سزاو کۆرۆنا ئاڵۆزییە ئابوورییەکانى ئێران سەختتر کرد

پ

وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەڕاگەینراوێکدا ئاشکراى دەکات ” وڵاتەکەى ژمارەیەک لەکۆمپانیای چین و هۆنگ کۆنگ و، باشووری ئەفریقای خستۆتە نێو لیستى سزایەکانى خۆیەوە”.

بەپێی روونکردنەوەى ئەو وەزارەتە ” ئەو کۆمپانیانە چالاکییەکانیان لەبواری پیترۆکیمیاوییەو، سەرپێچی سزایە نێودەوڵەتیەکانى سەر ئێرانیان کردووە”.

لەنێو ئەو کۆمپانیانەش سزا دراون، سێ کۆمپانیای چینیە کەبریتیە لە “دالیان گۆڵدن سەن، بۆ هاوردەو هەناردەکردن، تیانیای ئەنتەرناسیۆناڵ، ئەوشینگ شیپ مانجمێنت”.

لەڕاگەینراوەکەدا باسى لەوەشکردووە ” سزایەکەیان کۆمپانیاى وەبەرهێنان بۆ ئاسایشى کۆمەڵایەتی هێزە چەکدارەکانیشى لەخۆ گرتووە”.

” لەمەوداى درێژخایەندا گورزێکى کوشندە بێت بۆ کەرتى نەوت”.

ئەمەش لەکاتێکدایە چەند مانگى رابردوو واشنتۆن بەتومەتى پاڵپشتى کردنى سوپاى پاسداران، سزای گەورەی بەسەر گرووپی کۆمپانیاکانى پیترۆکیمیاوی ئێرانى سزا داوە، وەک هەوڵێک بۆ ” ووشککردنەوەى سەرچاوەى پارەدارییەکانى ئەو هێزە سەربازییەى رژێمى ئێران”.

لەلایەن خۆیشیەوە وەزارەتى خەزینەى ئەمەریکا جەختى لەوە کردەوە ” وەزارەتى نەوتى تاران، ساڵى رابردوو ١٠ گرێبەستى بوارى پیشەسازی نەوت و پیترۆکیمیاوی بەبەهای ٢٢ ملیار دۆلار، بەخشیوەتە کۆمپانیاى خاتم ئەنبیا، کە باڵى ئابوورى و ئەندازیاری سوپای پاسدارانە لەو وڵاتە”.

گووتیشى ” ئەو پرۆژانە بەهاکەى یەکسانە بە چوار هێندەى بوودجەى فەرمیی ئەو سوپایە”.

تایبەت بەو پرسەش ئاژانسى رویتەرز بڵاویکردۆتەوە ” چارەگێکى پێگەی هەڵکەندنى نەوتى لەئێران، بەهۆى سزایەکانى ئەمەریکاوە بەسەر ئەو وڵاتە پەکیان کەوتووەو، قەیرانێکى خنکێنەرى بۆ ئەو پیشەسازییە دروستکردووە”.

پێشبینى ئەوەش دەکات ” لەمەوداى درێژخایەندا گورزێکى کوشندە بێت بۆ کەرتى نەوت”.

ئێران کەهاوکات ئەندامى رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوتە (ئۆپێک)، چاوەڕوان دەکریت ” پاشەکشێکردنى تواناى هەڵکەندنی نوێی نەوتى، زیانێکى بەرچاو لەئاستى بەرهەمهێنان و، هەناردە کردن بدات، چونکە زۆربەى بیرە نەوتە کۆنەکان پێویستیان بەنۆژەنکردنەوەو، خستنەروو هەیە”.

بۆیە ئەگەرى ئەوە هەیە پاش هێمن بوونەوەى گرژییەکانى نێوان تاران و واشنتۆن، ئەستەمە ئێران بتوانێت بەئاستى ئاستى بەرهەمهێنانى بگەرێنێتەوە پێش دروستبوونى ئاڵۆزییەکان.

یەکێک لەئامانجەکانى ئەمەریکا لەسزادانى ئێران، پەکخستنى کەرتى ووزەیەتى، بۆ ئەوەى خواستە ئەتۆمییەکەى و، پاوانخوازییەکانى لەناوچە هەریمایەتیەکان بەرەو لاوازی ببات.

پاش کشانەوەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥و، سەپاندنى کۆمەڵێک سزا بەسەر کەرتە ئابووریی و ووزەییەکانى ئەو وڵاتە، ئاستى بەرهەمهێنانى بۆ نیوە دابەزین و، لەساڵى ٢٠١٨ ـشدا، بەرهەمهێنانى نەوتى رۆژانەى ئێران لەدوو ملیۆن بەرمیل کەمتر بووە.

بەو هۆیەوەش کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر تووندبوونى داتەپینى ئابوورى وڵات دروستکردو، سەرچاوەى داهاتی زۆربەى هاوڵاتیانیش سەخت بوونەوە، جگە لەوانەش ژمارەیەکى زۆرى کارمەندانى کەرتى نەوت ڕەوانەى ماڵەوە کران.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەسەروبەندی داڕمانى نرخەکانى نەوت لەبازاڕەکانى جیهان و، بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئازارەکانى ئێران سەختتر بکات، بەتایبەت ئەو وڵاتە بەسێهەم گەورە بڵاوبوونى ڤایرۆسەکە لەدواى چین و ئیتاڵیا دادەنرێت.