هواوى بەردەوامە لەداهێنانى تەکنەلۆژی
گەورە کۆمپانیاى تەکنەلۆژی چینى نوێترین بەرهەمى کاتژمێری هۆشمەندی دەخاتە بازاڕەکان و، یەکێک لەگرنگترین تایبەتمەندییەکانى ئەو بەرهەمە نوێیە ئەوەیە باوکان و دایکان دەتوانن بەشوێن پێی منداڵەکانیان بچن.
هواوی، کەلەم چەند هەفتەى رابردوو توانى ببێتە یەکەمین گەورە کۆمپانیاى جیهانى لەپڕ فرۆشترین کۆمپانیاى بەرهەمهێنەرى مۆبایلى هۆشمەندو، کەرستەى تەکنەلۆژی و، بەپێش رکابەرە سەرسەختەکەى کۆریاى باشوور کۆمپانیای سامسۆنگ بکەوێت، کاتژمێری هۆشمەندی واتچ ئێسک 4 ـى خستە بازاڕەکان.
ئەو کاتژمێرە هۆشمەندە سیستەمى دەستنیشانکردنى ناونیشانەکانى تێدایە، کە دەتوانێت ناونیشانى منداڵەکان دەستنیشان بکات و، یارمەتی دایکان و باوکان بدات بۆ دۆزینەوەیان لەئەگەرى وونبوونیان.
هەروەها قەبارەى میمۆری ناوخۆیی یەک گێگابایتەو، میمۆری فەلاشیشی ١٦ گێگایە، لەگەڵ سیمێکى ئێن ئێف سی.
کۆمپانیا چینیەکە ڕایگەیاندووە ” دیزاینى کاتژمێرە نوێیەکەیان شتێکى نایابەو، دژە ئاویشە، کێشەکەشی بەهۆى دەستبەندی سیلیکۆن زۆر سووکە بۆ بەکارهێنانى”.
لەبارەى ڕەنگەکانیشی هواوی روونیکردۆتەوە ” چەندین ڕەنگیی زیندووی و گەشاوەى لەخۆ گرتووەو، کامێرای سێلفییەکەشى پێنج مێگاپێکسلەو، کامێرای دیکەشى تێدا جیگیر کراوە، کەکواڵیتیەکەى ٨ مێگاپێکسڵە، تواناى نمایشکردنى وێنەکانیشى لەسەر شاشەى ئەمۆلیدی ١,٤ ئینجی بەقەبارەى ٣٢٠ بە ٣٦٠ پێکسڵ هەیە”.
لەبارەى پاترییەکەشى کە دەتوانرێت چارچ بکرێتەوە، قەبارەکەى ٨٠٠ میللی ئەمپێرەو، تواناى کارکردنى ٤٨ کاتژمێری بەبێ شەحنکردنەوە هەیە.
زەبەلاحەکەى پەکین، کەئێستا لەسەر تەختى یەکەمى جیهانى دانیشتووە، داهێنان و، پێشکەوتنى زیاتر لەبوارى مۆبایلی و کاتژمێری هۆشمەندی بەستراوی ئەنتەرنێت ئەنجامبدات و، پێشیش لەرکابەرەکانى وەک ئەپڵ و سامسۆنگ بگرێت.
سەرەڕاى ئەو فشارانەى لەلایەن ئیدارەى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دژى دەکرێن، بەڵام توانیویەتى رێژەى فرۆشتنەکانى خۆى لەسەرووى چاوەڕوانییەکانەوە لەوەرزى دووهەمی ئەمساڵدا تۆمار بکات.
گرنگترین ئەو هێرشانەى واشنتۆن دژی هواوی، راگرتنى سیستەمى نەوەى پێنجەمی 5Gـى ئەو کۆمپانیایە، کەدۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا بەبێ خستنەرووى بەڵگە بەسیخورى تۆمەتباری دەکات.
لەدواى دەستبەکاربوونى ترامپ، وەک سەرۆکى کوشکی سپی، شەڕێکى بازرگانى دژى دووهەم زلهێزی ئابوورى جیهانى ڕاگەیاندووەو، هواویش بووەتە یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانى ئەو جەنگە.
هەرچەندە پێشبینى دەکرێت ئەپڵ بتوانێت پارێزگارى لەبازاڕى کاتژمێری هۆشمەند بکات، کەئێستا رێژەکەى سەدا ٣٨ ـى کۆى گشتى بازاڕى جیهانەو، پشکى شێری بەرکەوتووە، بەڵام ئەگەرى ئەوە هەیە رکابەرە چینیەکەى بەهێمنی ئەو پێگەیەشى لێوەربگرێتەوە.
پێشبینى کراوە لەمساڵەدا ئاستى فرۆشتنەکانى کاتژمێری هۆشمەند لەجیهاندا بۆ سنوورى ١٠١ ملیۆن یەکە بەرز ببنەوە.