پارێزەرێکى ئێرانى مانگرتنی لەخۆراک شکاند

پ

پارێزەرێکى چالاکوانى بوارەکانى مافی مرۆڤی دەستگیرکراوى ئێران پاش ٤٥ لەمانگرتن لەخۆراک، بەگووتەى هاوسەرەکەى دەستى لەمانگرتنەکە هەڵگرت.

نەسرین ستودە، براوەى خەڵاتى ساخارۆفی پەرلەمانى ئەورۆپی بۆ ساڵى ٢٠١٢، پاش ئەوەى باری تەندروستى تێکدەدچێت لەگرتووخانەى ئەوین بەرەو نەخۆشانە دەگوازرێتەوەو، لەوێش لەژێر چاودێری چڕی پزیشکی دڵ و شادەمارەکان دەبێت.

بەڵام بەرپرسانى رژێمى تاران، دواى یەک هەفتە مانەوە لەنەخۆشانەى تاڵەقانی لەپایتەختى وڵات، بەباردۆخێکى خراپەوە ئەو پارێزەرە دەستگیرکراوە، کە بە ١٢ ساڵ سزا دراوە، دەگەرێنێتەوە گرتووخانەى ئەوین.

رەزا خەندان، بەمیدیاکانى ڕاگەیاندووە ” چوارشەممە ستودە لەڕەوشێکى خراپدا لەنەخۆشخانە بەرەو گرتووخانە دەگوازرێتەوە”.

گووتیشى ” بەشێوەیەکى بەردەوام پەیوەندییمان هەیەو، ئەم بەیانیە باسی لەوە کردووە ترسى هەیە باری تەندروستیەکەى نەخۆشیی دڵ خراپتر بێت، مانگرتن لەخۆراک دەشکێنێت”.

خەندان دووپاتیکردەوە ” جەستەى تواناى ئەو هەموو بەرگرییەى نیە، چونکە ٤٥ رۆژە مانی لەخواردن دەستپێکردووەو، تەنها ئەمرۆ زانیارییەکەى پێداوە”.

ستودە لە ١١ ئابی رابردووەوە، بەهۆى خراپی ڕەوشى گیراوە سیاسییەکانى نێو کۆماری ئیسلامی دەستى بەمانگرتن لەخۆراک کرد، بەتایبەت لەسەروو بەندی مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەئێران یەکێکە لەمەترسیدارترین وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ئەو پارێزەرە  کەیەکێک بووە لەو پارێزەرانەى بەرگرى لەسەر مافى ئافرەت و، چالاکوانانى وڵاتەکەى کردووەو، لەساڵى ٢٠١٨ بەتومەتى سیخوری و تێکدانى رژێمى ئێران، سەرەتا دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام ساڵی رابردوو سزاکەى دەردەچێت.

خەندانى هاوسەرى ئەو پارێزەرە بڵاویکردۆتەوە ” ڕەوشى گیراوە سیاسییەکان رۆژ لەدواى رۆژ بەهۆى پەتای کۆڤید ١٩ بەرەو مەترسیدار تر دەچێت”.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تاوەکو ئێستا سەرووى ٤٤٣ هەزار کەس لەنێو ئەو کۆمارە داخراوەدا تووشى پەتاى کۆرۆنا بوونەوەو، ژمارەى گیان لەدەستدراوەکانیش گەیشتۆتە ٢٥٤٠٠ کەس.

لەلایەن خۆیشیەوە ژان ئێف لۆدریان، وەزیرى دەرەوەى فەرەنسا، هاوخەمی خۆى بۆ خراپی ڕەوشى تەندروستى ستودە دەڕبریوەو، جەختى لەوەشکردۆتەوە “بەرپرسانى وڵاتەکەی چاویان لەوەیە نەسرین ستودە بەئازاد کراوى ببیننەوە”.