ئەمەریکا داواى هەڵوەشانەوەى “میلیشیاکان” لەعێراق کرد
ویلایەتە یەکگرتووەکان داوا لەعێراق دەکات کار بۆ “هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم گرووپە چەکدارەکانى سەر خاکەکەى” بکات، بەتایبەت ئەوانەى لەژێر دەسەڵاتى سەرۆک وەزیراندا نیە.
لێدوانەکانى مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەى بووە، کە ئامادەسازی دەکرێت ئەمرۆ پێنجشەممە هەریەک لەدۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکاو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکوشکی سپی کۆببنەوە.
پۆمپیۆ ئاماژەى بەوەداوە ” پێویستە بەخێرایی پۆلیسى ناوخۆیی جێگەی ئەو گرووپانە بگرێنەوە”، گووتیشى ” بەدکتۆر فوئادمان گووتوە، ئێمە دەتوانین هاوکاریان بین و، یارمەتیانیش دەدەین”.
وەزیرەکەى دەرەوەى واشنتۆن ناوی هیچ گرووپێکى نەهێناوە، بەڵام سەردانەکەى کازمی لەکاتێکدایە هێرشە مووشەکییەکانى میلیشیاکان بەشێوەیەکى بەردەوام بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکاى کردۆتە ئامانج، ئەوەش گەورەترین بەڕەنگارییە لەبەردەم سەرۆک وەزیران لەدواى دەست بەکاربوونى لەپۆستەکەى لەئایاری رابردوو.
باسى لەوەشکرد ” گفتوگۆمان لەبارەى ئەوە کردووە چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان یارمەتیدەرى عێراق بێت، بۆ ئەوەى عێراقێکى سەقامگیرترو ئاسایشتر بێت”.
بەڵێنى ئەوەشى بەهاوتا بەغداییەکەى داوە ” پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکانى عێراق بکات، بۆ ئەوەى هێزى میلیشیاکان کەگەلى عێراقی دەتۆقێنن کەمتر بکەنەوەو، سەروەرى وڵاتەکەشیان بگەرێتەوە”.
سەرەڕاى ئەوەى هەردوو پایتەخت لەدواى حوزەیرانەوە لەواشنتۆن گفتوگۆی ستراتیژییان دەست پێکرد، بەڵام ئیدارەى ترامپ کار لەسەر کەمکردنەوەى هێزە سەربازییەکانى لەو وڵاتە دەکات.
پۆمپیۆ؛ بەشێوەیەکى ووردتر ئامادە نەبوو، وادەى دیاریکراوى کشانەوەى هێزەکانیان دیاری بکات.
بەپێی ئامارە فەرمیەکان نزیکەى ٥٠٠٠ سەربازی ئەمەریکی لەخاکی عێراقدا جێگیر بوونەو، ئامانجیان بەڕەنگاربوونەوەى گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانە، بەتایبەت گرووپی داعش.
بەڵام میلیشیاکانى حەشدی شەعبی، کەبەشێکیان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن، داواى کشانەوەى ئەو هێزانە دەکەن و، لەماوەى رابردووش دواى کوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس لەنزیک فرۆکەخانەى بەغدا لەرێگەى پەرلەمانەوەى یاساى دەرکردنى هێزە بیانیەکان، بەتایبەتى ئەمەریکى دەرکرد.
لەلایەن خۆیشیەوە فوئاد حوسێن، باسى لەئەنجامدانى پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ کردووە، بەبێ دەستێوەردان لەکاروباریان.
گووتیشى ” کۆمەڵێک یادداشتننامەى لێکگەیشتن لەگەڵ واشنتۆن لەبواری تەندروستى و ئەمنى واژۆ دەکرێن”.
یەکێک لەو گرێبەستانەش چاوەڕوان دەکرێت واژۆ بکرێت، گرێبەستى کۆمپانیاى شیڤرۆنە، بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لەکێڵگەیەکى نەوتى ناسڕییە بکات.