تمەن تووشى داڕمانى دیکە دەبێتەوە

پ

لەگەڵ راگەیاندنى سەپاندنەوەى سزاکانى ئەمەریکا، بەهاى تمەنى ئێرانى بەرەو ئاستێکى پێوانەیی نوێ پاشەکشێی کردو، ئاڵۆزییەکى زیاتری بۆ کەرتى ئابوورى رژێمى ئێران دروستکرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاریدا سەرجەم سزاکانى نەتەوە یەکگرتووەکان دژى تاران بگەرێنێتەوە.

لەمامەڵەى بازرگانی بەهاى تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکى لەبازاڕى ڕەشدا، نرخەکەى لە ٢٥٧ هەزار بۆ ٢٧٣ هەزار تمەن دابەزی، هاوکات لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بەهۆى چەندین ساڵى سزایەکان و، ناسەقامگیری ناوخۆیی دراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتە سەدا ٤٩ بەهاکەى لەدەستداوە.

لەلایەن خۆیشیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئیدارەى واشنتۆن جێبەجێکردنەوەى سەرجەم سزایەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان دژى ئێران دووپاتکردەوەو، هۆشداری دایە زۆربەى وڵاتانى جیهان لە “شکستهێنانى جێبەجێکردنى ئەو سزایانەى دژى ئێران”.

باسى لەوەشکردووە ” کارا کردنەوەى بەندی گەڕانەوەى بۆ ڕەوشى بنەڕەتى، سەرجەم سزایەکانى دژى ئێران دەگەرێنێتەوە، لەنێویاندا ئەوانەى نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەى ڕابردوو پووچەڵیکردبوویەوە، بەتایبەت لەپرسى فرۆشتنى چەک”.

پۆمپیۆ گووتیشى ” بەهۆى گەڕانەوەى سەرجەم سزایەکان، ئەوان ئێران پابەند دەبێت، بەڕاگرتنى پیتاندنى یۆرانیوم و، سەرجەم چالاکییەکانى ئاوی قورسی ئەتۆمی”.

دووپاتیشیکردەوە ” وڵاتەکەى لەچەند رۆژى داهاتوو کۆمەڵێک رێکاری نوێ بۆ پتەوکردنى سزایەکان و، سزدانی سەرپێچیکاران دەخاتەروو”.

لەلایەن خۆیشیەوە تاران سەرجەم هەنگاوەکانى ئەمەریکاى ڕەتکردەوەو، رووسیاش بڕیارەکەى ڕەتکردەوەو، نوێنەرەکەشى لەئەنجومەنى ئاسایش هێرشی کردە سەر راگەینراوەکەى واشنتۆن.

لەقۆناغی ئێستاشدا ترامپ، بەنیازە بڕیارێکى جێبەجێکاری دەربکات، بۆ ئەوەى سەرجەم ئەو کەسانەش سزا بدات، کەسەرپێچی سزایەکانى دژى ئێران دەکەن.

واشنتۆن لەدواى ٢٠١٨ بەچەندین قۆناغ سزای سیاسی و ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندووەو، ئابوورى وڵاتەشی تووشی ئیفلیجییەکى گەورە کردووە، کەدەستى بڕیوە بگاتە زۆربەى کەرتە هەستیارە ئابوورییەکانى جیهان، بەتایبەت لەبواری فرۆشتنى نەوت و، هەناردەکردن و، مامەڵەى دارایی.