سامانە سروشتیەکان دەیەوێت شکستەکەى خۆى بەعێراق ساغ بکاتەوە

پ

وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێمى کوردستان لەڕاگەینراوێکدا وەڵامی وەزیرى دارایی حکومەتى ناوەندی عێراق دەداتەوە، کەباسى لەبەقاچاخبردنى نەوتى هەرێمى کردبوون، ئاماژەى بەوەداوە ” ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و ووتەکانی وەزیری دارایی عێراق ، بەڵگەی پێویست لەخۆ ناگرێت بۆ ڕاست بوونی ووتەکانی”.

ئەو وەزارەتەى هەرێم، کەتاوەکو ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانەوە پاش ساڵێک لەدەستبەکاربوونى وەزیرى بۆ دیاریی نەکراوەو، لەلایەن کەسێکى نزیک لەخۆیەوە بەرێوەدەبردرێت، باسى لەوەشکردووە ” ئەو ژمارانەی وەزارەت بڵاوی دەکەنەوە ، لەلایەن کۆمپانیای دیلۆتەوە ، مانگانە ووردبینی بۆ دەکرێت تاوەکو لەلایەن ڕای گشتییەوە ، ڕوون ئاشکرابێت”.

ئەمەش لەکاتێکدایە نزیکەى چەندین مانگە تاوەکو ئێستا نازانرێت قەبارەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەرێگەى بۆڕییەوە چەندەو، لەدەروازە سنوورییە زەمینیەکانیش بەتانکەر چەندن، ئەوانەى دەیزانن لەژمارەى پەنجەکانى یەک دەست تێپەڕناکەن.

سامانە سروشتیەکان لەدواى دروستبوونیەوە ، ئاشتى هەورامی، وەزارەتەکەى وەرگرت و، تا ئێستاش ئەو کۆتا وەزیری بووەو، کەسێکى نوێ لەجێگەى دانەنراوە، لەساڵانى رابردوو گەورەترین شکستى بەکەرتى ووزەى هەرێم گەیاند، هەر لەدۆڕاندنى چەندین کەیسى کەدژى وەزارەتەکەى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بەرز کرابوونەوە.

تەنانەت لەچەندین لێدوانى پێشووی کاتێک وەزیر بووە هەورامی دووپاتیدەکردەوە ” ئەگەر نرخی نەوتى خاو بگاتەوە ١٠٠ دۆلارو، ڕۆژانەش یەک ملیۆن بەرمیل هەناردە بکەن، تواناى چارەسەر کردنى ئاڵۆزییەکانى هەرێمى نابێت”.

ئەو وەزارەتە، هۆکارێکى سەرەکیی قەیرانەکانى هەرێمە، پاش شەش ساڵ هێشتاش نەیتوانیوە نیوەى ئەو ئاڵۆزییانەى رووبەرووى بووەتەوە چارەسەر بکات.

لەبەشێکى دیکەى ڕاگەینراوەکەى وەزارەتە سامانە سروشتیەکان، کە لەماڵپەرى فەرمیی حکومەتى هەرێم بڵاوکراوەتەوە هاتووە ” گرنگە دەسەڵاتی ئیتیحادی عێراقی ، بۆ ڕاستی و درووستی ئەو ژمارانەی کە لە نەوتەوە سەبارەت بە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت، و بەکارهێنانی و دەرهێنانیشی بە شێوەی سەربەخۆ ، پشت بە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم ببەستێت”، بەڵام لەبیری چوو کە ساڵێک زیاترە، ئەو وەزارەتە هیچ روونکردنەوەیەک و ئامارێک لەبارەى کەرتى ووزە ئاشکرا نەکردووە.

تەنانەت ئامادەش نیە، ناوەرۆکى گرێبەستە چل ساڵی و ، داشکاندنەکانى نرخى نەوت و، ئاراستەى کەشتیەکان ئاشکرا بکات.

لەبەرامبەریشدا وەزارەتى نەوتى عێراق مانگانە لەرێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕیکردنى نەوت (سۆمۆ)، ئاماری مانگانەى کۆى گشتى بەرهەمهێنان و، هەناردەکردنى نەوت و، تەنانەت نرخى یەک بەرمیل و، وڵاتانى هاوردەکاریش بڵاودەکاتەوە، کەسەرجەم داهاتەکەشی چەند بووە، ڕەوانەى وەزارەتى دارایی دەکات.

وەزارەتەکەى هەرێم پێی وایە ئەوان سیاسەتێکى سەرکەوتوویان لەکەرتى ووزە تۆمار کردووەو، داواشی لێدەکات ” هاوشێوەى هەرێم، رێگە بەووردبینى و قەبارەى بەرهەمهێنان وهەناردە کردن بڵاوبکاتەوە”.

لەساڵى ٢٠١٤ ـەوە لەدواى دروستبوونى قەیرانى دارایی و، دواتر ئاڵۆزبوونى بۆ قەیرانێکى گەورەی ئابووری، وەزارەتى سامانە سروشتیەکان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی یەک لیتریش بەسەر هاوڵاتیانى هەرێم دابەشبکات، بەڵکو هەمووى خستۆتە نێو گیرفانى کۆمپانیاکان و، بەنرخێکى زۆر کەمتر لەنرخە یاساییەکەى فرۆشتوویەتى.

جگە لەوانەش ئەو وەزارەتە، هۆکارێکى سەرەکیی قەیرانەکانى هەرێمە، پاش شەش ساڵ هێشتاش نەیتوانیوە نیوەى ئەو ئاڵۆزییانەى رووبەرووى بووەتەوە چارەسەر بکات.

بۆیە حکومەتەکەى مەسرور بارزانى، کاری لەسەر گۆڕینى وەزیرەکە کردووە، بەبێ ئەوەى جێگرەوەیەکی بۆ دەستنیشان بکات، لەو باوەڕە بووە، هۆکارى سەرەکیی ئاڵۆزییەکان ئاشتى هەورامییە، بەڵام لەبنەڕەتدا هۆکارى سەرەکیی ئاڵۆزییە ئابوورییەکەى هەرێمى کوردستان سیستەمە ئابوورییە هەڵەکەى کابینەکانى حکومەتن، کەپێیان وایە “ئابووری سەربەخۆ، دەستکەوتێکى گەورەی سیاسیە”.