سکاڵا لەدژى ٤١ سەرکردەى میلیشیاکانى عێراق تۆمار دەکرێت

پ

رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى عێراقی لەویلایەتە یەکگرتووەکان بەنیازە سکاڵایەکى یاسایی لەدادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لەلاهاى، دژى بەرپرسان و، سەرکردەى میلیشیا نزیکەکانى ئێران، بەتومەتى کوشتنی خۆپێشاندەران تۆمار بکات.

عەلى فازڵ، سەرۆکى رێکخراوى ئەمەریکی – عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لەهەژمارى تایبەتى خۆى لەتویتەر نووسیوویەتى ” لەو سکاڵایەى لەدادگا بەرز دەکرێتەوە، کۆمەڵێک بەرپرسی سیاسیی و ئەمنى و سەرکردەى میلیشیایی لەخۆ گرتووە”.

تاوەکو ئێستا روون نیە، دادگاى لاهاى ناوەرۆکى سکاڵاکە پەسەند دەکات، یاخود ڕەتیدەکاتەوە، وەک داواکارەکە باسى لێوە کردووە ” سەرەتا ڕەتکراوەتەوە، چونکە مەرجە یاساییەکانى لەخۆ نەگرتبوو”.

لەدواى سەرهەڵدانى خۆپێشاندانى جەماوەریی لەبەغداو، زۆربەى شارەکانى باشوورى عێراق دژى گەندەڵى و، دەستێوەردانى عێراق، میلیشیا چەکدارەکانى عێراق، بەزەبری هێزى دەستیان سەرکووتکردنى خۆپێشاندەران کردو، سەدان کەسیان لەخۆپێشاندەرە مەدەنییەکان کوشت و، هەزارانی دیکەش برینداربوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش نزیکەى ٥٨٠ کەس لەخۆپێشاندەران کوژراوەو، ژمارەى بریندارانیش ٢٦ هەزار کەسى تێپەراندووە، بەڵام بەشێوەیەکى فەرمیی هیچ لایەنێکى میلیشیاکان بەو تاوانە تومەتبار نەکراوە.

هاوکات فائیق شێخ عەلی، ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەهەژمارى خۆی لەتویتەر ڕایگەیاند ” سکاڵاکە ٤١ بەرپرسى عێراقی و، سەرکردەى میلیشیا نزیکەکانى تاران لەخۆ گرتووە، گرنگترینیان فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی یە، کە لەکاتى خۆپێشاندانەکاندا لەپۆستى راوێژکاری ئاسایشى نیشتیمانى و، سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بووە”.

سەرەڕاى سەرکەوتنى خۆپێشاندەران بەناچار کردنى عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى پێشوو دەست لەپۆستەکەى هەڵبگرێت و، حکومەتێکى نوێ بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمی پێکبهێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش خۆپێشاندانەکانى گۆڕەپانى تەحریرو چەند شارێک بەردەوامییان هەیە.

بەڵام قەبارەى خۆپێشاندانەکان بەبەراورد لەگەڵ سەرەتاکانی لەمانگەکانى تشرینى یەکەم و، تشرینى دووهەم تاکۆتایی ساڵى ٢٠١٩ کەمترە، ئەویش بەهۆی مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنایە، کەئێستا بەشێوەیەکى بەرچاو رووى لەزیادبوون کردووە.

پەرلەمانتارەکەى بەغدا ئەوەشى دووپاتکردۆتەوە ” لیستەکە لەفەیاز دەست پێدەکات و، بەحامید جەزائیری کۆتایی دێت، هادی عامری، ژمارە شەشە لەلیستەکە”.

زۆربەى راپۆرتەکان دووپاتیانکردۆتەوە ” میلیشیا عێراقییە پاڵپشتیکراوەکانى ئێران، رۆڵى سەرەکییان لەسەرکووتکردنى خۆپێشاندەران هێناوە”، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، خۆپێشاندەرە عێراقییەکان دژى دەستێوەردانى تاران و، دەسەڵاتى میلیشیاکان بوونە.