ئەنیستگرام سیخوری بەسەر بەکاربەرانەوە دەکات

پ

سەرەڕاى ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەپلیکەیشن و، کۆمپانیا تەکنەلۆژییە چینیە رکابەرەکەى بەسیخوری تومەتبار کرد، بەڵام کۆمەڵێک زانیاری نوێ ئاشکرا بوونە، کە کۆمپانیایەکى تەکنەلۆژیی زەبەلاحی ئەمەریکی لەرێگەى ئەپلیکەیشنێکى خۆیەوە سیخوری بەسەر زانیارییەکانى بەکاربەران دەکات.

هەرچەندە لەماوەى رابردووش پەنجەى تومەتی بۆ راکێشراوە، بۆ ئەمجارەش دیسان تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبووک لەرێگەى ئەنیستگرامەوە بەبەکارهێنانى زانیاریی بەکاربەران بۆ بەدەستهێنانى قازانجی دارایی تومەتبار کراوە.

بەجۆرێک ئەو کارە لەرێگەى کامێرای ئەو ئەپلیکەیشنەى فەیسبووکەوە پرۆسەى سیخورییەکە ئەنجامدراوە.

بەمدواییانە کێشەیەکى تەکنیکى لەنێو ئەنیستگرامەوە دۆزرایەوە کەهیماى کامێرای سەوز (واتا کامێراکە داگیرساوە)، لەنێو ئەپلیکەیشنەکە دەرکەتووە، بەتایبەت بەکاربەرانى ئامێری iOs 14 بەیتای ئایفۆن.

ئەوەش لەکاتێک روویداوە، بەکاربەران ئەنیستگرامیان بەبێ بەکارهێنانى کامێراکەى بەکارهێناوە.

بەڵام فەیسبووک راپۆرتەکانى ڕەتکردەوەو، ڕایگەیاند ” ئەو کەموکورتیە تەکنیکیەیە ئەو کێشەیەی دروستکردووە”، هیماى بەوەشداوە ” ئێمە ناچینە نێو سیستەمی کامێرا ئەگەر بەکاربەر رێگەمان پێنەدات”.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند ساڵى رابردوو، فەیسبووک وەک گەورەترین تۆڕی کۆمەڵایەتى لەجیهان تومەتبار کراوە، کە زانیارییەکانی بۆ کۆمپانیا بارزگانیەکان بەخشیوە، بۆ ئەوەى لەنێو پرۆژە ستراتیژییەکانیاندا سوودی لێوەربگرن، بەبێ ئەوەى ڕەزامەندی بەکاربەرى بەدەست هێنابێت.

گووتیشى ” ئێمە هەڵەکەمان لەخستنەرووى بێتای سیستەمى بەگەڕخستنى ئای ئۆ ئێس ١٤ دۆزیوەتەوەو، سەرقاڵى چاککردنین”.

بەڵام دەسەڵاتدارە ئەمنییەکانى واشنتۆن لەبەرامبەر ئەو پرسە بێدەنگییان هەڵبژاردووەو، هیچ هەڵوێستێکیان ڕانەگەیاندووە، کەپێچەوانەى لێدوان و هەڵسوکەوتەکانیانە بەرامبەر ئەپلیکەیشنەکانى تیک تۆک و، ووی چاتی چینی.

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسى بلوومبێرگ باسى لەوە کردووە ” یەکێک لەبەکاربەرانى ئەنیستگرام سکاڵایەکى لەدژى زلهێزی تەکنەلۆژی لەدادگاى فیدراڵى لەسان فرانسیسکۆ پێشکەشکردووەو، کۆمپانیاکەى بەهەوڵدان بۆ بەدەستخستنى زانیارییە تایبەتیەکەی تومەتبار کردووە، بۆ ئەوەى لەبەبازاڕیکردن سوودی لێوەربگرێت”.

بەپێی سکاڵاکەش هەوڵدراوە ” زانیاریی تایبەتی کەسێتی و، پەیوەندییە سۆزدارییە زۆر تایبەتیەکانى بەکاربەرەکە، لەنێویدا تایبەتمەندی ماڵەکەى لەنێو ئەنیستگرام، بۆ کاری بازاڕگانى بەکاربهێنێت”.

بلوومبێرگ وەک بیرهێنانەوەى سەرجەم تومەتەکانى پێشوو دەڵێت ” فەیسبووک دیسان تومەتەکانى ڕەتکردەوەو، بێتاوانى خۆى لەتێوەگڵان لەو کارە نیشانداوە”.