دایکێک لەبەردەم مەترسى دیپۆرتکردنەوەدایە

پ

ژنە چالاکوانێکى رۆژهەڵاتى کوردستان لەگەڵ کوڕە گەنجەکەى لەدانیمارک لەبەردەم هەڕەشەى دیپۆرتکردنەوەیە بۆ ئێران و، لەنامەیەکدا بۆ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و مافى مرۆڤدا ئاماژەى بەوەداوە ” دواى سێ ساڵ گیرسانەوەیان لەو وڵاتە ساڵێکە کەیسەکەیان لەلایەن فەرمانگەى پەنابەرى کۆپنهاگنەوە ڕەتکراوەتەوە”.

دەریا عوسمانپوور، لەنامەکەیدا کەوێنەیەکى دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە هیماى بەوەداوە ” پاش ئەوە، لەگەڵ کوڕەکەم کە تازە گەیشتووەتە تەمەنى لاویەتییەوە، لە کەمپە جیوازەکانى تایبەت بە دیپۆرتکراوەکان، ژیانێکى قورس و پڕ لە ڕاڕایی و ترسى ناردنەوە و ڕەوانیمان بەسەر برد”.

گووتیشى ” شەو و ڕۆژ تووشى دەیان جۆر دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقین بووینەوە، ئەو ترس و تۆقینەى کە هیچ جیاوازییەکیان نەبوو لەگەڵ ئەشکەنجەو  ئازاردانەکانى کۆمارى ئیسلامى و ئێستا جەستە و ڕۆحمان لە مەترسیدایە”,

ئەمەش دەقى نامەکەى دەریا عوسمانپوورە:

دایکێک لەبەردەم مەترسى دیپۆرتکردنەوەدایە

سڵاو و ڕێز

بەندە دەریا عوسمان پوور، دایکێکى تەنیا و خاوەن کوڕێک، نزیکەى سێ ساڵ و دواى بوونى مەترسى دەستبەسەرکردنم لە ئێران بۆ هۆى چالاکى سیاسى و مەدەنییەوە، لەگەڵ کوڕەکەم ناچار بووین ڕابکەین و بگەینە دانیمارک و داواى پەنابەرى بکەین. نزیکەى ساڵێک دەبێت کە بەڕێوەبەرایەتى پەناخوازى وڵاتى دانیمارک وەڵامى ڕەتى بە کەیسەکەمان داوەتەوە.

پاش ئەوە، لەگەڵ کوڕەکەم کە تازە گەیشتووەتە تەمەنى لاویەتییەوە، لە کەمپە جیوازەکانى تایبەت بە دیپۆرتکراوەکان، ژیانێکى قورس و پڕ لە ڕاڕایی و ترسى ناردنەوە و ڕەوانیمان بەسەر برد و شەو و ڕۆژ تووشى دەیان جۆر دڵەڕاوکێ و ترس و تۆقین بووینەوە، ئەو ترس و تۆقینەى کە هیچ جیاوازییەکیان نەبوو لەگەڵ ئەشکەنجەو  ئازاردانەکانى کۆمارى ئیسلامى و ئێستا جەستە و ڕۆحمان لە مەترسیدایە.

من، دایکێک کە پاش مردنى هاوسەکەم، بارى قورسى ژیان و بەخێوکردنى کوڕەکم بە تەنیایی لە ئەستۆ بووە، بە هیواى ژیانێکى باشتر و ساغڵەم و بێ ڕاڕایی و ئاسایی بۆ خۆم و کوڕەکەم و هەڵاتن لە ئەشکەندە و ئازارى زیندان پەنام بۆ ئەم وڵاتە هێنا، بەڵام بەداخەوە…

نها لە کۆمەڵگەى مافى مرۆڤ و ڕێکخراو و کەسایەتى و حیزبەکان داواخوازم کە بە کەیسەکەم ڕابگەن و هاوکارم بن. هیوادارم بتوانن هاوکارمان بن لەم دۆخە خراپە ڕۆحى و ڕەوانى و ئازاردەرە، بەڵکو بەرهەمێکى هەبێت بۆمان.

لەگەڵ ڕێزى زۆر

دەریا عوسمان پوور