ئێران باس لە “دەستى ناوخۆیی” تەقینەوەکەى نەتنز دەکات
سەرەڕاى هەموو لێدوان و هەڕەشەو گوڕەشەکانى ئێران دەربارەى هێرشەکانى سەر وێستگەى نەتنزی ئەتۆمی نزیک تارانى پایتەخت، دەرکەوتووە ئەنجامدەرانى ئەو کردەوەیە “لەئەنجامی تێوەگڵانى ناوخۆیی بووە”.
بەگووتەى عەلى رەبیعی، گووتەبێژى حکومەت ” یەکێک لەئەگەرە بەهێزەکانى تەقینەوەکەى وێستگەى نەتنزی ئەتۆمی لەتەمموزی رابردوو، تێوەگڵانى دەستى نێوخۆییە”.
لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییەکانى خۆیدا ئەو بەرپرسە هیماى بەوە کردووە ” لەو کەیسە کردەوەیەکى تێکدەرانە دووپاتکراوەتەوە”.
بەڵام ئەو بەرپرسە ناسنامەى ئەنجامدەرانى ئەو تەقینەوەیەى ئاشکرا نەکردووە، تەنها ڕایگەیاند ” بەهۆى ئاڵۆزییە گەورەکانى ئەو کردەوە تێکدەرانە، چەندین دامەزراوەى ئەمنی لیکۆڵێنەوە لەو پرۆسەیە دەکەن”.
ئەمەش یەکەمجارە بەرپرسێکى باڵای ئێرانى فەرمیی باس لەتێوەگڵانى ناوخۆیی لەکردەوەى تەقینەوەى وێستگەکە بکەن.
لەماوەى رابردووش بەهرۆز کمالوەندی، گووتەبێژى رێکخراوى ووزەى ئەتۆمی ئێرانى لەسەرەتاى ئەیلوول جەختى لەوە کردەوە ” ئەنجامدەرانى تەقینەوەکە دۆزراوەتەوە”، بەڵام هیچ زانیارییەکى ووردی لەو بارەیەوە باس نەکردووە.
هەموو بەرپرسانى رژێمى ئێران کۆکن لەسەر ئەوەى “کردەوەى تێکدەرانە” لەوێستگەى نەتنز ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ لایەنێک هۆکارو ناسنامەى ئەنجامدەرەکەى ئاشکرا نەکردووە، کەزۆربەى بۆچوونەکان بۆ ئەوە دەچن ” ئیسرائیل ئەنجامدەری سەرەکیی کارەکە بێت”.
لەو بارەیەوەش رۆژنامەى جیرۆزالیم پۆستى ئیسرائیلی لەراپۆرتێکى خۆیدا باسى لەوە دەکرد کە ” تەقینەوەکەى وێستگەکە تێکدەرانێکى ماددی بووە، وەک پەیامێکی هۆشداری لەبەزاندنی هێڵە سوورەکان”.
گووتیشى ” ئامانجی تەقینەوەکە گەیاندنى نامەیەکى تووندی روون بووە، بەوەى پێشکەوتن بەرەو چەکی ئەتۆمی و، بەزاندنی هێڵە سوورەکان هیچ لێبوردنێکى بەدوا نایەت”.
لەلایەن خۆیشیەوە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشى نەتەوەیی ئێرانى لەماوەى رابردوو جەختى لەوە کردەوە ” بەهۆى هۆکارى ئەمنی، هۆکارو شێوەى تەقینەوەکەى وێستگەى نەتنزی ئەتۆمیی بڵاوناکەنەوە”.