ئێران ناوێرێت ڕای گشتى ئەمەریکا توڕە بکات

پ

توێژەرو بەرپرسە ئەمەریکییەکان بەرۆژنامەى (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـیان ڕاگەیاندووە ” هیچ ئەگەرێک نیە ئێران، یاخود گرووپە پاڵپشتیکراوەکانى هێرشێکى لەناکاو، یاخود سەربازی دژى بەرژەوەندییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامبدەن”.

هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە ” هەنگاوێک لەو جۆرە پاڵپشتى میللی بۆ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئێستاى ئیدارەى کوشکی سپی زیاتر دەبێت، کەئامادەسازی دەکات بۆ بردنەوەى خوولى دووهەم”.

لەووتارێکى شیکاریدا ئەو رۆژنامەى واشنتۆن جەختی لەوە کردۆتەوە ” ئێران ستراتیژییەتى سەربازی گواستۆتەوە، کەماناى وایە ژمارەى مووشە تەقێنراوەکانى سەر سەربازگە ئەمەریکییەکان کەمتر بووەتەوە، کە بەهۆى کوشتانى قاسم سولەیمانى، فەرماندەی پێشووى سوپاى پاسداران پەرەى سەندبوو”.

بەگووتەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەرپرسێکى ئەمەریکی باسى لەوە کردووە ” ئەگەر نەیەوێت دووبارە سەرۆک دەربچێتەوە، ئەوا خراپترین بژاردەى ئەوەیە رای گشتى ئەمەریکی بەهەنگاوێک توڕە بکات”.

لەدوو مانگی رابردوو لەرێگەى میلیشیا شیعەکانى نزیک رژێمى ئێران، هێرشى مووشەکى بۆ سەر سەربازگەو بەرژەوەندییەکانى واشنتۆن لەعێراق تەشەنەى کردبوون، بەڵام لەم ماوەیە ژمارەو قەبارەى هێرشەکان پاشەکشێیان کردووە.

بەپێی ئامارێکى بەرپرسانى واشنتۆن لەماوەى رابردوو، لەیەک کاتدا نزیکەى ٢٠ مووشەک لەیەک کاتدا ئاراستەى ئەو هێزانە دەکران، بەڵام ئێستا ژمارەیان لەنێوان سێ بۆ پێنج مووشەک دەبن.

هاوکات بەرپرسێکى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بەرۆژنامەکەى گووتووە ” پرسەکە زیاتر پەیوەندی بەگەیاندنى پەیامە لەوەى مەبەستى زیان گەیاند بێت”.

بەڵام ژمارەیەک توێژەرو بەرپرسى واشنتۆن دووپاتیدەکەنەوە ” هۆکارى دیکەی ئەو دوورکەوتنەوەى تاران بەهۆى سەرقاڵ بوونیەتى بەکێشە ناوخۆییەکان و، تەشەنە سەندنى ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە، کە زیانێکى گەورەى لەجومگە ئابوورییە گشتیەکانى داوە”.

بەشێک لەچاودێرانیش ڕایانگەیاندووە ” ئێران نایەوێت هەنگاوێک بهاوێژێت، ببێتە هۆى گۆڕینى پلانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگۆڕینى ژمارەى سەربازە جێگیرییەکانى لەعێراق”.

لەبەرامبەریشدا ژمارەیەکى دیکەى بەرپرسانى ئەو وڵاتە سوورن لەوەى ” هەڕەشەکانى رژێمى ئێران پاشەکشێی نەکردووە”، لەنێو ئەو گرووپەش مارک میلی، سەرۆکى دەستەى ئەرکانى هاوبەش و، ژەنەڕالى دەریایی کینیت ماکنزی، سەرۆکى فەرماندەى ناوەندی ئەمەریکی و، بەرپرسى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەن.

لەلایەن خۆیەوە ترامپ، پێی وایە پاش بردنەوەى هەڵبژاردنەکان ئێران بەخێرایی رێکەوتننامە قبوڵ دەکات، بەڵام پێچەوانەى سەرۆکى کوشکی سپی، جۆ بایدن، پاڵیۆراوی دیموکراتەکان بەڵێنى گەڕانەوەى بۆ نێو رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى داوە.