تورکیا پێشێڵکاری بەرامبەر ئایینزاکان ئەنجامداوە

پ

دوو توێژەری ویلایەتە یەکگرتووەکان داوا لەدەسەڵاتدارانى واشنتۆن دەکەن ” پەیوەندییەکانى ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەماى رێزگرتن لەئازادییە ئایینیەکان هەموار بکاتەوە”.

مایکڵ رۆبین، توێژەرى جێگیری پەیمانگەى ئەمەریکان ئەنتربرایز، کەناوەندێکى توێژینەوەى ئەمەریکییە، لەگەڵ تۆفیق بەعکلینی، سەرۆکى رێکخراوى بەرگرى لەکریستیانەکان لەووتارێکى هاوبەشیاندا هیمایان بەوە کردووە ” تۆمارى ئەنکەرا لەبوارى مافى کەمینەکان، هاوشێوەى رژێمە دیکتاتۆرەکانەو، وەک دەوڵەتێکى بەرپرس مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە نادات”.

ئەو دوو توێژەرە ووتارەکەیان لەرۆژنامەى (ناشیۆناڵ ئەنترێست) بڵاوکردۆتەوەو، پێیان وایە ” کریستیانەکان تاکە ئامانج نین، بەڵکو ئەردۆگان خوێندنى ئایینى سووننی مەزهەبی بەسەر منداڵە عەلەوییەکان سەپاندووەو، شوێنى ئایینیانیش وێرانکراوەو، حکومەت لەسەر بنەماى ئایینى ئامادە نەبووە هاریکارى پەنابەرە ئێزدییەکانى نێو تورکیا بکات”.

بەهۆى هەڵسوکەوتەکانى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا، بۆ گۆرینى موزەخانەى ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، ڕەخنەیەکى زۆر لەدەسەڵاتدارانى ئەنکەرا گیراو، ئیدانەى نێودەوڵەتیشی بەدوادا هات.

رۆبین و بەعکلینی ئاشکراشی دەکەن ” جگە لەوانەش ئەنکەرا پاڵپشتیەکى زۆری گرووپە تووندڕەوە مەترسیدارەکان دەکات، کەتۆمارێکى ڕەشیان لەلێبوردەیی ئایینی هەیە، بەتایبەت لەباکووری رۆژهەڵاتى سووریا، کەبریکارەکانى تورکیا هەمان شەریعەتەکانى تاڵیبان دەسەپێنن”.

سوورن لەوەى ” تەنانەت تورکیا ئامادەش بێت لەگۆرینى تۆمارە ڕەشەکانى لەبوارى ئازادی ئایینى و، لێبوردەیی لەگەڵ کەمینەکان لەسەر خاکەکەى پێویستە ئەمەریکا نەگەڕێتەوە هاوبەشیە ستراتیژییەکەى پێشوو”.

چەندین ساڵە مافى کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان لەنێوخۆى تورکیا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت و، پرۆسەى دیموکراسی و ئازادییە تاکە کەسییەکان لەو وڵاتە بەرەو داڕمانى یەکجاری هەنگاو دەنێت، ئەو مەترسییانەش تەنها لەنێو خاکى تورکیا مامەڵەى پێوە ناکرێت، بەڵکو گەیشتۆتە نێو ئەو خاکانەش کەداگیری کردووە.

لەلایەن خۆیانەوەش هەریەک لە ئەنوریما بهارجافا و، نادین ماینزا، لەنێو لێژنەى ئەمەریکى نێودەوڵەتى بۆ ئازادییە ئایینیەکان داواى لەواشنتۆن و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کردووە ” هەنگاوی جددی بهاوێن بەرامبەر پێشێڵکارییەکانى ئەنکەرا دژى ئایین و ئایینزاکانى ناوچەکە بەتایبەت لەرۆژئاواى کوردستان”.