ئەمەریکا باری کەشتیەکی ئێرانى بەتاڵ دەکات

پ

دوابەدوای ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستى بەسەر کەشتى نەوتهەڵگری ئێراندا گرت، ئێستا بەنیازە باری ئەو کەشتیە کە سووتەمەنى بەنزینى پێبووە لەیەکێک لەکەنارەکانى بەندەرى ویلایەتى تێکساس بەتاڵ بکاتەوە.

گووتەبێژى کۆمەڵەى “برازۆس بۆ کەشتیوانى”، روونیکردەوە ” نەوتهەڵگرى یۆرۆفۆرس گەیشتۆتە بەردەم بەندەرى فریپۆرتی ویلایەتى تێکساس بۆ ئەوەى بارەکەى لەلایەن دەسەڵاتدارانى ئەمەریکاوە بەتاڵ بکرێت”.

لەمانگی رابردوو هێزە دەریاییەکانى واشنتۆن لەچوارچێوەى رێگرى کردن لەهەر یارمەتیدانێکى ووزە بۆ وڵاتى ڤەنزەوێلا، دەستى بەسەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکەى ئێراندا گرت، کەبەنیاز بووە بەرەو کاراکاس بچێت.

ئەمەریکا دژایەتى خۆى بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەکى بارزگانی نێوان تاران و کاراکاس نیشانداوەو، هەردوو وڵاتیشی خستۆتە ژێر سزا ئابوورییەکانى خۆی.

بەپێی ئامارو داتاکانیشدا، جگە لەکەشتیە نەوتهەڵگرەکەى یۆرۆفۆرس، بارەکەى کەشتى میرسک پرۆگراسیش لەهەمان بەندەر بەتاڵ دەکرێن.

چاوەڕوان دەکرێت دووهەم کەشتى دەست بەسەرگیراوەکەش لەچەند رۆژى رابردووى ئەم مانگە بگاتەوە کەنارەکانى ئەو ویلایەتە ئەمەریکییە.

وەزارەتى دادی ئیدارەى کوشکی سپی لەئابی رابردوو ئاشکرای کرد ” سووتەمەنی هەناردەکراو بۆ ڤەنزەوێلا دەستى بەسەردا گیراوەو، ئێستاش لەژێر دەسەڵاتى ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە”.

قەبارەى بارەکەى یۆرۆفۆرسی ئێران نزیکەى ٦٤٠ هەزار بەرمیل بەنزینى پێبووە کاتێک گەیشتۆتە فریپۆرت، وەک داتاکانى ریفینیتیڤ ئایکۆن باسى لێوە کردووە.

بەڵام گووتەبێژى بەندەرى فریپۆرت دووپاتیدەکاتەوە ” چاوەڕوان ناکرێت سووتەمەنیەکان لەسەر شۆستەى گشتى بەندەرەکە بەتاڵ بکرێن، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لەدوو شۆستەى تایبەتى بەندەرەکە پرۆسەکە ئەنجامبدرێت”.

خاوەنى چوار کاروانى سووتەمەنیە ئێرانیەکە لەبەردەم دادگای ئەمەریکا، تانەیان لەبڕیارەکە داوەو، خۆیان بەخاوەنی ڕاستەقینەکەى سووتەمەنیە نیشانداوەو، هیمایان بەوەشداوە ” سووتەمەنیەکە بەرەو کۆلۆمبیاو پیرۆ دەرۆیشت”.

ئەمەش لەکاتێکدایە سێ کەشى سووتەمەنى نەوتهەڵگرى ئێرانى لەمانگی رابردووەوە ئێرانى بەرەو ڤەنزەوێلا بەجێهێشتووەو، ئەگەرى ئەوەی هەیە لەچەند مانگی داهاتوو بگاتە شوێن مەبەستى خۆی.