تاران وەرزشوانێکى گەنج لەسێدارەدا

پ

بەرەبەیانى ئەمرۆ شەممە رژێمى ئێران بڕیاری لەسێدارەدانى دژى یاریزانێکى زۆرانبازی وڵاتەکەى جێبەجی دەکات، بەبێ ئەوەى رێگە بەخانەوادەکەى بدات دوایین سەردانی بکەن پێش جێبەجێکردنى بڕیارەکە.

ناڤید ئەفکاری، ئەو گەنجە یاریزانەى کەیسەکەى سەرەنجی نێودەوڵەتى بۆخۆى راکێشاوە، بەهۆى ئەوەى ” دانپێنانەکەى بەزەبری هێزو ئەشکەنجە لەسەری تۆمار کراوە”.

ماڵپەرى فەرمیی ئاژانسى هەواڵ و تەلەڤزیۆنى ئێرانى “ئیریب نیوز” لەسەر زاری کازم موسوی، داواکاری گشتى پارێزگاى فارس بڵاویکردۆتەوە ” بەرەبەیانى ئەمرۆ لەگرتووخانەى عادل ئابادی شارى شیراز، بڕیارى لەسێدارەدان دژى ئەفکاری جێبەجێکرا”.

لەماوەى رابردوو تاران ئەو یاریزانەى بە “کوشتنی ئەنقەست”ـى بەرپرسێکى دەستەى گشتى ئاوەرۆی شیراز بەچەقۆ لە ٢ ئابی ٢٠١٨ تومەتبار کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو شارە هاوشێوەى شارەکانى دیکە لەو رۆژە گۆڕەپانى خۆپێشاندانی جەماوەری دژى دەسەڵاتدارانى تاران بووە، کە داواى باشترکردنى ڕەوشى ئابوورى و کۆمەڵایەتى وڵاتیان دەکرد.

چەندین کەسایەتى ئێرانى و بیانی پشتگیرییان لەکەیسەکەى ئەفکاری کردووە

کەیسەکەى ئەفکاری پاڵپشتیەکى نێودەوڵەتى فراوانى بۆ دروستکرا، تەنانەت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان داواى لەدەسەڵاتدارانى تاران کرد ” دەستبەرداری جێبەجێکردنى سزایەکە بن”.

ترامپ لەهەژماری تایبەتى خۆى لەتویتەر بڵاویکردەوە ” زانیومە ئێران بەنیازە ناڤید ئەفکاری، ئەستێرەیەکى گەورەى زۆرانبازێی تەمەن ٢٧ ساڵ لەسێدارە بدات، ئەو تەنها بەشداری خۆپێشاندانێکى دژى حکومەت کردووە”.

هاوکات چەندین کەسایەتى ئێرانى و بیانی پشتگیرییان لەکەیسەکەى ئەفکاری کردووەو، داواى هەڵوەشانەوەى سزایەکەیان دەکرد.

بەڵام پارێزەرەکەى ئەفکاری، حەسەن یونسی لەهەژماری تایبەتى خۆى لەتویتەر نووسیوویەتى ” بەپێی یاساکانى ئێران، تومەتبار پێش لەسێدارەدانى مافى بینینى بنەماڵەکەى هەیە”.

پرسیارى ئەوەشى کردووە ” ئاخۆ دەسەڵاتدارە تایبەتمەندییەکان ئەوەندە بەپەلەن لەجێبەجێکردنى بڕیارى لەسێدارەدان و، ناڤید لەدوایین سەردانیکردنى بێبەش بکەن”.

لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش پێش لەسێدارەدانى ئەو کەسایەتیە وەرزشییە، چەندین پەیام و نامە بڵاوکرانەوە بۆ هەڵوەشانەوەى بڕیارەکە، بەتایبەت دوای ئاشکرا بوونى “دانپێنانە زۆرەملێیەکانى”، ناڤید ئەفکاری.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش لەساڵى رابردوو رژێمى تاران ٢٥١ کەسى لەسێدارە داوەو، لەسەر ئاستى جیهانیش دووهەم وڵاتە لەپاش چین لەجێبەجێکردنى سزای لەسێدارەدان.