بەهۆی ڕەخنەیەک؛ دەمیرتاش دووبارە دادگایی دەکرێتەوە
بەهۆى ڕەخنەى لەپەیوەندییەکانى داواکاری گشتى ئەنکەرا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى تورکیا، داواکاری گشتى ئەنکەرا لیستێکى نوێی تومەت دژى سەرۆکى پێشووی پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) ئامادە کردووە.
سەڵاحەددین دەمیرتاش، لەمیانەى دانیشتنى دادگایی کردنى لەکانوونى دووهەمى رابردوو، ڕەخنەى لەپەیوەندییە بەهێزەکەى یوکسیل کۆجامان و، ئەردۆگان گرتووەو، ڕایگەیاند ” ئەو پەیوەندییە پتەوەى لەنێوان داواکاری گشتى و، ئەردۆگان ماناى وانیە کە لەداهاتوو رووبەرووى دادگایی نەبێتەوە”.
لیستە نوێیەکەى تومەتە ئاراستەکراوەکانى دژى دەمیرتاش، داوا کراوە بۆ ماوەى سێ ساڵ زیندانیی بکرێت و، بیانووەکەشى ئەوەیە ” لەچوارچێوەى یاساى دژە تیرۆر، کۆجامانى کردۆتە ئامانج”.
بەڵام مەحسونى کرمان، پارێزەرەکەى دەمیرتاش لەهەژماری تایبەتى خۆى لە “تویتەر ” بەشێک لەدادبینیە بەرگرییەکەى تایبەت بەبریکارەکەى بڵاوکردۆتەوە کە رۆژى ٧ کانوونى دووهەمى رابردوو ئەنجامدرابوون.
بەپێی ناوەرۆکى بەرگرییەکەش دەمیرتاش گووتوییەتى ” ئەو کەسەى پرۆسەکەى دژى من بەرێوە دەبات، نووسینگەى داواکاری گشتى ئەنکەرایە، کە بۆ جاری دووهەم دەستگیری کردووم، هەموو ووردەکارییەکانى دووهەمجار دەستگیرکردنەکەشم دەزانم، سکاڵای تاوانکاریمان دژى یوکسیل کۆجامان، داواکاری گشتى و، جێگرەکەشی پێشکەش کردووە”.
سەرۆکى پێشووی هەدەپە باسى لە سەردانەکەى کۆجامان و خێزانەکەى بۆ کوشکی سەرۆکایەتى کردبوو، کاتێک لەگەڵ ئەردۆگانیش کۆبوویەوە، پێی گووتبوو ” ئەمانە هەمووى وەک بیانوو دەبێت پێشکەش بەدادگا بکەن”.
دووپاتیشیکردبوو ” یوکسیل کوجامان دونیا دەسوورێتەوە، کاتێک هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدرێت، بەروویەکەى دیکەت پێدەکەنی”.
پارێزەکەى ئەو سەرکردە کوردەى کە لە ٤ تشرینى دووهەمى ٢٠١٦ ـەوە، بەبێ تومەتێکى پشتڕاستکراو دەستگیر کراوە، ڕەخنەى لەلیستە نوێیەکەى داواکاری گشتى دژی بریکارەکەى گرتووە بەوەى ” ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لەدژى پەڕاوی بەرگری بەدەمیرتاش دەکەنەوە، دواتر پەڕاوێکى دیکەش دژى ئەو قسانەى لەپەڕاوی دووهەم کراوەتەوەو، هەر سەرقاڵى لیستى نوێی تومەتبارکردنى بریکارەکەمان دەکەنەوە، بۆ ئەوەى هیلاکمان بکەن، چونکە کوجامان لەدوایین جاردا لەکوشکی سەرۆکایەتى دەرکەوتووەو، ئێستاش دەیەوێت دیسان تومەت ببەخشێت”.
سەردانەکەى داواکارییە گشتیەکەى ئەنکەرا بۆ لای ئەردۆگان تەنها دەمیرتاشى توڕە نەکردووە، بەڵکو بەرەى ئۆپۆزسیۆنى حکومەتەکەى دادو گەشەپێدانى دەسەڵاتداریشی تومەتبار کردووە، بەڵام دەمیرتاش یەکەم کەس بووە ڕەخنەى لەو سەردانە گرتووەو، لەگرتووخانەکەشى ڕاگەینراوێکى بڵاوکردەوەو، ئاشکراى کرد ” ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ئەردۆگان لەدادگایی کردنى لەداهاتوو نایپارێزێت”.
تیمی بەرگرى لەدەمیرتاش سوورن لەوەى نامە کۆتاییەکەى بریکارەکەیان هۆکارێکى سەرەکییە بۆ جوڵاندنى کەیسێکى نوێ دژیان.
یەکێک لەو کەسایەتیانەى دژى ئازاد کردنى دەمیرتاش ڕاوەستاوەو، سەرەڕاى کەوتنى سەرجەم کەیسى تومەتبارییەکانی کوجامانەو، هەمیشە تومەتباری کردووە بەئەندامێتى لەپارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، کەئەمەش هیچ بەڵگەیەکى پشتڕاستکراوی نەبووە.