تورکیا حەوت چەکداری “پژاک”ـی کردۆتە ئامانج
پارتێکى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ” فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا حەوت چەکداری هێزەکانیانی کردۆتە لەهەرێمى کوردستان کردۆتە ئامانج”، روونیشیکردۆتەوە ” لەپاڵ ئەو حەوت چەکدارە دوو لایەنگری پارتەکەیان لەنێو ئامانجکراوەکاندا بوون”.
پارتى ژیانەوەى ئازادی کوردستان “پژاک”، کە نزیکى پارتى کرێکارانى کوردستان “پەکەکە”ـیە، لەرۆژهەڵاتى کوردستان و، دژى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامی شەڕی سەربەخۆیی کورد لەو پارچەیەى کوردستان دەکات، لەڕاگەینراوێکدا کوژرانى حەوت چەکداریان بەفرۆکە جەنگییەکانى تورکیا لەهەرێم پشتڕاستکردۆتەوە.
پژاک لەراگەینراوەکەیدا باسى لەوە کردووە ” لەماوەى رابردوو دەوڵەتى تورکیا دوو هێرشی کردۆتە سەر ناوچەى شارباژێر، کە هێرشی یەکەم لە ٤ ئاب، لەرێگەى فرۆکەیەکى بێفرۆکەوان نزیک چیاى ئاسۆس بووەو، هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە، تەنها زیانی ماددی بەناوچەکە گەیاند”.
گووتیشى ” هێرشەکەى دیکە لەرێگەى فرۆکە جەنگی لەرۆژى ٧ تەمموزی رابردوو لەسنوورى چیاى بالوسە بوون و، بووە هۆى شەهید بوونى حەوت کادیری یەکەکانیان و، دوو هاوڵاتی مەدەنیش بوونە قوربانی هێرشەکە”.
سەرەڕای ڕەوشە ناسەقامگیرییەکەى هەولێر، بەهۆى قەیرانە ئابووری و سیاسییەکەى و، بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەهەمان کاتدا بووەتە گۆڕەپانێکى یەکلایی کردنەوەى ململانێیە سەربازییەکانى تورکیاو ئێران، بەتایبەت بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکەو پژاک کە لەچیاکانى ئەو شارە چەندین بارەگاو موڵگەیان هەیە.
هەرچەندە هەرێمى کوردستان، وەک بەشێکى دەستوورى عێراقە، تاڕادەیەک بۆ زۆربەى پارچەکانی دیکەى کوردستان لەئێران، تورکیاو سووریا جێی بایەخە، بەڵام بەرپرسانى هەرێم تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکى ئەرێنیان نەبووە، بۆ پشتگیری کردن لەهێزەکانى دیکەى کوردستان، بەڵکو دژایەتى کردوون.
بەبەراورد لەگەڵ هەولێر، حکومەتى بەغدا هەڵوێستى زۆر تووندتر بووە لەبەرامبەر هێرشەکانى ئەنکەراو، چەندین جار یادداشتنامەى ناڕەزایی پێشکەش کردووە، بەڵام سوپاى تورکیا سوورە لەهێرشەکانى و، کردنەوەى سەربازگەى نوێ لەسنوورى هەولێر، کە پێگەى جوگرافی پارتى دیموکراتى کوردستانە.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەناوەڕاستى حوزەیرانەوە ئەنکەرا ئۆپەراسیۆنى “چەپۆکی پڵند”ـى سەربازی لەهەرێمى کوردستانى عێراق دەستپێکردووەو، زیانێکى ئابوورى و کشتوکاڵى زۆر بەگووندەکانى کوردستان گەیاندووە، بەئاستێک تاوەکو ئێستا ١٥٠ گووند لەترسی فرۆکە جەنگییەکانى تورکیا چۆڵکراون.
لەو ساتەى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا دەستى پێکردووە، پێنج هاوڵاتی مەدەنى بوونەتە قوربانى، ئەنکەرا کوشتنى دوو سەربازی ڕاگەیاندووەو، پەکەکەش باسى یەک شەهید دەکات.