ووزەى نێودەوڵەتى فشارەکانى بۆ سەر ئێران تووندتر دەکات

پ

ئەنجومەنى پارێزەرانى ئاژانسى ووزەى ئەتۆمی کە ٣٥ وڵات لەخۆ دەگرێت داواى لەئێران کردووە ” رێگرى لەپشکێنەرانى ئاژانسەکەیان نەکات بۆ چوونە نێو پێگەى کۆن”، هاوکات داوای هاوکارییەکى تەواویشی لەتاران کردووە لەگەڵ ئاژانسەکەیان.

ئەو بڕیارەى کەئەو ئاژانسە بەزۆرینەى دەنگ و، بەناڕەزایی چین دەرچووە، فشارێکى زۆرتری خستۆتە سەر رژێمی ئێران، تاوەکو رێگە بەپشکێنەران بدرێت بچنە نێو ئەو دوو پێگەیەى کەپێیان گەیشتووەو، لەنێو راپۆرتەکەی خۆیدا باسى کردووە.

چونکە بەگووتەى چەند سەرچاوەیەک ئەگەرى ئەوە هەیە ” ئەو دوو شوێنە موڵگەى کەرستەى ئەتۆمی ئاشکرانەکراو بن، یاخود پاشماوەى پرۆسەى ئەتۆمی بێت و، تاران نەویستووە ئاشکرا بکرێن”.

بڕیارەکەش لەلایەن فەرەنسا، بەریتانیاو ئەڵمانیا دەرچووەو، ئاژانسى رویتەرزیش وێنەیەکى بڵاوکردۆتەوەو، تێدا هاتووە ” ئەنجومەنی پاڕێزەران داوا لەئێران دەکات هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئاژانسەکە بکات و، سەرجەم داواکارییەکانى بەبێ دواخست جێبەجێ بکات، لەنێویدا ئەگەرى گەیشتنى دەستبەجێ بۆ ئەو شوێنانەى ئاژانسەکە دیاریی کردووە”.

لەپاش رێکەوتنە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و پێنج کۆ یەکى وڵاتانى جیهان، سەرجەم ئەو ناوچانەى کەئاژانسى ووزەو، دەزگاى هەواڵگری ئەمەریکا پێیان وابووە بەرنامەیەکى نهێنى چەکی ئەتۆمیی تارانە داخران، بەڵام ئیسرائیل لەرێگەى دەستکەوتنى کۆمەڵێک زانیاری نهێنى لەئەرشیفی ئەو وڵاتە، ئاشکراى کردووە کە ” بەڵگەى نوێن و، کلیلی چەندین نهێنى ئەو بەرنامە ئەتۆمییە کۆنەیە کە تاران لە ٢٠٠٣ ـەوە دایخستوون”.

هاوکات ئا ژانسەکە گومانى لەوەش هەیە، کە ئەو ناوچەیەى لەراپۆرتەکەیدا هاتووە ” پەیوەندیی بەپەرەپێدانى چەکی ئەتۆمی هەبێت و، لەدەیەى یەکەمى ئەم سەدەیە کاری تێدا کرابێت”.

لەلایەن خۆیەوە تاران هیماى بەوە کردووە ” ئاژانسەکە پشت بەستن بەزانیارییەکانى تەل ئەبیب، دەیەوێت بچێتە ئەو ناوچانەو، ئەم هەنگاوەش جێی قبوڵکردن نیە”.

سووریشە لەوەى سەرجەم ئەو چالاکییانە بەتەواوی داخراون.

بەشێک لەدیپلۆماتەکانى نێو ئاژانسەکە دەڵێن ” بڕیارەکە کەیەکەمجارە لەدواى ٢٠١٥ دەردەچێت، بەزۆرینەى دەنگ کە ٢٥ ئەندام بووە، لەبەرامبەر دوو دەنگ کەبریتی بوون لەرووسیاو چین، پەسەند کراوە، ئەو دوو وڵاتەش هاوپەیمانى تارانن”.

لەلایەن خۆیەوە رافاییل گروسی، بەرێوەبەرى ئاژانسەکە بەرۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند ” ڕاگەینراوەکە روونەو، بەنیازم بەمنزیکانە لەگەڵ ئێران دانیشین و، هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەى بەخێرایی ئەو پرسە چارەسەر بکەین، سەرەتاش لێرە لەگەڵ باڵیۆزەکەیان دەستپێدەکەین و، پاشان دەبینین”.