ئابوورى عێراق لەبەردەم شۆکێک دایە

وەزیرى دارایی حکومەتى عێراق هۆشداریی ئەوەى داوە ” ئابوورى وڵاتەکەى رووبەرووى شۆکێک دەبێتەوە، ئەگەر رێکارەکانى چاکسازی لەماوەى کەمتر لەساڵێکدا پەیڕەو نەکرێت، ئەوا تواناى چارەسەر کردنى نامێنێت”.
عەلى عەلاوی، هیماى بەوەشداوە “پێویستە ٤٠ ملیۆن عێراق بخرێنە ژێر سیاسەتى سکهەڵگوشین، کەڕەنگە نزیکەى دوو ساڵ بخایەنێت”.
ئەو وەزیرەى حکومەتى بەغدا بەئاژانسى فرانس پرێسی گووت ” چاکسازی پرسێکى پێویستە، ئەگەر ئەمساڵ پرۆسەکە ڕاستەرێ نەکەین، ڕەنگە رووبەرووى شۆکەکان ببینەوەو، تواناى چارەسەرکردنیمان نەبێت”.
پێشبینیەکان باس لەوە دەکەن ” ئابوورى عێراق ئەمساڵ بەرێژەى سەدا ١٠ رووبەرووى بەخۆداچوونەوە دەچێت”.
عەلاوی، کەئەمجارە بۆ دووهەم خوول دەبێتەوە وەزیرى دارایی لەدواى حکومەتى راگوزەری ٢٠٠٥ – ٢٠٠٦ جەختى لەوە کردەوە ” ڕەوشى ئەمرۆ خراپترین قۆناغە، چونکە بەغدا رووبەرووى حاڵەتێکى ئابووری چاوەڕوان نەکراو بووەتەوەو، مانەوەو نەمانی لێچاوەڕوان دەکرێت”.
یەکێک لەهۆکارەکانى ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ئابوورى عێراق، بۆ زۆری ژمارەى مووچەخۆران و، داڕمانى نرخەکانى نەوتە کەحکومەتى بەغدا بەتەواوی پشت بەداهاتەکەى دەبەستێت، بەجۆرێک لەدواى ٢٠١٤ کاتێک نرخەکانى نەوت رووبەرووى داڕمان بوویەوە، دەستبەجێ عێراق تووشى قەیرانی دارایی بوویەوە.
خەزێنەى دەوڵەت تەنها دوو تریلیۆنى تێدا بوون
بەپێی دوایین ئامارەکانیش ئێستا سەرووى چوار ملیۆن فەرمانبەری هەیە، لەپاڵ ئەوانەش ژمارەیەکی بەرچاویش مووچەى خانەنیشینى و چەندین مووچەی جۆراجۆر وەردەگرن، کەمانگانە بوودجە پێویستى بەنزیکەى چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار هەیە، تاوەکو بتوانێت بەشێوەیەکى تەواو و لەکاتى خۆیدا دابەشیان بکات.
لەلایەکی دیکەشەوە لەنێوان پێنج عێراقی یەکێکیان هاریکاری حکومەت وەردەگرێت، کەئەمەش پسوولەى خەرجییەکانى دەوڵەتى قورستر کردووەو، پێویستە لەپاڵ داڕمانەکانى نرخى نەوت و، نەبوونى کڕیار لەبازاڕەکاندا بەدواى سەرچاوەى دیکە بگەرێت.
بەپێی بۆچوونەکانى عەلاوی، حکومەت مووچەى مانگەکانى حوزەیران و تەممووزی لەرێگەى قەرز کردن لەبانکە حکومییەکان لەوادەى خۆیدا دابەشکردووە.
بەڵام هۆشداری ئەوەى داوە ” ئەو رێکارانە بۆ ماوەیەکى کورتن، ئەگینا کاریگەرى لەسەر پەیکەربەندی نرخەکان دەکات و، دواتریش کاریگەرى لەسەر هەڵاوەسان دەبێت، کەئەمەش راستەوخۆ یەدەگی نەختینەو، نرخی ئاڵوگۆ تووشى ئاڵۆزی دەکات”.
دووپاتیکردەوە ” حکومەت لەبەرەنگاربوونەوەى خەرجییە بەرزبووەکان، خۆى لەبەردەم خەزێنەیەکى بەتاڵ دۆزیەوە”.
وەزیرەکەى بەغدا دەشڵێت ” پێویستە حکومەت مانگ ونیوێک خەرجی لەبەردەست بێت پێش ئەوەى رووبەرووى قەیرانەکان ببێتەوە”.
بەگووتەى عەلاوی ” پێویست بوو نەختینەیەک لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ تریلیۆن دینار لەبەردەست بووایە، بەڵام خەزێنەى دەوڵەت تەنها دوو تریلیۆنى تێدا بوون”.
پسپۆڕانی ئابوورى لەنێویاندا خوودی وەزیرى دارایی حکومەتى بەغدا پێیان وایە دەبێت پێداچوونەوەى تەواو بەسیستەمی دارایی عێراق، کەدووهەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوتە لەنێو رێکخراوی وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک)ـە بکرێت.
تەنانەت دەبێت دەسەڵاتەکانیش ئەو کەلێنانەى لەنێو خشتەی خەرجییەکاندا هەیە، چارەسەر بکرێن، بەتایبەت لەنێو دەبڵ مووچەو، بندیوارەکاندا، کەلەنێو لیستى مووچەدا مانگانە پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەبێ ئەوەى فەرمانبەرى دەوڵەت بن.