عێراق داواى ئەندامێتی لەبانکێکى ئەورۆپی دەکات

پ

هەڵسوراوی کارەکانى سەرۆکى بانکى ئەورۆپی بۆ نۆژەنگرنەوەو پەرەپێدان رایگەیاند ” بانکەکەیان تاوتوێی داوایەکى عێراق دەکات، کە داواى ئەندامێتى لەو بانکە کردووەو، ئێستاش ڕەوشى بەهۆى قەیرانى ڤایرۆسی کۆرۆناو، پاشەکشێ کردنى بەهاکەى نەوت تووشى ئاڵۆزی ئابووری بووە”.

دووپاتیکردەوەش ” ئەگەر ئەندامێتیەکەى پەسەند بکرێت، ڕەنگە بەغدا پارەدارکردنێک بۆ پاڵپشتیکردنى کەرتى تایبەت بەدەست بهێنێت”.

یۆرگن ریگترینک، هیماى بەوەداوە ” بڕیارى وەرگرتنى ئەندامێتى عێراق لەنێو بانک لەلایەن ئەنجومەتى پارێزگارانەوە لەکۆبوونەوەى ساڵانە دەردەچێت”، ئەو کۆبوونەوەش بڕیارە لەسێ هەفتەى داهاتوو ئەنجامبدرێت.

بانکی ئەورۆپی بۆ نۆژەنکردنەوەو پەرەپێدان (EBRD) لەساڵى ١٩٩١ بۆ یارمەتیدانى وڵاتە شیوعییە پێشووەکانى رۆژهەڵاتى ئەورۆپا دروست بوو، بۆ ئەوەى یارمەتیان بدەن، بەرەو ئابووری بازاڕى ئازاد هەنگاو بنێن، هاوکات لەساڵانى رابردووش پانتایی جوگرافی کارەکانى فراوانتر کردو، یارمەتی هەریەک لەمیسر، تونس و، مەغریبیشی داوە.

ئەمساڵیش گلۆپی سەوزیان بۆ وڵاتى جەزائیر داگیرساند، بۆ ئەوەى ببێتە ئەندامی ئەو بانکە.

ریگترینک گووتیشى ” ئەندامێتى جەزائیر پەسەند کرا، بەڵام ئومێدەوارین هەنگاوی کۆتایی بهاوێژین بۆ ئەوەى بزانین ئەو وڵاتە لەساڵى داهاتوو پارەدار کردن بەدەست دەهێنێت، یاخود نەخێر، ئەو بڕیارەش بەدەست پشکدارەکانى بانکە”.

ئاشکراشی دەکات ” فراوانبوونى زیاتر چاوەڕوانى ئەو بانکە دەکات، بەتایبەت بۆ وڵاتانى ئەفریقی بیابانى باشوور، کەبەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆسەکە دواخرا”.

حەوت گەورەترین گرووپی جیهانى پشکى شێریان لەو بانکە هەیەو، بەپێی زانیارییەکانیشى ” پێشبینى دەکات تاکۆتایی ٢٠٢١ بەبەهاى ٢١ ملیار یۆرۆ وەک وەبەرهێنان لەپاڵپشتی کردنى پەتای کۆڤید ١٩ پێشکەش بکات”.

تا کۆتایی ئابی رابردووش ئەو بانکە ئەورۆپیە ١,٣٤ ملیار یۆرۆی وەبەرهێنانى لەناوچەکانى باشوورو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە، کەمیسر، ئەردەن، لوبنان و مەغریب و تونس دەگرێتەوە، ئەمەش دوو هێندەى وەبەرهێنانەکانیەتى لەهەمان ناوچە لەساڵى رابردوو.

تاکە وڵاتێک هیچ چالاکییەکى ئەوتۆى پێشکەش نەکردووە لوبنان بووە، چونکە ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەکان کاریگەرى زۆرى لەسەر ئابوورى ئەو وڵاتە کردووە.