێشکەش بکات”.
گووتیشى ” دواى زیانەکانى تەقینەوەکەى بەیروت، فەرەنسا پرسەو سەرخۆشی خۆى پێشکەش بەبنەماڵەى قوربانیان دەکات و، هیواى چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت”.
سەرەڕاى هیچ پەیوەندییەکى دیپلۆماتى وسیاسی لەنێوانیان نیە، بەڵام سەرۆکى ئیسرائیل لەپەیامێکدا جەختى لەوە کردەوە ” وڵاتەکەى هاوخەمی خۆی لەرووداوەکەى لوبنان نیشاندەدات و، لەم کاتە هەستیارەکان ئامادەیە هاریکاریی مرۆیی پێشکەش بکات”.
تایبەت بەو پرسەش ئەفیخای ئەدرعی، گووتەبێژى سوپای ئیسرائیلی گووتى ” ئیسرائیل لەرێگەى راسپاردەى هەردوو وەزیرى بەرگرى و دەرەوەیدا پێشکەشکردنى هاریکاری خستۆتە بەردەم لوبنان”.
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانى بەریتانیاش هاوشێوەى وڵاتانى دیکە ئامادەیی نیشانداوە لەپاڵپشتى کردنى بەیروت و، لەهەژمارى تایبەتى خۆیشیدا هیمای بەوە کرد” وێنەو ڤیدیۆییەکانى نێو بەیروت شۆکێکى گەورەن و، دڵمان لەگەڵ قوربانیانى رووداوە ناخۆشەکەیە”.
لەنێو وڵاتانى عەرەبیش عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکى میسر هاوخەمی بۆ قوربانیانى رووداوەکەى لوبنان نیشانداوەو، هاوکات جێنیشینى ئیماراتى ئەبو زەبیش مەحمەد بین زاید ئەویش لەرێگەى هەژماری خۆیەوە ” نزای لوبنان کردووە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە حەسان دیاب، سەرۆک وەزیرانى لوبنان، لەرێگەى بانگەوازی بەپەلە داواى لەوڵاتانى دۆست و هاوپەیمان کرد، هاریکاری پێشکەش بەوڵاتەکەى بکەن.