واشنتۆن رژێمى ئێران بەدرۆ دەخاتەوە

سەرۆکى گرووپی کارى تایبەت بەئێران لەوەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەڵوێستەکانى ئەمدواییەى کۆمارى ئیسلامی ئێران ڕەتکردۆتەوە، کە “گوایە سزایەکانى ئەمەریکا کاریگەرى لەسەر پرۆسەى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو وڵاتەکەى دروست کردووە”.
براین هۆک، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئێوارەى پێنجشەممە رایگەیاند ” زۆربەى ئەو داهاتانەى رژێم لەرێگەى فرۆشتنى نەوت و بەرهەمەکانى دیکەوە بەدەستى دەکات، پارەدارکردنى تیرۆر لەجەنگە دەرەکییەکاندا دەکات”.
گووتیشى ” بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر تەنها سەدا ١٠ ـى ١٦ ملیار دۆلار کە لەکۆمارى ئیسلامی لە ٢٠١٢ ـەوە بەسەر سیستەمى چارەسەرییەکان خەرج بکردبا، ئێستا لەڕەوشێکى باشتر دەبوو”، بەپێی قسەکانیشى ئەو پارەیەى بۆ پارەدارکردنى میلیشیاکان و جەنگەکان خەرج دەکات ملیارەها دۆلارن.
دەسەڵاتدارانى ئێران لەگەڵ تەشەنە کردنى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەسەرتاسەرى وڵاتەکەیان داوای هەڵگرتنى سزا ئابووریی و سیاسییەکانى ئەمەریکایان دەکرد.
عەلى خامەنەئی، سەرچاوەیەکى گەورەو زەبەلاحی هەیەو، هاوکات چینى دەسەڵاتداریش پارەى زۆری هەیە
برایان باسى لەوەشکرد ” رژێمى ئێران دەڵێت سزایەکان کاریگەرى لەسەر تواناکانیان کردووە بۆ یارمەتیدانى گەلەکەى، ئەمە هیچ ڕاست نیەو، گەلى ئێرانیش ئەوە دەزانێت، بۆیە هیچ خۆپێشاندانێک لەچەند مانگی رابردوو دژى سزایەکانى ئەمەریکا لەو وڵاتە سەری هەڵنەداوە”.
بەرپرسەکەى واشنتۆن جەختى لەوەشکردەوە ” عەلى خامەنەئی، سەرچاوەیەکى گەورەو زەبەلاحی هەیەو، هاوکات چینى دەسەڵاتداریش پارەى زۆری هەیە”.
ئەو لێدوانەى سەرۆکى گرووپی کارى تایبەت بەئێران لەکاتێکدایە، نێردەى هەمیشەیی ئێران لەنەتەوە یەکگرتووەکان، ئێوارەى پێنجشەممە بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو، ئاڵۆزییەکانى وڵاتەکەى خستە ئەستۆى سزایەکان و، واشنتۆنى بەوە تومەتبار کرد کە ” ڤایرۆسی کۆرۆناى لەدەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاوکردۆتەوە”.
باسى لەوەش دەکرد ” سزایەکانى ئەمەریکا وایکردووە، نەتوانرێت دەرمان و کەرستە پزیشکیە پێویستیەکان بۆ ئێرانییەکان دابین بکرێت”.
هۆک لەوەڵامەکەیدا دەڵێت ” بێگومان سزایەکانى ئەمەریکا رێگرى لەگەیاندنى هاریکاریی بۆ ئێران نەکردووە، ئێمە لێخۆشبوونى زۆرمان بۆ دەرمان و کەرستەى پزیشکی کردووە”.
دووپاتیکردەوە ” سەرچاوەکانى داهات وەک سەندوقى نەختى یەدەگی بیانی بەدەست رێبەرى ئێرانیەو، ئەگەر رژێم ڕاست دەکات، بەدواى سەرچاوەى هاریکاری بۆ گەلەکەى دەگەرێت، دەتوانێت دەیان ملیار دۆلارى دزراوی گەلەکەى بگەرێنێتەوە”.
لەبارەى ئالیەتە داراییە مرۆییە سویسرییەکەش گووتیشى ” بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بازرگانى لەسەرتاسەرى جیهان خاوبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەمەریکا لەو بوارە بەردەوام دەبێت لەهاریکاری کردن”.
بۆ مەسەلەى مایکل وایت، هاوڵاتیە ئەمەریکییە دەستگیرکراوەکەى ئێران، کەبڕیارە موڵەتى پێبدرێت، بەرپرسەکەى وەزارەتى دەرەوەى واشنتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە ” هیچ ناوبژیوانێکى بیانى لەو نێوەندە نەبووە”.
داواشى لەدەسەڵاتدارانى تاران کردووە هاوڵاتیانى وڵاتەکەى وەک “سیامک، باقر نمازی، موراد تاهرباز” بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو گرتووخانەکانى ئێران ئازاد بکات.