سوپای پاسداران گووندەکانى سنوور چۆڵدەکات
ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران، بڕیاری داوە سەرجەم گووندە سنوورییەکانى شارى سەردەشت لەرۆژهەڵاتى کوردستان چۆڵبکات، کەماوەیەکە پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەو، سوپای پاسداران بەخۆیەوە دەبینێت.
ئامەر فەوجی سنووری ئەو شارە، پشت بەستن بەبڕیارى ئەنجومەنەکەى ئەو ناوچەیەى خستۆتە نێو “هێڵی سوور”.
بەڵام چالاکوانانى ئۆپۆزسیۆن پێیان وایە ئەو بڕیارە بەهۆى ” زۆربوونى پێکدادانەکانە لەنێوان هێزەکانى سنوورو سوپای پاسداران لەلایەک و، هێزەکانى پێشمەرگەى پارتە کوردییە نەیارەکانى رژێمى ئێران، کەتوانیویانە لەنێو چیا سەختەکاندا بارەگاو سەربازگەى تایبەتیان هەبێت”.
ئەنجومەنەکەى تاران داواشی لەسەر پارێزگاکانى ئەو ناوچانە کردووە ” سەرجەم ئەو گووندە بەهێڵی سوور دەستنیشان کراوە چۆڵ بکرێت”.
لەلایەن خۆیەوە کەمال حوسێن پوور، نوێنەرى سەردەشت لەپەرلەمانى ئێران لەنامەیەکى بۆ عەلى شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ناڕەزایەتى بۆ ئەو بڕیارە نیشانداوە.
زیانى لەزەوی و رەزو باخ و، کێڵگە کشتوکاڵییەکانى دانیشتووانى گووندەکان گەیاندووە
لەنامەکەیدا هاتووە ” ناکرێت لەژێر ناونیشانى رێنماییەکانى ئاسایشى سنوور، بەرژەوەندی و ئاسایشى خێزانە هەژارەکانى ئەو ناوچانە پشتگوێ بخرێت”.
گووتیشى ” گرنگ و کاراییە پێش گواستنەوەیان بۆ گووندەکانى دیکە ڕەزامەندی دانیشتووانى ئەو گووندانە بەدەست بهێنرێت”.
سوپای پاسداران، کەلەنێو لیستى تیرۆری زۆربەى وڵاتانى جیهانیە لە ١٠ ئەیلوول دەستى بەبۆمبارانکردنى چەند رۆژەى بارەگاکانى پارتە کوردستانیەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە.
لەڕاگەینراوێکیشدا هیمایان بەوەداوە ” لەو هێرشانەى سوپای پاسداراندا چەندین تۆپهاوێژو فرۆکەى بێفرۆکەوان و، مووشەکی هۆشمەندی هێزە زەمینیەکانیان بەکارهێنراوە”، بەگووتەى خۆیشى ” ژمارەیەکى زۆری لەنێو هێزەکانى نەیاراندا کوژراون”.
هاوکات رێکخراوى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ جەختى لەوە کردۆتەوە ” هێرشەکانى سوپای پاسداران هیچ زیانێکى لەهێزە کوردییەکان نەگەیاندووە، بەڵکو زیانى لەزەوی و رەزو باخ و، کێڵگە کشتوکاڵییەکانى دانیشتووانى گووندەکان گەیاندووە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە هەردوو رژێمى ئێرانى و تورکی، بەهاوبەشى ئۆپەراسیۆنى سەربازییان دژى پارتەکانى رۆژهەڵات و باکوور لەنێو خاکی هەرێمى کوردستان دەستپێکردووە.
ئەو هەماهەنگییەش لەتەمموزی رابردوو لەچوارچێوەى کۆبوونەوەیەکى هاوبەشى ئەنجومەنی باڵاى هاریکاری ستراتیژی ئێران – تورکیا دەستى پێکرد.
ئامانجی تاران و ئەنکەراش، ئەوەندەى بۆ هەرێمى کوردستان و، پێگەکەیەتى، ئەوەندە مەبەست لەبنبڕکردنى چالاکییەکانى پێشمەرگەو گرێلاکانى پارتە کوردییەکان نیە.
سوپای پاسداران بەشێوەیەکى بەردەوام بارەگاى حزبی دیموکراتى کوردستانی ئێران (حدکا) و، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و، پارتى ژیانەوەى ئازاد (پژاک) بۆردومان دەکات و، تورکیاش بەچڕی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)ـى کردۆتە ئامانج، هەردوو وڵاتیش لەنێو خاکی هەرێم وچیاکانى ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامدەدەن.
بیانووەکەشیان لەنێو خاکی هەرێم لەباکوورى عێراقەوە، ئەو پاراستە بەئاراستەى وڵاتەکانیان دەجووڵێنەوەو، کردەوەى چەکداری ئەنجامدەدەن.
سەرەڕاى ئەوەى لەسەرەتاى ئەیلوول عەمید یەحیا حوسێن خانی، فەرماندەى هێزەکانى سنووری پارێزگاى ئازەرباینجانی رۆژئاوا کوژرانى سێ چەکداریان لەلایەن هێزەکانى پژاکەوە ڕاگەیاند، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان باسى لەژمارەى زیاترى کوژراوان دەکات.
تاران و ئەنکەرا، مەترسییەکى زۆریان لەو هێزانە هەیە، بەوەى تواناى بەڕەنگاریکردنى دەسەڵاتەکانیان هەبێت و، لەداهاتوودا کۆنترۆڵکردنى سنوورەکانیان لەدەست دەربچێت، بۆیەش زۆربەى پێگەکانى ئەو پارتە لەنێو خاکی هەرێم دەکەنە ئامانج و، لەهەمان کاتیشدا کێشەیەکى نێوخۆیی و دووبەرەکی لەنێوان ئەو هێزانەو، هەرێمى کوردستان دروست بکەن.