کورد لەبەردەم کازمیدا لاوازە
سیاسەتمەدارێکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەداوە “”لەجیاتی کۆشکەکان کازمی ببەنە سەر مەزاری ئەنفال و کیمیاباران”، ئەمەش لەسەروبەندی یەکەمین سەردانى سەرۆک وەزیرانى حکومەتى عێراق بووە بۆ هەولێر.
سالار مەحمود، راوێژکاری پێشووی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق لەراگەینراوێکدا کەوێنەیەکى بۆ (پێشەنگ پرێس) نێردراوە هاتووە ” زۆربەی جوڵە سیاسیەکانی کارەکتەرو هێزە سیاسیەکان جۆرێکە لە بانگەشەی پێش وەخت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت”.
جەخت لەوەش دەکاتەوە ” وەفدی عیراق کە دێتە کوردستان و دەیبەنە کۆشکە شاهانەکانی حزبی و ناحزبی، باشترە بیبەنە سەر مەزاری ئەنفالەکان، مەزاری کیمیاباران و شوێنە زیان لێکەوتوەکان”.
مەحمود گووتیشى ” بە وەزیفەی خۆیشی با دەروازە سنوریەکان و شوێنە گشتیەکانی تر ببینێ”.
لەسەردانەکەى مستەفا کازمی، بۆ هەرێم سەردانى دەروازەى ئیبراهیم خەلیل لەزاخۆ و، شارى دهۆک کردو، لەلایەن خەڵکى هەرێمەوە پێشوازییەکى گەرمی لێکراو، ئەمەش کاردانەوەیەکى نەرێنی بۆ بەرپرسەکانى هەرێم دروستکردووە، کەنەیانتوانیوە سۆزی خەڵک بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەڵام بەرپرسە عێراقییەکان سەرکەوتووانە توانیان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن.
راوێژکارە پێشووەکەى بەرهەم ساڵح، هیماى بەوەشداوە ” بوونی پەیوەندی باش لەگەڵ بەغدا لەم دۆخەداو رێکەوتن بە قازانجی مسۆگەرکردنی مووچەی مووچە خۆرانی کوردستان گرنگە.”
دووپاتیدەکاتەوە ” کورد لەبەرامبەر کازمیدا لاواز دەردەکەوێ”.
هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە ئەوە جێگاى خۆشحاڵى نیە، بەڵام ئاکامی سیاسەتى هەڵەو، ئەنجامنەدانى چاکسازیی و ناشەفافیەتە لەداهات و خەرجییەکان.