شیڤرۆن دەگەرێتەوە عێراق
پاش ئەوەى بۆ چەندین ساڵ لەبلاک لیستى حکومەتى عێراق بووە، بەهۆى وەبەرهێنانى لەکێڵگە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەیەکە کۆمپانیاى زەبەلاحی نەوتى ئەمەریکی شیڤرۆن، سەرقاڵى دانووستاندنى وەبەرهێنانە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەى لەیەکێک لەکێڵگە زلهێزەکانى باشوورى ئەو وڵاتە کار بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەى “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” کۆمپانیاى ” شیڤرۆن خەریکی گفتوگۆیە بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لەکێڵگەکانى ناسڕییە بکات، کەخاوەنى ٤,٤ ملیار بەرمیل نەوتى خاوی تێدایە”.
رۆژنامەکە باسى لەوەشکردووە ” کۆمپانیا ئەمەریکییەکەو حکومەتى بەغدا پلانیان داڕشتووە بەشێوەیەکى سەرەتایی یادداشتنامەیەکى پەرەپێدانى ئەو کێڵگە زەبەلاحە واژۆ بکەن، دواتر رێکەوتننامەیەکى بنەڕەتى ڕابگەینرێت”.
پێشبینى ئەوەشکراوە ” ئەو پرۆسەیە لەچوارچێوەى سەردانەکەى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى فیدراڵى بۆ واشنتۆن بەرێوەبچێت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە شیڤرۆن، لەماوەى رابردوو لەلایەن وەزارەتى نەوتى بەغداوە، لەنێو لیستى ڕەشى ئەو وەزارەتە بووە، چونکە بەبێ ڕەزامەندی ئەو وەبەرهێنانى لەکێڵگە نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان کردووە، کەبەگووتەى بەغدا ” پرۆژەکانی نایاسایین و، بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەند گرێبەستى ئەنجامداوە”.
یەکێک لەتایبەتمەندییەکانى گرێبەست لەگەڵ شیڤرۆن بۆ عێراق، دابینکردنى ئامێری ئاڵۆزو پێشکەوتووی تەکنەلۆژیی وەبەرهێنانە لەکێڵگە نەوتیەکانە لەلایەن ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە کەبەغدا پێویستیەکى زۆری پێی هەیە.
دەربارەى ناوەرۆک و شێوەى ئەو گرێبەستە، گووتەبێژى شیڤرۆن ئامادە نەبووە لێدوان بۆ رۆژنامەکەى ئەمەریکا بدات، تەنها روونیکردەوە ” ئەوان لەسەر بابەتە بازرگانیەکان لێدوان نادەن”، لەبەرامبەریشدا گووتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق، هیچ روونکردنەوەیەکى لەبارەى راپۆرتەکەى وۆڵ ستریت جۆرنال نەبووە.
لەدواى ساڵى ٢٠٠٩ ـەوە، کێڵگەى ناسرییە لەباشوورى عێراق، خرایە بەرزکردنەوەى ئاشکراوەو، لەلایەن هاوپەیمانیەکی ژاپۆنی بۆ وەبەرهێنان لەو کێڵگەیە بەرێوەچوو، بەڵام گفتوگۆییەکان زۆری پێنەچوو شکستیان هێنا.
ئەوکات وەزارەتى نەوتى بەغدا باسى لەوەکرد ” هەریەک لەشیڤرۆنى ئەمەریکی، ئینی ئیتاڵى و، جەى ئێکس نیپۆنی ژاپۆنى گرنگیی خۆیان بۆ پەرەپێدانى کێڵگەکە نیشانداوە”، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەپرۆسەى کارکردنى ئەو کۆمپانیانە رووینەدا.
ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەنجامدانى گرێبەست لەگەڵ شیڤرۆن لەلایەن کازمییەوە، باڵانسى ئەو کەسایەتیە لەنێو کوشکی سپی بەهێزتر بکات و، پشتیوانى زیاترید دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەست بهێنێت.