مۆرینیۆ بەرامبەر یانەی پێشووی یاریدەکات

پ

لە خولی ئینگلیزیدا بە بەڕێوەچوونی دوو یاری گەڕێکی نوێی خولەکە بەڕێوەدەچێت.

لە یاری یەکەمدا کاژێر 20:00 بە کاتی باشووری کوردستان نۆرویچ سیتی میوانداری ساوسهامتۆن دەکات.

یاری دووەمیش یاری لووتکە دەبێت کاتێک یانەی تۆتێنهام لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات.

بۆ یارییەکە سەرجەم یاریزانانی هەردوولا ئامادەن، بەڵام ئەوەی جێی گومانە بەشداریکردنی پۆل پۆگبایە لە یارییەکەدا، هەروەها لە یانەی تۆتینهام دێلی ئالی سڕکراوە و یاریناکات.

پێش ئەم یارییە خۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری تۆتێنهام گوتی، هاری کەین ماوەی زیاتر لە شەش مانگە یاری نەکردووە، بەڵام ئێستا زۆر باش مەشقەکانی ئەنجامدەدات، دەتوانم بڵێم لە یاری ئەمڕۆماندا بەشێوەیەکی سەرەکی یاریدەکات، رەنگە 60 خولەک یاریبکات، رەنگە 90 خولەک یاری بکات، نازانم، لەو باوەڕەدام لە یارییەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە کەین چەند خولەک یاریدەکات، راستە ئامادەیە، بەڵام شەش مانگە یارینەکردووە، هەرچەندە ئەو یاریزانێکی پیشەگەری ئاستبەرزە و بە دڵنیاییەوە لە پێکهاتەی سەرەکیماندا دەبێت.

سپێشەڵ وەن زیاتر گوتی، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ هاری کەین، سۆن هیونگ مین و موسا سیسۆکۆ یاریمان کرد، بەڵام ئێستا هەرسێکیان ئامادەن و بەیەکەوە یاریدەکەن، بەداخەوە دێلی ئالی سڕکراوە و یاریناکات، ئێمە بۆ ئەوە ناگرین، ئەوە لەبیر دەکەین کە دێلی ئالیمان لەگەڵدا نییە.

لەلایەن خۆیەوە سۆلشایەر گوتی، ئەمە یارییەکی گەورەیە، بەرامبەر بە یەکێك لە باشترین یانەکانی پرێمەرلیگ یاریدەکەین، بەرامبەر یانەیەک کە ساڵێک پێش ئێستا لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان بوو، لەبەر ئەوە دەزانین یارییەکی زۆر قورس دەبێت بۆ ئێمە، باش راهێنانمان کردووە و بە هەموو هێزمانەوە یاریدەکەین، یاریزانانم ئامادەن و دڵنیام باشترین ئاست پێشکەش دەکەن.