رێکخراوێک راپۆرتێک لەبارەى نەوتى کوردستان بڵاودەکاتەوە
رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان، وەکو ڕێکخراوێکى تایبەتمەندى بوارى زانیارى نەوت و غازى سروشتى، بەگرنگى زانى کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار ئاڕاستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و دیوانى چاودێرى دارایى بکات لەبارەى “وردبینکردنى گرێبەستەکانى نەوت”ەوە.
ڕێکخراوەکە، بەگرنگ دەڕوانێت لەوردبینکردن لە گرێبەستەکانى نەوت و بڕواى وایە ئەگەر ئاڕاستەى دروست وەربگرێت هەنگاوێکى گرنگە بۆ دەستنیشانکردنى هەڵەکان.
بەگوێرەى ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان “پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبێ جیاوازى و بەیەک پاکێج هەموو گرێبەستەکان بخاتە بەردەستى دیوانى چاودێرى دارایى نابێت هیچ گرێبەستێک ببوردرێت لە وردبینیکردن”.
دۆر مەبەستیەتى “گرێبەستى ٥٠ ساڵەى هەناردەکردنى نەوت، ٢٥ ساڵەى غازى سروشتى، ڕوسنەفت، گرێبەستى ئەمبارکردن و هەناردەکردنى “تى پکۆ”، گرێبەستى فرۆشتن” بخرێتە بەردەستى تیمەکەى دیوانى چاودێرى دارایى، چونکە زۆترین گومان لەسەر ئەم گرێبەستانەیە.
هەر بەگوێرەى ڕاپۆرتەکە، دواى وربینکردنى تیمى”ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان بۆ بەشێک لە گرێبەستە نەوتییەکان، دەرکەوت “ئاڵوگۆڕ” لەپشکى حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکان ڕوویداوە، بەجۆرێک لەهەندێک شوێن پشکى کۆمپانیاکان هێندە زیادە چاوپۆشى لێناکرێت، چونکە پشکى کۆمپانیاکان بووە بە ٨٠%، پشکى حکومەتى هەرێمیش بووە بە ٢٠%، لەبارەى سروشتیدا پشکى کۆمپانیاکان دەبێت ٢٠% بێت.
وریا هەورامى بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هەموو گرێبەستەکانى حکومەتى هەرێم “بەرهەمێنانى هاوبەشە” سروشتى گرێبەستى “بەرهێنانى هاوبەش” وایە تاکەکەس دەتوانێت ئاڕاستەیان بکات، بۆیە بەڕێز ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکان بەرپرسیارە لەبارەى ناوەڕۆکى گرێبەستەکانەوە، بۆیە گرنگە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڕێزیان بانگهێشتى کوردستان بکاتەوە بۆ ئەوەى وەڵامى لیژنە پەیوەندیدارەکانى دامەزراوەکانى چاودێرى بداتەوە.
رێکخراوى دۆر پێى وایە، جێگەى پرسیارە کەرتى نەوتى هەرێمى تا پێش ساڵى ٢٠١٤ بەشێوەیەکى گشتى ٥٧ گرێبەستى هەبووە، بەپلەى یەکەم (دى ئێن ئۆ، وێنسترین زاگرۆس، گنەڵ ئینێرجى تورکى، مۆڵى هەنگارى، ئیم ئۆڤى نەمساوى، کەى ئین ئۆسى کۆرى)سودى یەکەم و دوومیان لێوەرگرتووە، بەڵام دواى ئەوە کۆمپانیاى گنەڵ ئینێرجى تورکى لە ١٤ى گرێبەستى هەرێمى کوردستان ناوى هەیە و بووە بە یەکەمى بێ ڕکابەر.
ووریا هەورامى بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى دۆرۆ بۆ زانیارى نەوتى کوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە “تیمى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان کە لە ساڵى ٢٠١٤ وە ٢٦ ڕاپۆرتیان لەبوارى نەوت و غازى سروشتى بڵاوکردووەتەوە، ئامادەن وەکو پاشکۆى وربینکردن ئاسانکارى و هاوکارى پێشکەشى دیوانى چاودێرى دارایى بکەن، ووتى: “وردبینکردنى گرێبەستەکانى نەوت ئەزموونێکى گرنگە بۆ کوردستان”.
بۆ خوێندنەوەى راپۆرتەکە ئێـرە کلیک بکەن، تەواوى راپۆرتەکە بخوێننەوە