دوور تەماشا کردن
لە تەماشا کردنی دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی وئابوری عێراق دەبینین ئەم وڵاتە بەچی رەوشێکی ناسەقامگیر وپرمەترسیدا گوزەردەکات. نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکاو ھەرەشەکانی ئێران لەھێزەکانی ھاوپەیمانان، مووشەک بارانکردنی باڵوێزخانەو فرۆکەخانەکان لەلایەن میلیشیاکان و دەنگۆی ھەوڵی کودەتا، حکومەتەکەی کازمی خستۆتە بەردەم چەند بژاردەیەکی سەختەوە کەھەریەکەیان لەویتر خراپترو دژوارترە
* رووبەرووبونەوەی سەربازی میلیشیاکان کەعێراق بەرەو جەنگی ناوخۆ دەبات.
* چاوپۆشی کردن وبێدەنگی ھەڵبژاردن لەکردەوەی میلیشیاکان پاشەکشەی ئەمریکای لێدەکەوێتەوەو، عێراق رووبەرووی سزای ئابوری سەخت دەکاتەوە کەئەستەمە حکومەتەکەی کازمی بەرگەی بگرێت .
* ھەوڵی دیپلۆماسی بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان ئەمریکاو ئێران تادوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بژاردەی کار لەسەرکراوەکەی ئێستای حکومەتی کازمی.
بەڵام پێناچێت بژاردەی سیەمیش سەرکەوتوبێت چون ئێران ومیلیشیاکان بەم بژاردەیە رازی نابن و، دەیانەوێت پێش وادەی ھەڵبژاردنەکان گورزلە ئەمریکیەکان لەعێراق بوەشێنن، بەئامانجی ئەوەی ھێرشەکان کاریگەری لەسەر ئاکامی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ھەبێت و بەزیانی ترامپ و سودی بایدن بشکێتەوە .
چاودێرانی رەوشی عێراق مانگی ئۆکتۆبەر بە سەخت دەبینن وپێشبینی رووداوی چاوەروان نەکراو دەکەن.
لەماوەی رابردوودا ئومێدو ھیوا و چاوەروانی زۆر لەحکومەتەکەی کازمی ھەبوو کەعێراق لەقۆناخێکی تاییفی و میلیشیاییەوە بگوازێتەوە بۆ دەوڵەتی یاسا و، خاوەن سەروەری. چاکسازی لەھەموو جومگە ئیداری سیاسی و دارییەکان و دژایەتی سەر سەختی گەندەڵیش ھەنگاوە کانی بێت لە پێناو گێرانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت ، بەڵام حکومەتی کازمی لەئاستی پێشبینیەکان نەبوو شکست لەدوای شکستی لەم ھەنگاوانەدا تۆمارکردووە، ئێستا چاودیرانی سیاسی چاوەروانی ئەگەری ترسناک بۆ حکومەتەکەی کازمی دەکەن.
ھەرێمی کوردستان
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی عێراق و بەشێکی زۆری وڵاتانی جیھان
بەقەیرانێکی دارایی و تەندروستی سەختدا تێدەپەرێت ، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێمەوە گەشبینی و ھیوای زۆربەدیدەکرا ئەم گەشبینیەی چاودێران و، خەڵکیش لەخۆرانەبوو. پشتبەستووبوو بەم چەند خاڵەی خوارەوە:
*سەرۆکی حکومەت بەیەکێک لە سەرکردەو کاسایەتیە سیاسیە بەھێزەکانی کوردستان دەستنیشان کراوە کە لەرابردوودا سەرۆکی گەورەترین دەزگای ھەواڵگری ھەرێمی کوردستان بووە و زانیاری دروست و وردی ھەیە لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و، بەحوکمی پێگە سیاسیە بەھێزەکەی دەتوانێت زۆرێک لەدۆسێ گەورەکانی گەندەڵی یەکلای بکاتەوە.
* پشگیری تەواوی قوباد تاڵەبانی، وەک جێگری سەرۆک وەزیران کەنوێنەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات.
* بەشداری کارای بزوتنەوەی گۆران کە لەساڵانی پێشودا گەورەترین و کاریگەرترین ھێزی ئۆپۆزیسێۆن بووە.
لەیەکەم پەیامی دەستبەکاربوونی سەرۆکی حکومەت کە لەپەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کرد نەخشە رێگایەکی وردوو، زانستیانە بوو بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابوری و، سیاسی وکۆمەڵایەتی ھەرێم ، لەچەند مانگی دەستبەکاربوونی کابینەکەشی چەندین ھەنگاو بۆ چاکسازی ھەڵگیران، کە دەرگای لەسەر ئاسۆیەکی روونکردەوە، لابردنی پاشەکەوتی مووچەو دەرچواندی یاسای چاکسازی نمونەی دیاری ئەم ھەنگاوانە بوون.
قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەیەخەی ھەموو دوونیای گرتووە، لێکەوتەی مەترسیداری سیاسی وئابوری کۆمەڵایەتی و تەندروستی گەورەی بۆ جیھان و کوردستانیش ھێنا، لەدوای جەنگی داعش، ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین مەترسییە لەسەر کودستان، چون لێکەوتە مەترسیدارەکانی بۆماوەیەکی پێشبینی نەکراو بەردەوامدەبن.
بۆیە ھەنگاو نان بەرەوە چاکسازی کردن و بنەبرکردنی گەندەڵی تاکەرێگای دەرباز بوون و چارەسەرکرنی قەیرانی دارییە لەکوردستان ، چونی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ روونکردنەوەی کارەکانی کابینەکەی ھەنگاوێکی دروست بوو لەسەر رێگایەکی راست، ئەوەی ئەمرۆ لەپەرلەمانی کوردستان بینرا نموونەیەکی زۆر جوان و شارستانیانەی دیموکراسیانە بوو.
بەبۆچونی من لەرووی دیموکراسی و رێزگرتن لەدەسەڵاتی یاسادانان کوردستانی بەرەو پێش بردوو شکۆی بۆ پەرلەمانی کوردستانیش گێرایەوە ، کەپێشوتر باس لەوە دەکرا، حکومەت ئامادەنیە بچێتە پەڕلەمان و دەسەڵاتی یاسادانانیش بێ رۆڵکراوە، “٩٨” پەرلەمانتار و”٣٥٥ ” پرسیار و دە کاتژمێر گفتوگۆ لەنیوان حکومەت و، پەرلەمان یەکێکە لەھەرە کارە باشەکان و، دەکرێت مرۆڤ ھیواو ئومێدی لەسەر ھەڵبچنێت ، ئەم ھەنگاوەی ئەمرۆی سەرۆکی حکومەت دەکرێت ببێتە نەریتێک بۆھەموو سەرۆک وەزیرانەکانی دوای خۆشی .
راستیەکیش ھەیە دەبێت بزانرێت کەلەم دۆخە خراپەی ناوچەکە و عێراقیش، ھەرھەوڵێک بۆ رۆخاندنی ئەم حکومەتە زیانێکی زۆر بە خەڵکی کوردستان وکۆی ھێزە سیاسیەکانیش دەگەیەنێت، جگە لەزیانی زۆر زەوەند بەئایندە لەبەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نابێت، لەھەمان کاتیشدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەنگاوی گەورە بھاوێت بۆچاکسازی لەبوارەکانی ، نەوت ، خاڵە سنورییەکان ، زەوی و زار ، باجی سەرکۆمپانیاکان، مووچەی نایاسایی خانەنشینی و بندیوارەکان، ئۆپۆزیسێۆنیش پێویستە خوێندنەوەی دروستی بۆ رووداوەکانی ئەمرۆی عێراق ھەبێت کە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو مەترستی راستەقینە دروات شەری ناوخۆو، کودەتا لەبەردەم دەرگای عێراقدایە ، پێویستە لەم قۆناغەدا کێبرکێکان لەپێناوی چاکسازی و بەھێزکردنی کوردستان بێت ، چونکە گەر عێراق بەرەو ئاگری جەنگ بروات پریشکی ئەو کارەش بەر ئێمەش دەکرێتەوە .