تورکیا لەزونگاوی هەرێم گیری خواردووە

پ

لەدواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان، بەبیانووی راوەدونانى گرێلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، هێزە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە لەزونگاوی هەرێمدا تووشى شکستى بەردەوام دەبن و، وەزارەتى بەرگری ئەنکەراش لەهەوڵى کەمکردنەوەى قەبارەى کارەساتەکانیەتى.

بەپێی دوایین زانیارییەکانى جەنگ سوپای تورکیا کورژانى دوو سەربازی خۆى و، برینداربوونى کەسێکی دیکە بەشێوەیەکى فەرمیی لەچوارچێوەى پێکدادانەکانیان لەگەڵ گرێلاکانى پەکەکە ڕاگەیاند.

بەڵام بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانى (پێشەنگ پرێس)، ژمارەى کوژراوەکانى سوپای تورکیا، لەسەربازگەیەکى خۆیدا کە لەچوارچێوەى “چنگی پڵنک”ـدا دروستکردووە زۆر زیاترە لەوەى بەرگرى ئەنکەرا رایگەیاندووە، بەڵکو لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کوژراو و بریندار دەبن.

بۆیە سوپا دەیەوێت لەژێر فشارە سیاسی و سەربازییەکان خۆى دەرباز بکات، کار لەسەر کەمکردنەوەى قەبارەى کارەساتەکانى دەکات و، لەرێگە میدیا پاوانخوازییەکانی پارتى دەسەڵاتداردا زانیارییەکان پێچەوانە بکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە ١٦ حوزەیرانى رابردووەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنى سەربازی لەناوچەى حەفتانین لەهەرێمى کوردستان دژى گرێلاکانى پەکەکەو گرووپەکانى دیکە گوایە “تیرۆریستن” ڕاگەیاند.

لەو کاتەوە دەیان سەربازی تورکی کوژراون و، دەیان ئامێری سەربازیش لەلایەن گرێلاکانەوە تێکشکێنراوە، بەبێ ئەوەى سوپاى تورکیا تواناى کۆنترۆڵکردنى گۆڕەپانى جەنگەکەى هەبێت بەرامبەر پەکەکە، کە شارەزاییەکى بێوێنەى لەشەڕى پارتیزانى هەیە.

ئۆپەراسیۆنى ئەمجارەش دووهەمیش ئۆپەراسیۆنى سەربازییە دژى گرێلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان، کە لەهەشتایەکانەوە لەجەنگی دژى کوردەکانەو، تاوەکو ئێستاش سەرەڕاى دەستگیرکردنى عەبدوڵلا ئۆجەڵان، سەرۆکى پارتەکە، نەیتوانیوە هێزو توانایی ئەو پارتە کەمبکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا لەدواى داڕمانى هەوڵەکانى ئاشتى لە ٢٠١٥، ڕایگەیاندووە ” حکومەتەکەى دەیەوێت ئەو کێشەیە لەریشەوە چارەسەر بکات”، بەڵام بەهێزى چەک نەوەک ئاشتى و دانووستاندن.

لەماوەى رابردووش بەبەراورد بەهەڵوێستەکانى هەرێمى کوردستان، کەگەورەترین زیانى ماددی و مرۆیی لەو ئۆپەراسیۆنە پێگەیشتووەو، بێدەنگی هەڵبژاردووە، هەڵوێستى حکومەتى عێراق زۆر تووندترو روونتر بووە بەرامبەر ئەنکەراو، داوای لەئەنجومەنى ئاسایش کردووە فشارەکانیان بۆ ڕاگرتنى شەڕەکە دژى تورکیا بەکاربهێنن.

ئێستاش حکومەتەکەى ئەردۆگان بەهۆى ئاڵۆزبوونى ڕەوشەکەو، نەپێکانى ئامانجە سەربازییەکانى، نازانێت چۆن لەو زونگاوەى هەرێم تێیکەوتووە دەربازی بێت و، بەدواى بیانوویەکى سیاسی و سەربازی دەگەرێت، لێی دەربچێت و، توڕەییە ناوخۆییەکانى پێ دابمرکێنێتەوە.