ئاماژەو پەیامەکانی پشت مووشەک بارانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر
ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو، بەشێک لەگرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر فرۆکەخانەی ھەولێر، چەندین پەیام و ئامانج لەخۆدەگرێت، لەوانەش :
* بەئەمەریکاییەکان و ھاوپەیمانانی دەڵێت لەھەرکوێیەکی عێراقدابن دەستی ھێرشی ئێمەتان پێدەگات .
* ئەگەر بنکە سەربازیی و دیبلۆماسیەکانیش بگوازرێنەوە بۆ کوردستان لەھێرشەکان بەدوورو پارێزراو نابن .
* ئەم گرووپانە کوردستان بەدۆستی ئەمەریکاو رۆژئاوا دەزانن، ئەو پەیامەیان پێداین، کە ئەگەر ھەرێم لەسەر ئەم ھەڵوێستانە بەردەوام بێت دەبێتە ئامانجی ئەوان .
ھێرشەکانی حەشدی شەعبی، بەبێ دیراسەو ھەرەمەکیانەو لەخۆرانەبووە؟، پێشوەختە نەخشەو پیلان و دیراساتی زۆر وردی بۆ کراوە، خوێندنەوەکان بەو ئاراستەیەن کە بەشێکی جوڵە سەربازیەکانی حەشدی شەعبی بگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھێرشەکانیش لەناوچە دابراوەکەنی کوردستانەوە کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دایە لەرێگای موشەکەوە ئەنجامبدرێن.
کوردستان وململانێکانی ئێران و ئەمەریکا
ھەرێمی کوردستان لەستراتیژو سیاسەتی خۆیدا ھەمیشە ھەوڵی راگرتنی باڵانسی لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا داوە، بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆش نەیویستووە ببێتە بەشێک لەو ئاگرەی لەنێوان ئەمەریکاو ئێراندا لەسەر خاکی عێراق ھەڵگیرساوە، ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سیاسەتی دروستکردنی متمانەو پەیوەندی تۆکمەو ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەئەجندادایە.
دەکرێت بەدڵنیاییەوە ئەوە بوترێت چ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و، چ ھێزە سەرەکیەکان کە لەپارتی و یەکێتی وبزوتنەوەی گۆران پێکدێن لەگەڵ تەواوی حزبەکانی کوردستان، ھەمیشە لایەنگری دوور خستنەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بوون لە شەری بەوەکالەتی ئێران و گرووپەکانی لەگەل ھێزەکانی ئەمەریکا.
کاردانەوە و خێراکانی ھەرێم بۆھێرشە موشەکییەکان
کاردانەوە سەرەتاییەکان و دەست بەجێ ئاشکرا کردنی شوێنی ھێرشەکان و، تەنانەت گرتنی وێنەی ئەو ئۆتۆمبیلەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستە کراوە، ئاماژەی بەھێزی ھەرێمی کوردستانەو دەرخەری ئەو راستیەشە کە حکومەتی ھەرێم لەتوانیدایە، وەڵامی زۆر خێراو زانیاری زۆر دروستی ھەبێت لەسەر ئەنجامدەرانی ھێرشەکەو، ئەوانەی لەپشتیانەوەن، کەئەوەش بۆ رای گشتی کوردستان و جیھانیش بایەخی گەورەی خۆی ھەیە، ھەڵوێستی سیاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەجێگای خۆیدابوو، بەتایبەت خێرا ھاتنە سەرھێڵی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و دەرکردنی بەیاننامەکەی و، قسەکردن لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جوڵەو ھەنگاوێکی ژیرانەو وەڵامدانەوەی خێرای دۆخەکەش بوو .
حکومەتی ھەرێمی کورستان پێویستە چی بکات
یەکێک لەوھەنگاوانەی کەپێویستە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بیکەن، داواکردنی کۆبونەوەی خێرای ھەموو حزبە سیاسیە کاریگەرەکانی کوردستانەو، یەکخستنی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردستانە لەبەرامبەر ئەم پێشھاتە مەترسیدارە، ھاوکاتیش داواکردن بۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی لەرووی یاسای و سیاسیەوە پشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی حکومەتبن لەھەنگاو ھەڵگرتن بەئاراستەی پێشھاتەکانی ئەم قەیرانە، کە چاوەروانی ئەوەی لێدەکرێت و رووداوی ئەگەری چاوەروان نەکراوی زۆرتر بەدوای خۆیدا بھێنێت، پەیوەندیگرتن لەگەڵ دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت سەرۆککۆماری عێراق، کەدەکرێت رۆڵی سەرۆککۆمارو پشتیوانی ئەو بۆ کوردستان لەم دۆخەدا کاریگەری و قورسایی زۆری ھەبێت، ھەم لەئاستی ناوخۆی عێراق ھەم لەئاستی نێودەوڵەتیش .
رۆڵی ئەمەریکاو ھاوپەیمانان
یەکێکیتر لەو ھەنگاوانە پێویستە بەپەلە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتەواوی ھێزەسیاسیەکانی کوردستانە ھەنگاوی بۆھەڵبگرن، داوای ھەڵوێستی ئاشکراو روون لە ئەمەریکاو رۆژئاوا بکەن، بەئیدانەی ھێرشەکەو پشتیوانی سیاسی و سەربازی و ئابووری کوردستان بکەن، چون لەم پیشھاتانەدا دوو مەترسی رووبەرووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە
* ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی کەبە ھێزی بەرگری نێو حەشد ناسراون راستەوخۆ ھێرش بکەنە سەربەرژەوەندییەکانی کوردستان.
*حەشدو ھێزەکانی تری نزیک لەئێران لەرێگای پەرلەمنتارەکانیان و، رای گشتی شیعەوە فشار لەکازمی بکەن بۆ برین و راگرتنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان .
ھەڵوێستی رای گشتی کوردستان
راستیەک ھەیە دەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان بیزانێت .
کە گەندەڵی و کێشە ناو خۆییەکانی کوردستان نابێت ببێتە بەھانە بۆ بێدەنگ بوون یان نەمانی یەکریزی کوردستان، لەبەرامبەر پێشھاتە نوێیەکانی ئێستای عێراق و کوردستان، چۆن ئامانجی بەشێک لەگرووپەکانی حەشدی شەعبی تەنھا ئەوە نیە ھێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق دەربکرێن، بەڵکو ئەوان لەبنەرەتەوە دژی ھەموو مافێکی خەڵکی کوردستانن و، ھەمیشە کورد بە لایەنگری ئیسرائیل و ئەمەریکا تۆمەبەتباردەکەن، بۆیە ئەگەر ھێزەکانی ئەمەریکاش لە عێراقدا نەمێنن، ئەم میلیشیایانە ئامانجی دوور مەودایان لەباربردنی ھەموو خەون و مافێکی خەڵکی کوردستانە.
ئەم ھێزانە لەدوای داعش بەمەترسیدارترن ھێز دائەنرێن کەھیچ بروایەکیان بەمافەکانی مرۆڤ، ئازادی سیاسی ،ئازادی ئاینی ئازادی مافە کەسیەکان، مافەکانی ژنان نیەو ئەو نمونانەشی کە لەعێراق بینیومانن لە تاڵانی و دزی ، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داھات ، سەرانەو باج ، تیرۆری کەسەیاتیە سیاسی وئاکادیمیەکان ، تیرۆر کردنی ھەڵسورێنەرانی خوپیشندانەکان، ھێرشکردنە سەر نێردەو باڵوێزە دیبلۆماسیەکانی وڵاتانی جیھان دواین تاوانکاریشیان موشەک بارانکردنی فڕۆکەخانەی ھەولێر بوو .