فەرەنساو ئەڵمانیا کەرەنتینە دەکرێن

پ

لەپێناو بەرەنگاربوونەوەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو وڵاتەکانیان هەریەک لەفەرەنساو ئەڵمانیا، رێکاری تووند دەگرنە بەرو، لەدوایین پەیامیشیدا سەرۆک کۆماری فەرەنسا، بڕیاریدا بۆ ماوەى یەک مانگ قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەسەرتاسەرى وڵاتەکەى رابگەیەنێت.

لەگووتەیەکیدا ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاند ” شەپۆلى دووهەمى بڵاوبوونەوەى کۆڤید ١٩ تووشى شۆکی کردوون و، زۆربەى نەخۆشخانەو کەرتى تەندروستى تواناى لەخۆ گرتنى ئەو قەبارە زۆرەى تووشبووانى ئەو پەتایەى نیە”.

بەپێی لێدوانەکەى ماکرۆن، قەدەغەکردنى هاتووچۆى ئەمجارە بەبەراورد لەگەڵ مانگی ئادارو نیسانى رابردوو، تاڕادەیەک ئاسانکاری زیاتری تێدا کراوەو، رێگە بەچەند کەرتێک دراوە کاروبارەکانی خۆیان ئەنجامبدەن.

هەنگاوەکانى پاریس لەکاتێکدایە لەماوەى سێ رۆژى رابردوو رێژەى تووشبوون بەو پەتایە لەو وڵاتە لەسنوورى ٥٢ هەزار کەس لەرۆژێکدا دانەبەزیوەو، ئەمەش مەترسیی زۆری بۆ کەرتى تەندروستى دروستکردووە.

ماکرۆن گووتیشى “قەدەغەکردنەکە سەرتاسەرییەو، پێدەچێت تاوەکو سەرەتاى مانگی کانوونى یەکەمی داهاتوو بەردەوام بێت، بەڵام قوتابخانەکان بە کراوەیی دەمێننەوە، لەبەرامبەردا چێشتخانە ورێستۆرانت و دووکانە ناپێویستەکان دادەخرێن”.

هیماى بەوەشداوە ” ئەگەر لە ئێستادا نەجوڵێین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوا لە ماوەی مانگێکدا بەلایەنی کەمەوە ٤٠٠ هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە تۆماردەکرێت.”

ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٥٢٣ حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند، پزیشکانی وڵاتەکەش هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی یەکەکانی چاودێری ورد خەریکە دەگەنە ئەوپەڕی توانایانەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەڵمانیا تاوتوێی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی توند دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو ڕێوشوێنانەش داخستنی باڕ و چێشتخانە و هۆڵەکانی وەرزش و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە.

بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و فەرمانڕەواکانی هەرێمەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، ڕێوشوێنە نوێیەکان لە ٤ ی مانگی یانزەوە دەست پێدەکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دەیر لین وتی یەکێتیەکە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ کڕینی پشکنینی خێرا و دابەشکردنیان دابین دەکات.

ئەمە لەکاتێکدا لە ئێستادا ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان خێراتر بڵاودەبێتەوە، ڕۆژانە لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ئەوروپا ٢٢٠ هەزار توشبووی نوێ تۆمار دەکات، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە سەدا ٤٤ زیادیکردووە