ئێران بەنیازی ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى بووە لەبەحرەین
دەسەڵاتدارانى بەحرەین پووچەڵکردنەوەى “هێرشێکى تیرۆریستى” پاڵپشتیکراو لەلایەن سوپای پاسدارانى ئێرانەوە ڕاگەیاندو، وەزارەتى ناوخۆی ئەو وڵاتەش چەند زانیارییەکى لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە.
مەنامە، ئەو وڵاتە کەنداوەى مێواندارێتى کەشتى فرۆکەهەڵگری پێنجەمى ئەمەریکا دەکات و، لەسەر خاکەکەشى ناوەندی ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتیەکان بەرێوەدەچن، چەندین جار تارانى تومەتبار کردووە بەوەى “کار لەسەر تێکدانى ئارامی و سەقامگیری شانەشینەکەى دەکات”.
بەحرەین، بەبەراورد لەگەڵ زۆربەى وڵاتانى دیکەى کەنداو، زۆرینەى دانیشتووانەکەى شیعە مەزهەبن و، کەمینەیەکى سوننە دەسەڵاتدارێتى وڵاتی لەدەست گرتووە.
میدیاکانى ئەو وڵاتە لەسەر زاری لێکۆلەرانى وەزارەتى ناوخۆ ئاشکرایان کردووە ” گرووپێکى نوێ بەناوى لیواى قاسم سولەیمانى، پلانى داڕشتبوو کۆمەڵێک هێرشی تیرۆریستى دژى دەستە گشتی و ئەمنییەکانى بەحرەین ئەنجامبدەن”.
هاوکات رۆژنامەى (أخبار الخلیج)ـ لۆکاڵى ئاماژەى بەوە داوە ” ئەو گرووپە چاودێری کۆمەڵێک پاسەوانە تایبەتیەکانى کەسایەتە گرنگەکانى وڵاتیان کردووە، بۆ ئەوەى تیرۆریان بکەن”.
هۆکارى ئەو پیلانەى گرووپە پاڵپشتی کراوەکەى تاران، بەمەبەستى تۆڵەکردنەوەیە لەکوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس، کە لەکانوونى دووهەمى ئەمساڵدا نزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لەلایەن ئەمەریکاوە تێرۆر کرا.
هێزى ئاسایشى مەنامە دووپاتیکردۆتەوە ” هێرشە پلاندارێژراوەکەیان دواى دۆزینەوەى بۆمبێکى چێنراو لەناوچەى بەدیع پووچەڵکردەوە، کەئامانجی شاندێکى بیانی بووە”.
راپۆرتەکان هیچ زانیارییەک لەبارەى وادەى ئەنجامدانى هێرشەکەیان باس نەکرد، تەنها هیمایان بەوە داوە ئامادەسازی دژى ١٨ دەکرێت، کە نۆیان لەئێران نیشتەجێن.
چەندین ساڵە ئێران لەرێگەى چەندین گرووپی سیاسییەوە هەوڵى دەستێوەردان لەکاروبارى ناوخۆی ئەو وڵاتە کەنداوە دەدات و، لەشەستەکانی سەدەى رابردووش شای ئێران هەوڵی داگیرکردنى ئەو وڵاتەى دابوو، بەڵام رێگرى لێکرا.