گورزى گەورە لەنەوت دەدرێت

پ

ئاڵۆزییەکانى بازاڕەکانى جیهان بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو، ناکۆکییەکانى دوو زلهێزى بەرهەمهێنەرى نەوت لەسەر نرخەکان وئاستى خستنەرووەکان، نرخەکانى نەوتى خاو لەبۆڕسەکانى جیهاندا پاشەکشێیەکى بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و، نرخى خاوی پێوانەیی هەر بەرمیلێکى بۆ خوار ٣٠ دۆلار دابەزاند.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەرى جیهان زۆربەى بازاڕە ئابوورییەکان رووبەرووى زیانێکى گەورەى دارایی بوونەتەوە، لەنێویاندا کەرتى ووزەیە، بەتایبەت دواى شکستهێنانى دانووستاندنەکانى ریکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) و، رووسیاو هاوپەیمانەکانى کە بەرێکەوتنى ئۆپێک پڵەس ناسراو بوون.

لەدوو هەفتەى رابردوو هەریەک سعودیە، وەک گەورە بەرهەمهێنەرى نێو ئۆپێک و، رووسیا وەک گەورە بەرهەمهێنەرى سەربەخۆی نەوت نەگەیشتنە رێکەوتنێک بۆ درێژکردنەوەى ئەو رێکەوتنەش چوار ساڵ پێش ئێستا بۆ پاڵپشتى کردنى نرخە نزمەکانى نەوت کەلەدواى ٢٠١٤ رووبەرووى پاشەکشێیەکى گەورە بوویەوە.

بەو هۆیەوەش ریاز بڕیاریداوە ” سەرجەم گرێبەستە دواخراوەکانى مانگی نیسان، بەداشکانێکى گەورە بۆ سەرجەم بازاڕەکانى جیهان بفرۆشێت و، لەهەمان کاتیشدا ئاستى بەرهەمهێنانى بەرز بکاتەوە”، کەئەمەش واتاى نقووم کردنەوەى بازاڕەکانە بەنەوتى خاوی هەرزان.

بەو هۆیەوەش پێشبینى جەنگی نرخەکان لەنێو بەرهەمهێنەرانى نەوت، بەتایبەت لەلایەن ئۆپێکەوە کەنزیکەى سەدا ٣٠ پێداویستیەکانى بازاڕى جیهانی دابین دەکات، دروست ببێت.

سعودیە لەبارەى بەرز کردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى ڕایگەیاندووە ” بۆ بەدەستهێنانەوەى پشکە لەدەستدراوەکانیەتى لەبازاڕە جیهانیەکان”.

بەو هۆیەوەش لەیەکەم مامەڵەى بازرگانى دووشەممەدا، نرخەکانى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو رووبەرووى دابەزین بوونەوەو، بەجۆرێک نەوتى پێوانەیی برێنت بەسەدا ١١,٢ پاشەکشێی کردو، نرخى هەر بەرمیلێکى بۆ ٢٨ دۆلارو ٥٢ سەنت دابەزین، کەئەمەش نزمترین ئاستە لەدواى کانوونى دووهەمى ٢٠١٦.

هاوکات نەوتى خاوی رۆژئاواى تێکساسی ئەمەریکى ئەویش نزیکەى سەدا ٩,٦ بەهاکەى لەدەستداو، لەکاتى داخستنى بازاڕەکان هەر بەرمیلێکى بە ٢٨ دۆلارو ٧٠ سەنت کۆتایی بەمامەڵەکانى خۆی هێنا، کەئەویش بەبەراورد لەگەڵ شوباتی ٢٠١٦ نزمترین ئاستى پێوانەیی دابەزینەکانى بوون.

ئەمەش لەکاتێکدایە نرخى نەوتى خاو لە ٥ کانوونى دووهەمى ئەمساڵدا بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمار کردووە، کاتێک نرخی یەک بەرمیلی لەبازاڕەکان بە ٧٠ دۆلارو ٢١ سەنت فرۆشڕان، کەئەو کات مەترسیی سەرهەڵدانی جەنگێکى خوێناوى بوون لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمارى ئیسلامی ئێران، کە دوو رۆژ بەسەر کوشتنى ، قاسم سولەیمانى، فەرماندەی پێشووى سوپای قودس لەنزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا تێپەربوون.

لەلایەن خۆیشیەوە ئەمین ئەلناسر، سەرۆکى جێبەجێکارى کۆمپانیاى نەوتى ئارامکۆی سعودیە ئاشکراى دەکات ” ئەگەر ئەوە هەیە کۆمپانیاکەیان ئاستى بەرهەمهێنانى خۆى لەهەمان سنوورى داتاکانى نیسان بەبەرزی بهێڵێتەوە”، ئەمەش واتاى درێژە دانە بەخستنەرووى نەوتى زیاتر بۆ ئەوەى بازاڕەکان دووبارە لەگەڵ نەوتى هەزران رابهێنرێنەوە.

لەو نێوەندەش کۆمپانیاى ئای ئێچ ئێس مارکێت دەڵێت ” پێشبینى دەکرێت سعودیەو بەرهەمهێنەرانى دیکە زەبەلاحترین تێربوونى بازاڕەکان لەخستنەرووى نەوتى خاو لەمێژوودا دروست بکەن”.

جێم بۆرکهارد، جێگرو سەرۆک و بەرێوەبەرى بازاڕەکانى ئەو کۆمپانیایەش دووپاتیدەکاتەوە ” بەهیچ شێوەیەک نقوومبوونێکى جیهانى لەو شێوەیە لەبازاڕەکاندا رووینەداوە”.

گووتیشى ” ئەمەش بەرزترین ئاستى خستنەرووە لەماوەى شەش مانگی رابردوو، کە بڕیارە ٣٦٠ ملیۆن بەرمیلی نوێ بخرێنە نێو بازاڕەکانەوە”.

وەک درێژەدان بەشکستى گفتوگۆییەکان، کۆبوونەوەیەکى چاوەڕوان کراو لەنێوان بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان لەڤیەننا هەبوون، بەڵام بەهۆى نەبوونى خواست لەنێوان هەردوو زلهێزە نەوتیەکە دانیشتنەکە هەڵوەشایەوە.

سەرەڕاى بەرزبوونەوەى گرێبەستە دواخراوەکانى نەوتى خاو لەبازاڕەکانى ئاسیا، بۆ سنوورى ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام مەترسییەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا هێشتا زاڵە بەسەر ئەو کەرتە، چونکە تاوەکو ئێستاش چین وەک گەورە بەکاربەرى ئەو ووزەیە، نەیتوانیوە بەتەواوەتى بەسەر ئەو پەتایە زاڵ بێت.