سوید ماوەی زیندانی کردنى بەرپرسێکى ئێرانى درێژ کردەوە
دادگایەکی سووید بڕیاری دەستبەسەر کردنى دادوەرێکى ئێرانى بۆ چوار هەفتەى دیکە، تا ١٦ ئەیلوولی داهاتوو درێژ کردەوە، بۆ ئەوەى درێژە بەدادگایی کردنى ئەو بەرپرسەى ئێرانى بدات، کە تومەتبارە بە لەسێدارەدانى “زیندانە سیاسییەکانى وڵاتەکەى لەساڵى ١٩٨٨”.
ئیراج مسداقی، نووسەرو، گیراوی پێشووی سیاسی و، یەکێک لەدەربازبووەکانى لەسێدارەکانى ١٩٨٨، کەهاوکات یەکێکە لەداواکارەکانى کەیسى حەمید نوری، دادوەری دەستگیرکراوی ئێرانی، لەهەژمارەى خۆی لەتویتەر ڕایگەیاند ” دادگا بڕیاری درێژ کردنەوەى تومەتباری داوە، لەگرتووخانەى تاکەکەسی”.
هیماى بەوەشداوە ” نوری لەزیندانیەکى تاکە کەسیدایەو، کۆمەڵێک کۆتیش لەلایەن دادگاوە لەسەر داواى داواکاری گشتى بەسەردا سەپێنراوە، بۆ ئەوەى رێگرى لەهەڵاتنى بکرێت، یاخود دەستکاریی بەڵگەنامەکانى کەیسەکە بکات”.
ئەو نووسەرەى ئۆپۆزسیۆنەى رژێمى ئێران ئومێدەوار بووە بەشێوەیەکى کۆتایی لەسەرەتاى ساڵى داهاتوو لەستۆکهۆڵم نوری دادگایی بکرێت.
ئەو دادگایەى ستۆکهۆڵم دادوەرە ئێرانییەکەى بە ئەنجامدانى ” تاوانی جەنگ، تاوانى دژى مرۆڤایەتى و، ئەشکەنجەدان و، بەشداریکردن لەتاوانى هاوشێوە، لەڕادەست نەکردنەوەى تەرمی لەسێدارەدراوەکان بەخاوەنەکانیان” تومەتبار کردووە.
بەتایبەت ئەو کاتانەى نوری لەساڵى ١٩٨٨ جێگرى داواکارى گشتى گرتووخانەى کوهردەشتى ئێرانى بووە.
مسداقی لەپرۆسەى دەستگیرکردن و دادگایی کردنى دادوەرەکەى تاران، رۆڵێکى سەرەکیی دەگێرێت وەک گەواهیدەرێکى پرۆسەکانى لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ.
لەسێدارە بەکۆمەڵەکانى ئێران لەهاوینى ساڵى ١٩٨٨ بەفەتوایەکى روحەڵلا خومەیەنى، رابەرى پێشووى رژێمى ئێران ئەنجامدراوە، ئەوکات لەرێگەى “لیژنەکانى مەرگ”، بەئەندامێتى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکى دەسەڵاتى داوەری ئێستاو، مستەفا پورمەحمەدی، وەزیرى پێشووی داد، غولام حوسێن موحسنی ئیجئی، یاریدەدەرى سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى و، چەندین بەرپرسى ئاسایش و هەواڵگری و، سەرۆکەکانى گرتووخانەکانى ئێران بەرێوەچووە.
بەگووتەى گیراوە سیاسییەکان، کە لەو پرۆسەیە ڕزگاریان بووە ” زۆربەى ئەوانەى لەسێدارە دراون، ماوەى سزایەکانیان تەواو کردبوو، بەشێکیان ئامادە نەبوون (نامەى تۆبە کردن) واژۆ بکەن”.
لەتەمموزی رابردوو رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتی ئیدانەى لێدوانەکانى پورمەحمەدی، راوێژکارى سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى ئێرانى کرد، کاتێک بەرگرى لەو کوشتارەى وڵاتەکەى کردووە، بەگووتەى ئەو بەرپرسەى تاران ” بڕیارەکان لەژێر فەرمانیی رژێمى ئێران بەرێوەچووە”.
رێکخراوەکە جەختى لەوە کردەوە ” لێدوانەکانى رەئیسی، کەهەمان هەڕەشەى لەکەسوکاری قوربانیانى لەسێدارەدراوەکانی ساڵى ١٩٨٨ کردووە، ئیدانە دەکەن”.
لەلایەن خۆیەوە میشێل باتشێلت، کۆمیسیۆنى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافى مرۆڤ داواى سزادانى بەرپرسە تومەتبارەکانى پرۆسەى کوشتنى بەکۆمەڵى ساڵى ١٩٨٨ ئێران کردووە.
بەپێی زانیارییەکانى نووسینگەى داواکاری گشتى سوید “حەمید نوری، تومەتبارە بەپێشێڵکردنى یاساى نێودەوڵەتى، لەرێگەى تاوانى دژى مرۆڤایەتى و، کوشتن، هاوکات بەشداریش بووە لەکوشتنى گیراوانى سیاسی لەئێران”.
باسى لەوەکرد ” کەیسەکە لەلایەن یەکەى تاوانى رێکخراوى نێودەوڵەتى سەر بەنووسینگەکەیان لەژێر لێکۆڵینەوە دایە”.