هاریکارییەکانى لوبنان بەئەنجامدانى “لێکۆڵینەوە” بەستراونەتەوە

پ

سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان داوا لەحکومەتى لوبنان کردووە، لێکۆڵینەوەیەکى “گشتگیر و شەفاف” لەتەقینەوەکەى بەندەری بەیروت بکات، کەبووە هۆى وێرانبوونى یەک لەسەر سێی ئەو پایتەختە.

لێدوانەکەى دۆناڵد ترامپ لەچوارچێوەى بەشدارییکردنى کۆنگرەى نێودەوڵەتى هاریکاریکردنى لوبنان ڕاگەیاندووە، کە لەلایەن فەرەنساوە رێکخراوە.

لەچواری ئابی ئەمساڵدا، تەقینەوەیەکى بەهێزی بەندەرى بەیروت دەهەژێنێت و، پانتایی ئەو تەقینەوەیە بەشێوەیەک فراوان دەبێت، کەلەوڵاتانى دراوسێی لوبنان دەبینرا، جگە لەوەش بووە هۆى کوژرانى سەرووى ١٥٠ کەس و، برینداربوونى هەزاری دیکە.

بەگووتەى دەسەڵاتدارانى بەیروت، تەقینەوەکە بەهۆى ئاگرتێبەربوونى کۆگایەک بووە، کە ٢٧٥٠ تۆن، ماددەى نیتراتى ئەمۆنیۆمی تێدا عەمبار کراوە، کە لەساڵى ٢٠١٣ ـەوە لەلایەن حکومەتەوە دەستى بەسەردا گیرابوون.

لەشەممەوە چالاکوانانى لوبنانى لەرێگەى خۆپێشاندان وناڕەزاییەتیەکان هەڵمەتی فراوانیان ئەنجامداوە بۆ سزادانى تومەتبارانى ئەو رووداوە خوێناوییەى وڵاتەکەیان و، چەندین داری لەسێدارەکانیان لەنێو گۆڕەپانە سەرەکییەکانى بەیروت جێگیر کردووەو، ڕایانگەیاند ” توڕەییەکانیان بەرۆژێک کۆتایی نایەت” و، ئامادەش نین بەئاسانیی دەستبەرداری داواکارییەکانیان بن.

خۆپێشاندەرانى بەیروت بەدروشمی “رۆژى سزادان”، دوو رۆژە رژاونەتە سەرشەقام و، داواى رۆیشتنى دەسەڵاتدارانى لوبنان دەکەن، کەچەندین دەیەیە جومگەکانى دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە.

سەرۆکایەتى ئەمەریکا روونیکردۆتەوە ” ترامپ داواى هێمنى لەلوبنان کردووەو، پشتگیرى لەخواستى خۆپێشاندەرە ئاشتییەکەى لوبنانیش دەکات بۆ ئەنجامدانى شەفافیەت و، چاکسازی و بەرپرسیارێتى هەڵگرتنى شکستەکان”.

لەلایەکی دیکەشەوە بەخششە نێودەوڵەتیەکان لەرێگەى کۆنگرەیەکى ڤیدیۆیی، کە لەلایەن پاریسەوە ڕاگەینراوەو، چەندین وڵاتى عەرەبی و رۆژئاوایی بەشداریی تێدا کردووەو، بڕیاریانداوە بەخێرایی هاریکاریی پێشکەش بەو لوبنانە لێقەوماوە بکەن.

لەدەستپێکی کۆنگرەکەش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەرەنسا هیماى بەوە کردووە ” پێویستە بەخێرایی و کارا بجوڵێینەوە، دەبێت یارمەتیەکانیش ڕاستەوخۆ بگاتە دەستى ئەوانەى پێویستیان پێیەتى”، دووپاتیکردەوە ” داهاتووی لوبنان لەمەترسیدایە”.

روونییکردەوە ” خستنەرووى هاریکارییەکان ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکى سەربەخۆیی خاوەن مسداقیەت لەتەقینەوەکەى بەندەرى بەیروت لە ٤ ئابی ئەمساڵدا لەخۆ گرتووە”.

تەقینەوەکەش لەکاتێکدا بووە، ئەو وڵاتە چەندین مانگە رووبەرووى قەیرانێکى ئابوورى مەترسیدار بووەتەوە، کەبووەتە هۆى داڕمانى بەهای لیرەى لوبنانى و، ڕاگرتنى وەبەرهێنان، تا قۆناغێک دەوڵەت تواناى دابینکردنى مووچەى نەمابوون.