تورکیا لەنێو باکوورى کوردستان ئۆپەراسیۆنى سەربازی ئەنجامدا
تورکیا بەردەوامە لەپێشێڵکارییە سەربازییەکانى لەناوچە کوردییەکان لەباکوورى کوردستان و، هەرێمى کوردستانی عێراق، بەتایبەت لەبەزاندنى سەروەرى خاکی عێراق و، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازی دژى کوردەکان بەبیانووى ڕاوەدونانى گەرێلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، کەبەگووتەى ئەنکەرا “رێکخراوێکى تیرۆریستیە”.
لەو چوارچێوەیەش وەزارەتى ناوخۆیی حکومەتى ئەنکەرا، ئۆپەراسێۆنێکى سەربازی لەنێو ویلایەتى بینگولی باکوورى کوردستان دژى پەکەکە دەست پێکردووە.
لەڕاگەینراوێکشدا ئەو وەزارەتى ئاماژەى بەوەداوە ” ئۆپەراسیۆنى یوڵدرم – ٦ بەئامانجی دەرکردنى رێکخراوە جوداخوازییەکان لەخاکی تورکیا دەستپێکردووەو، سنووردار کردنى تیرۆریستان کە لەو ناوچەیە چالاکن”.
بەپێی ئاژانسى ئەنادۆڵى فەرمیی ئەو وڵاتە ” ٧٠٠ چەکداری هێزەکانى پۆلیس وجەندرمەو، پاسەوانە ئەمنییەکان لەو ئۆپەراسیۆنە بەشدارن”.
وەزارەتى ناوخۆ باسى لەوەکردووە ” ئۆپەراسیۆنەکانى یوڵدرم ١،٢،٣،٤،٥ سەرکەوتوو بووە لەتێکشکاندنی موڵگەى رێکخراوەکەو، دەستیش بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنى گیراون”.
تورکیا زیانێکى زۆرى بەزەوییە کشتوکاڵییەکانى هەرێمی کوردستان گیاندووە
تورکیا پەکەکەی لەدواى دروستبوونیەوە بەرێکخراوێکى تیرۆریستى هەژمار کردووەو، بەگووتەى خۆیشى تومەتبارە بەکوشتنى نزیکەى ٤٠ هەزار کەس.
بەو بیانووەش سوپاى ئەنکەرا لەدواى ٢٠١٥ ـەوە، چەندین هێرش وئۆپەراسیۆنى دژى موڵگەکانى ئەو پارتە لەباکوورو باشوورى کوردستان وخاکی عێراق ئەنجامداوە، بەتایبەت دواى گورزە کوشندەکانى پەکەکە دژى سوپاى ئەو وڵاتە.
هێرشەکانى تورکیاش بەتایبەت لەدواى حوزەیرانى رابردوو، لەهەرێمى کوردستان بووەتە هۆى کوژرانى چەندین هاوڵاتى مەدەنى لەو ناوچەیە، جگە لەوێرانکردنی چەندین زەوی کشتوکاڵی و، ناچار کردنى دانیشتووانى گوندەکانى سنوور لەچۆڵکردنى موڵکەکانیان.
حکومەتى بەغدا بەروونى و ئاشکرا سەرکۆنەى هێرشەکانى دراوسێیە باکوورییەکەى سەر خاکەکەى و گەلەکەى کردووەو، داواشى لەکۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە، هەنگاوی گەورەتر بهاوێت بۆ ڕاگرتنى پێشێڵکارییەکانى ئەنکەرا.
ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەو هێرشانە بەهێزکردنى شوێن پێی خۆیەتى لەناوچەکانى هەرێمى کوردستان و، مەترسییەکانى هەرێمیش بۆ سەر باکوورى کوردستان لەداهاتوو لاواز بکات، جگە لەوەش چەند ساڵێک لەمەوپێش ئەنکەرا سەربازگەیەکى نزیک موسڵ دروستکرد، بەبیانووى بەڕەنگاربوونەوەى داعش بوو، بەڵام بەغدا بەروونى دژایەتى کردو، داواى کشانەوەى دەستبەجێی ئەو هێزانە کرد.
ئەنکەرا لەبارەى هێرشەکانیەوە دەڵێت ” هەریەک لەحکومەتى عێراق و ئیدارەى هەرێم هەنگاوی جددیان دژى ئەو پارتە ئەنجامنەداوە، ناچارن خۆیان ئەرکەکە لەئەستۆ بگرن”.
بەڵام لەئۆپەراسیۆنەکانى خۆیدا سوپاى تورکیا ئامادە نیە، زیانەکانى لەو شەڕەی بەرامبەر پەکەکە ئاشکرا بکات، کە چەندین گورزی کەمەر شکێنى بەرکەوتووە، بەتایبەت لەناوچە سنوورییەکان.
پەکەکە توانیویەتى زیانێکى گەورە لەو سوپایە بدات و، زۆربەى چالاکییەکانیشى لەنێو خاکی تورکیا بووە، نەوەک لەنێو هەرێمى کوردستان.