بۆڕسەکانى ئەمەریکا سوور دەپۆشن

پ

لەمامەڵەى پێش کۆتایی هەفتانەى خۆیدا بۆڕسەى وۆڵ ستریتى ویلایەتە یەکگرتووەکان و، پێنوێنە سەرەکییەکەى داو جۆنزی خراپترین ئاستى مامەڵەداریی خۆیدا تۆمار دەکات کە، لەدواى ١٩٨٧ بەو شێوەیە تۆماری نەکردووە.

داڕمانەکەى ئەو پێنوێنەی بۆڕسەدا لەکۆتا مامەڵەکانى پێنجشەممەى بەسەدا ١٠ ـى پاشەکشێ کردنى بەهاکەى بووەو، گرنگترین هۆکاری ئەو دابەزینەش بۆ تۆقینەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە ناوە زانستیەکەى کۆڤید – ١٩ یە.

بەپێی ژمارە تۆمارکراوەکانیش داو جۆنز بەسەدا ٩,٩٩ کۆتایی بەدانیشتنەکانى خۆی هێناوەو، لەئاستى ٢١ هەزار خاڵ جێگیر بوو، لەبەرامبەریشدا پێنوێنى ناسدا سەدا ٩,٤٣ ـى بەهاکەى لەدەستداوەو، لەسنوورى ٧٢٠١,٨٠ خاڵ جێگیر بوون.

لەو نێوەندەشدا پێنوێنى ستاندارد ئاند پورز – ٥٠٠ ، کە لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە پێچەوانەى پێشبینیەکان گەشەى بەخۆیەوە دەبینى، ئەویش لەنێو گرووپی زیان لێکەوتووەکاندا خۆى بینیوەو، سەدا ٩,٥١ پاشەکشێی کردو، کۆى گشتى خاڵە تۆمارکراوەکانى گەیشتە ٢٤٨٠,٧٣ خاڵ.

ئەو پێنوێنە کە پشکى ٥٠٠ گەورە کۆمپانیاى تۆمارکراوى بۆڕسەى نیویۆرک لەخۆ دەگرێت، لەکۆتایی مامەڵەى ئەو رۆژە چووە قۆناغی ” بازاڕە داڕماوەکان”، کە ماناى ئەوە دەگەیەنێت ” بەبەراورد لەگەڵ دوایین ئاستە پێوانەیی تۆمارکراوەکانى سەدا ٢٠ بەهاکەى لەدەستداوە”.

زۆربەى پشکەکانى بۆڕسەى نیویۆرک لەگەڵ کردنەوەى بازاڕەکان مەترسیی و دڵەراوکێی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێبوو، باڵى بەسەر مامەڵەداران کێشابوو، سەرەڕاى ڕاگرتنى مامەڵەکردن بۆ ماوەى ١٥ خوولەک، بەڵام پاشەکشێیەکان هەر بەردەوامییان هەبوو، تەنها رێگە بەوەبەرهێنەران درا، هەناسەیەک هەڵکێشن و، شۆکەکە قووت بدەن.

بەو هۆیەوەش ڤایرۆسە جیهانیەکە کۆتایی بەزنجیرە بەرزبوونەوەو چنینەوەى قازانجەکانى بۆڕسەکانى هێناو، بەزمانە ئابوورییەکەش هەمووان کەوتنە ژێر چەپووکی وورچی زلهێز، تا کۆتایی هاتنى ئەو قەیرانە نێودەوڵەتیەکەش کەس ئومێدی گەشەیەکى ئەوتۆى بەبازاڕەکان نەماوە.