“راپۆرتەکە تەنها بەشێکى بچووکە”
لەبارەى راپۆرتەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان لەئەنجامدانى “جینۆساید” دژى کوردەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا (رۆژئاوا)، فەرماندەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات ئەو زانیارییانە پشتڕاست دەکاتەوەو، ڕایدەگەیەنێت ” ئەوەى لەراپۆرتەکەدا هاتوو بەشێکى زۆر بچووکی تاوانەکانى گرووپە چەکدارەکانە دژى دانیشتووانى عەفرین و سەریکانی و گرێسپی”.
مەزلووم عەبدی، لەهەژماری تایبەتى خۆی لەتویتەر بڵاویکردۆتەوە کە سەرجەم ئەو تاوانە بە “پاڵپشتى سیاسی تورکیاوە ئەنجامدەدرێن”.
گووتیشى ” پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سەرجەم لایەنە تومەتبارەکان سزا بدات و، بەشێوەیەکى جددی بجوڵێتەوە بۆ راوەدونان و دادگایی کردنى تومەتبارانى جەنگ”.
ئێوارەى دوێنێ لێژنەیەکى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى دەربارەى سووریا، تورکیاى تومەتبار کردووە بەوەی بەرپرسە لەئەنجامدانى “جینۆساید دژى مەدەنییەکانى سووریا”، جگە لەوانەش داواى کردووە ” ئەنکەرا بەرپرسیاری پاراستنى ئاسایشى خەڵکى مەدەنیە بەتایبەت منداڵان و ئافرەتان لەو ناوچانەى بەپاڵپشتى میلیشیاکان داگیری کردووە”.
لێژنە نێودەوڵەتیەکە باسى لەوەشکردووە ” ئەنکەرا پابەندییەکانى خۆی لەناوچەکانى سەریکانى، گرێسپی و عەفرین ئەنجامنەداوەو، سەرجەم گرووپە میلیشیاکان موڵک و ماڵى هاوڵاتیانی کوردیان تاڵان کردووە”.
دووپاتیدەکاتەوە ” ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانى کورد بەشێوەیەکى چڕ بەردەوامیی هەبووەو، سووپای تورکیش هیچ رێگرییەکى لەو پرۆسەیە نەکردووە”.