راپەرینى عێراقییەکان دەسەڵاتى تۆقاندووە
سەرەڕاى دەسەڵاتێکى بێسنووری هێزە سیاسییە ئایینە شیعەکانى عێراق کەدواى ٢٠٠٣ ـەوە بەدەستیان هێنا، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانى خۆپێشاندانە جەماوەرییە سەرتاسەرییەکانى تشرینى یەکەم (ئۆکتۆبەر)ـى ٢٠١٩، زۆربەى جومگەکانى دەسەڵاتى ئەو هێزانە تووشی شڵەژانێکى سیاسیی گەورە بوونەوە.
خۆپێشاندەران پتر لەساڵێکە بەهەموو شێوەیەک سیستەمى سیاسیی تایفی وڵاتەکەیان ڕەتدەکەنەوەو، داوای حکومەتێکى نیشتیمانى عێراقی بونیاتبنرێت، بەڵام وەڵامى خۆپێشاندەران لەو کاتەوە تاوەکو ئەمرۆش هەر بەفیشەک و، سەرکووتکردن وەڵام دراونەتەوە.
پاش بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، پانتایی خۆپێشاندانەکان هیور بوونەوە، بەڵام لەیەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانى خۆپێشاندانە جەماوەرییەکە، دووبارە گروتینێکى زیاتری بەخۆیەوە بینی، ئەمەش گرووپە ئیسلامە سیاسییەکانى زیاتر توڕە کردووە، بەتایبەت لەنێو پێکهاتە شیعەکان، چونکە زۆربەى جموجۆڵە ناڕەزاییەکان لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتیان روویداوە، بەتایبەت “ناسڕییە، نەجەف، کەربەلا، بەسڕا، لەسەرووی هەموویانەوە بەغدای پایتەخت”.
گەورەترین سەرکەوتن خۆپێشاندەران تۆماریان کرد، دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدی بوو، کەبەفشاری خۆپێشاندەران تەنها ساڵێک تەمەنى کرد، لەدواى ئەویشدا چەندین کاندید بۆ پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت شکستیان هێنا، تادواجار لەلایەن مستەفا کازمی توانرا حکومەتێکى نوێ پێک بهێنرێت.
کازمی، وەک هەنگاونان بۆ ئەنجامدانى چاکسازی ریشەیی و، هێوکردنەوەى توڕەیی جەماوەر بڕیاریدا لە ٦ حوزیران (یونیو)ـى ٢٠٢١ خۆپێشاندانى پەرلەمانى ئەنجامبدرێت، بەڵام زۆربەى لایەنە سیاسییەکان دژایەتى خۆیان بۆ ئەو بەروارە نیشانداوەو، پێیان وایە “ئەستەمە لەوادەى دیاریکراوی خۆیدا پرۆسەکە بەرێوە بچێت”.
زۆربەى چاودێران لەو باوەڕەدان ” هیچ شتێکی ئەوتۆ لەپرۆسەى سیاسی ئەو وڵاتە ناگۆردرێت، بەتایبەت لەسەروبەندی تێکەڵبوونى پرسی ئایینى و سیاسی و، بەرژەوەندیی پارتە ئایینەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکان”. هاوکات پرسی گەندەڵیی و بەدەستهێنانى دەستکەوتی سیاسی، بەجۆرێک لەنێو جومگەکانى دەسەڵات چڕبووەتەوە، بەبێ هیچ پرۆسەیەکى گەندەڵى هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە ناچێت.
لەو نێوەندەش رێبەرى ڕەوتى سەدر، کەسەرۆکایەتى گەوەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى دەکات لەنێو ئەنجومەنى نوێنەران، هەوڵەکانى چڕکردۆتەوە بۆ پاراستنى ئەو باڵادەستییەى بەدەستهێناوە لەهەڵبژاردنەکانى ٢٠١٨ و، بەردەوامیش باس لەشەرعیەتى ئایینى و سیاسی باوکی مەحمەد مەحمەد سادق سەدر دەکات، کەیەکێک بوو لەنەیارانى رژێمەکەى بەعس لەعێراقدا.
بۆیەش موقتەدا سەدر، لەرێگەى لایەنگرانیەوە، ماوە ماوە لەنێوان پاڵپشتى کردنى خۆپێشاندەران جارێک و، جاروباریش لەرێگەى سەرکووتکردنى خۆپێشاندەران دەیەوێت مانەوەى خۆی لەو پرۆسەیە دەربخات، دوایین هەنگاویشی سەرکووتکردنى خۆپێشاندەرانى ناسڕییە بوو، کەفەرمانى بەلایەنگرانى دابوو خێوەتى خۆپێشاندەرانى گۆڕەپانى حەبوبی ئەو پارێزگایە بسووتێنن، ئەمەش ناڕەزایی و کاردانەوەى گەورەى بەدوای خۆیدا هێناو، زۆربەى خۆپێشاندەرانى ناسڕییەو، بابل و بەغدا ڕژانە سەرشەقامەکان بۆ سەرکۆنە کردنى کارەکانى سەدر. تەنانەت لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاشتاگی “موقتەدای پیاوکوژ” ـیان بەرز کردەوە.
سەدر، یەکێکە لەو کەسایەتیە سیاسیانەى عێراق هەموو بیروبۆچوونى خۆى لەنێو پرۆسەى سیاسیی گۆریوەو دەگۆرێت، بەجۆرێک زۆربەى هاوپەیمانەکانى پێشووی بەهۆى ناسەقامگیریی سیاسیی لێی دوور دەکەونەوە.
هەر لەو نێوەندەش سەدر، ماوەیەک بەبیانووی دەستبەرداربوونى لەسیاسەت بەرەو ئێران هەڵدەهات و، خۆى سەرقاڵى خۆێندن و زانست دەکرد، پاش ماوەیەک لەوێوە دەگەڕایەوە نەجەف و، دووبارە سەرقاڵى سیاسەت و، شەڕی پۆستەکانى بەغدای دەکرد. ئەوەى ئێستا بەدی دەکرێت، زۆربەى لایەنە سیاسییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەى ووزەى خۆپێشاندانەکان، سەرقاڵى خۆ رێکخستنەوەى بۆ ئەوەى پارێزگاری لەهێزو دەسەڵاتەکانیان لەنێو سیستەمی سیاسیی عێراق بکەن و، هەرچۆنییەکیش بێت ئەوەى لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە بەدەستهاتووە بمێنێتەوە.
لەبەرامبەریشدا نەیارانى ئەو سیستەمە سیاسییە چەقبەستووەى بەغدا هەوڵەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەى خەڵک لەهەڵبژاردنى داهاتوو پێچەوانەى ٢٠١٨ بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن و، کار لەسەر گۆرینى ناوەرۆکى سیستەمە بکەن. سەرەڕاى ئەوەى هیچ ئومێدێکى گەورە لەپرۆسەى سیاسی عێراقدا نیە، کەدابەشکاری تایفی و ئەتنی دروستیکردووە، بەجۆرێک سەرۆکایەتى کۆمار بۆ کورد، سەرۆکایەتى وەزیران بۆ شیعەو، سەرۆکایەتى پەرلەمانیش بۆ سوننەکان دیاریی کراوەو، لە ماوەى ١٧ ساڵى رابردووشدا تەنها کەسایەتیەکان بەبێ گۆڕانکاری ریشەیی گۆڕدراون.
بۆیە ئێستا لەو نێوەندەش سەدر دەیەوێت ئەمجارە بەزەبری هێز بێت، یاخود سیاسی، زۆرینەى پەرلەمان بەدەست بهێنێت و، لەسەر حیسابی هاوپەیمانە کۆنەکانى خۆى سەرۆکایەتى وەزیران دیاریی بکات و، کەسێک لەنێو ڕەوتەکەى بگەیەنێتە ئەو پۆستە، بۆ ئەم مەبەستەش دوور نیە دووبارە بەرەو دەرگاى رژێمى ئێران بگەرێتەوە، کەماوەیەک لەمەوبەر لەمیدیاکانەوە دژایەتى دەکرد.