دەسەڵاتدارانى هەرێم مۆڵەتى شۆفێری دەفرۆشن

پ

رێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى بانگەوازێک بڵاودەکاتەوە بۆ ڕاگرتنى رادەستکردنەوەى مۆڵەتى شۆفێری بەکەرتى تایبەت، هاوکات ئاماژەى بەوەشداوە ” هاوڵاتیان تواناى دەرهێنانى مۆڵەتى شۆفێرییان نابێت”.

رێکخراوى دیدارى ئاشتى بۆ مافی مرۆڤ، لەڕاگەینراوەکەى خۆیدا کەوێنەیەکى دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە جەخت لەوە دەکاتەوە ” لەم وڵاتە ژیانمان تەواوی دراوەتە دەست ئەو کۆمپانیایانە خوێنمژانەی سەر زەوی و ژێر زەوی ئەم وڵاتەیان داگیر کردووە”.

روونیشیکردۆتەوە ” ھەوڵێک ھەیە کە دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری بدرێتە کەرتی تایبەت”.

ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتى هەرێم لەبرى چارەسەرکردنى خراپی بژێوى خەڵک و، کەمکردنەوەى رێژەى هەژاری و، پێدانى مووچە بەفەرمانبەران کەتاوەکو ئێستا لەساڵى ٢٠٢٠ تەنها دوو مووچەیان وەرگرتووە، بارگرانى زیاترى بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە.

بەجۆرێک زۆربەى سێکتەرەکانى تەندروستى، پەروەردەو، چەندان سێکتەرى دیکەى ڕادەستى کۆمپانیا تایبەتیەکان کردووە، کەزۆربەیان لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستان و، یەکێتى نیشتیمانى کوردستانەوە بەرێوەدەبردرێن.

رێکخراوی دیداری ئاشتی بۆ مافى مرۆڤ دەشڵێت ” بۆ ھەر مۆڵەتێک گەنجێکی فەقیر بجێت مۆڵەت دەربھێنێت بە ٣٠٠٠٠٠ تا ٤٠٠٠٠٠ ھەزارە”.

پرسیاری ئەوەشی کردووە ” گەنجێکى قوتابی بێ پارەو بێحاڵ گەر بیەوێت موڵەتى هەبێت، لەکوێ ئەو بڕە پارەیە بهێنێت”.

لەماوەى رابردووش حکومەتى هەرێم بیانووی ئاسانکاری بۆ رایی کردنى مامەڵەى هاوڵاتیان لەبەرێوەبەرایەتى هاتووچۆ، بەشى ڤی ئای پی کردەوەو، لەوێوە هەر کەسێک بیەوێت پارەى زیاتر بدات، موڵەت و کارەکانی بەخێراتر ڕایی دەکرێت.

دەسەڵاتدارانى هەرێم بەپلانێکى تۆکمەو، بەئەنقەست کاریان لەسەر وێرانکردنى سێکتەرە ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە، بۆ ئەوەى بدرێتەوە کۆمپانیا حیزبیەکان و، کار لەسەر هەڵتەکاندنى گیرفانە دڕاوەکانى خەڵک بکەن.