بایت دانس “تیک تۆک” بەئەمەریکییەکان نافرۆشێت
کۆمپانیاى بایت دانسى چینی خاوەنى ئەپلیکەیشتنى “تیک تۆک” بۆ تۆمارکردنى کورتە ڤیدیۆیی، فرۆشتنى ئۆپەراسیۆنەکانى لەویلایەتە یەکگرتووەکان بەکۆمپانیاى مایکرۆسۆفت یاخود ئەوراکڵ ڕەتکردۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانى وێستگەى “سی جی تی ئێن”ـى ئینگلیزی فەرمیی چینی کە لەسەرچاوەکانى خۆیەوە بڵاویکردۆتەوە ” کۆمپانیاى بایت دانس هیچ ئۆپەراسیۆنێکى تیک تۆک نەبەکۆمپانیاى ئەوراکڵ و نە بەمایکرۆسۆفت دەفرۆشێت و، ئامادەش نیە کۆدەکانى سەرچاوەى پێگەکەى بەهیچ کڕیارێکى ئەمەریکی بدات”.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەماوەى رابردوو گفتوگۆییەکى چڕ لەنێوان خاوەنی تیک تۆک ومایکرۆسۆفت لەئارادا بوون بۆ فرۆشتنى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەمەریکا بەکۆمپانیاى پرۆگرامسازی واشنتۆن.
هاوکات ئاژانسى رویتەرز لەسەر زاری سەرچاوەکانى خۆى بڵاویکردبووەوە “کۆمپانیاکەى پەکین دەستبەرداری ئەپلیکەیشنەکەى تیک تۆک لەئەمەریکا بووەو، هەوڵ دەدات لەگەڵ کۆمپانیاى ئەوراکڵ بەئامانجی دوورکەوتنەوە لەبایکۆتکردنى لەنێو خاکى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو گرێبەستە ئەنجامبدات، هاوکات ڕازی کردنی حکومەتی وڵاتەکەیشیەتى”.
لەبەرامبەریشدا بایت دانس هیچ زانیارییەکى لەسەر راپۆرتی کەناڵە فەرمییەکەى وڵاتەکەى نەدرکاندووەو، بێدەنگی هەڵبژاردووە.
فرۆشتنى هەر ئۆپەراسیۆنێکى بارزگانى چینی لەویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستى بەڕەزامەندی هەردوو حکومەتى پەکین و واشنتۆن هەیە.
لەچەند هەفتەى رابردوو لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى جێبەجێکردنى هەڕەشەکانى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئیدارەى کوشکی سپی بەڕاگرتنى کارەکانى تیک تۆک لەنێو وڵاتەکەى، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بایت دانس بەنیازە ئۆپەراسیۆنەکانىب فرۆشێتە گرووپێکى هاوبەش کە لەلایەن ئەوراکڵەوە بەرێوەدەچێت، کەناوەرۆکەکەى لەسەرووى مایکرۆسۆفتەوەیە.
لەو نێوەندەشدا مایکرۆسۆفت ئاشکرای کرد ” بایت دانس لەگفتوگۆى فرۆشتنى ئۆپەراسیۆنەکانیان کشانەتەوەو، ئامادەى فرۆشتنى ئۆپەراسیۆنەکانیان نین لەئەمەریکا”.