ئەمەریکا فشارەکانى بۆ سەر هواوی چڕتر کردۆتەوە

حکومەتى ئیتاڵیا هەوڵدەدات رێگری لەکۆمپانیاکانى وڵاتەکەى بکات، بەوەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیز ئەنجامنەدەن، بەتایبەت لەپرسى نەوەى پێنجەمی پەیوەندییەکان.
ئەو پرۆژە بڕیارەش لەدواى کۆبوونەوەى جۆزیبی کۆنتی، سەرۆک وەزیران و، سەرۆکى پارتە هاوپەیمانەکانى حکومەتەکەى دەرچووە.
لەکۆتاییەکانى ساڵى رابردوو پێداچوونەوەیەک بەسیاسەتەکانى حکومەت کراوەو، رێنوینى ئەوەشکراوە ” بەشێوەیەکى زۆر جددی”، چاوخشاندنەوەیەک لەو پرۆسەیە بکرێت و، رێگرى لەهواوی و، کۆمپانیاکانى دیکەى چینی سوود لەکەرستەى ئەو وڵاتە بۆ پیشەسازی 5G ببینن.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەماوەى رابردوو ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، کارکردنى ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەى بوارى تەکنۆلۆژییەى پەیوەندییەکان لەوڵاتەکەى ڕاگرت و، فشاریشى خستە سەر هاوپەیمانانى هەمان هەنگاو بنێن.
هاوکات بەبیانووى پارێزگاری ئاسایش شانەشینى یەکگرتوو لەناوەڕاستى تەمموزی رابردوو، هەموو کەرستەیەکى هواوی لەبوارى پەرەپێدانى پەرەپێدانى تۆڕەکانى نەوەى پێنجەم لەسەر خاکەکەى ڕاگرت..
ژاپۆن و ئوسترالیاش بەهەمان شێوە، دەستیان بەقەدەغەکردنى هواوی کرد، بەڵام سەنگافورە، وەک خۆى ڕایگەریاندووە ” رۆڵێکى لاوەکی بەو کۆمپانیا بەخشیوەو، پشتى زیاتر بەنۆکیاو ئەریکسۆن بەستووە بۆ پێشخەستنى نەوەى پێنجەم”.
ئەمەریکا وەک تۆمارکردنێکى سەرکەوتنێکى ئابوورى بەڵێنى لەسلۆڤینیا بەدەستهێناوە بەدوور خستنەوەى سەرجەم فرۆشیارە گوماناوییەکانى تۆڕی نەوەى پێنجەم، ئەمەش پێشهاتێکى نوێیە بۆ جەنگە بازرگانییەکەى واشنتۆن و پەکین.
ئیدارەى کوشکی سپی شەڕێکى چڕی دژى گرووپى هواوی و، سەرجەم کۆمپانیا چینیەکان دەستپێکردووە، کەمەترسی دەکرێت، پرۆسەیەکە بەشێوەیەک بتەقێتەوە کاردانەوەى بەسەر هەموو جیهان هەبێت.
لەنێو خاکی فەرەنسا هواوی بەتەواوى قەدەغە نەکراوە، بەڵام رێگرى لێدەکرێت دەستى بگاتە بەشێک لەکەرستەکانى ئەو وڵاتە.
بەو هۆیەوەش ئەرجەنتین ئاشکراى کردووە ” لەلایەن ئیدارەى ترامپەوە هەڕەشەى لێکراوە، لەئەگەرى ئەنجامدانى گرێبەستى هاریکارى لەگەڵ هواوی”.
پەیامی هەڕەشەکەش لەلایەن فیلیپ سولا، وەزیرى دەرەوەى ئەرجەنتین ئاشکرا کراوە بەوەى ” ماوریسیۆ کلاڤییر کارونى، راوێژکارى ترامپ هۆشداریی داوەتە وڵاتەکەى لەئەگەری نزیکبوونەوەى لەهواوی”.
هەڕەشەکەى ئەمەریکا بۆ ئەرجەنتین ئەوە بووە ” ئەمەریکا چاو بەسەرجەم رێکەوتنە هاوبەشەکانیان دەخشێنێتەوە”.
بەپێچەوانەى زۆربەى وڵاتەکانى رۆژئاوا، رووسیا ئامادەیی نیشانداوە هاوپەیمانێتى لەگەڵ هواوی ئەنجامبدات، بۆ پەرەپێدانى نەوەى پێنجەمی پەیوەندییەکان، بەتایبەت مۆسکۆ ماوەیەکى زۆرە کار لەسەر پێشخستنى دەدات.