ئێران بەهۆى کۆرۆناوە بووەتە زۆنى “سوور”

پ

بەرپرسێکى باڵاى کۆمارى ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند ” بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەى گەیشتۆتە ئاستێک هیچ بەهایەک بۆ ڕەنگەکانى سوورو پرتقاڵى و سەوز دانەناوەو، هەموو وڵات بووەتە ڕەنگی سوور”.

ئیریج حریشی، جێگرى وەزیرى تەندروستى حکومەتى تاران لەکاتێکدایە، تەنها یەک رۆژ لەدواى لێدوانەکەى عەلیرەزا زاڵى، بەرپرسی لێژنەى بەڕەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت کاتێک باسى لێدانى شەپۆلی سێهەمى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەتاران کردووە.

زاڵی لەو لێدوانیدا کەئاژانسى هەواڵى فەرمی ئێرنا بڵاویکردۆتەوە ” پێشبینیەکان دەریدەخەن ئێمە بەئاراستەى شەپۆلی سێهەمى ڤایرۆسەکە هەنگاو دەنێن و، ئەم شەپۆلەش لەتاران بەشێوەیەکى خێراتر بەبەراورد لەگەڵ پارێزگاکانى دیکە دەردەکەوێت”.

بەڵام حریشی هیماى بەوە کردووە ” ئێستا ٣٥ هەزارو ٥٠٠ تووشبووی بەکۆڤید ١٩ لەسەرجەم نەخۆشخانەکانى ئێراندا هەیە، کەئەمەش بەبەراورد لەگەڵ شەپۆڵى یەکەمى بڵاوبوونەوەى پەتاکە لەوڵات بەسەدا ١٠ بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە”.

جەختى لەوەشکردەوە ” بەرزبوونەوەى تێبینیکراوی کۆرۆنا لەتووشبوون بەڤایرۆسەکە لەتاران روویداوە، بەجۆرێک ژمارەکە بۆ سنوورى ١٨٠٠ حاڵەت لەیەک رۆژدا بەرزبووەتەوە”.

لەلایەکی دیکەشەوە راپۆرتێکى پسپۆڕێکى نەخۆشە گوازراوەکان دەریخستووە ” مردووانى کۆرۆنا لەوڵاتدا گەیشتۆتە ئاستی قەیران و، لەئەگەرى درێژە دان بەو ئاراستەیە ئەوا ژمارەى گیان لەدەستدراوەکان لەتشرینى دووهەم رۆژانە بۆ ٦٠٠ کەس بەرز دەبێتەوە”.

ئێران گەورەترین وڵاتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە لەکاریگەر بوونى بەکۆڤید ١٩، کەلەشوباتەوە ئەو ڤایرۆسە لێیداوەو، تاوەکو ئێستاش لەژێر کاریگەرییەکانى دەربازی نەبووە.

هەرچەندە دەسەڵاتدارانى تاران بەکارهێنانى دەمامک لەشوێنە گشتیەکانى کردووە بەناچاری، بەڵام نەتوانراوە فراوانبوونى پەتاکە لەسەرتاسەرى وڵات کەمتر بکەنەوە.

تاوەکو ئێستا ژمارەى گشتى قوربانیانى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەرى جیهان نزیکەى یەک ملیۆن کەسەو، کۆى گشتى تووشبووانیش گەیشتۆتە ٣٠ ملیۆن کەس.