با لە عەرەبەکانی عێراق و بەسراویەکان فێر ببین

پ
حاکم شێخ لەتیف مستەفا:
پێشەکی پیرۆزبایی لە ھەموو وەرزشوانان و وەزشدۆستان و ھەموو ئەوانە دەکەم کە دوێنێ بە بردنەوەکەی عێراق دلخۆش بوون، بەڵام ئەوە بابەتەکە نیە.
بابەتەکە نیشتیمان پەروەری و نەتەوە پەروەری عەرەبەکانی عێراقە، هەموومان دەزانین حوکمڕانی عێراق زۆر لە حوکمڕانی کوردستان گەندەڵترو خراپترە، ١٨ ساڵە دار نەخراوەتە سەر بەرد و خەڵکی عێراق کە زۆرینەیان شیعەی عەرەبن و حوکمەکەش عەرەبی شیعەن زۆر بێزارن لەدەسەلارتدارانی خۆیانو لە ئێمە پڕترن دژی دەسەلاتدارانی خۆیان، بەلام لەگەل ئەوەشدا ئەم بێزاریە وای لێنەکردون بێزاربن لە نیشتیمانەکەیان کە عێراقە وە لەنەتەوەکەیان کە عەرەبە بە پێچەوانەوە ھەموو تاکێکی عەرەبی عێراقی زۆر بەوشیاریەوە جیاوازی دەکات لە نێوان دەسەلاتدارانی بێزراو وە لە نێوان نیشتیمان و نەتەوە.
لە جامی کەنداودا ھەستت دەکرد ئەوان زۆر شانازی بەوڵاتی خۆیانەوە دەکەن کە عێراقە، لەکاتی وتنەوەی سرودی نیشتیمانی لەناو یاریگاکە ھەموویان بە شانازیەوە بەیەک دەنگ سرودەکەیان دەوتەوەو ئاڵای عێراقیان پیرۆز و شکۆدار دەکرد، ھەر یەکەیان بەدڵ و بەگیان ھەوڵی دەدا وێنەیەکی جوانی عێراق پشان بدات و کاریشی بۆ سەرکەوتنی پاڵەوانێتیەکە دەکرد وەک ئەوەی بۆ ماڵی خۆی بکات.
لەروی نەتەوەیشەوە ھەر ھەمویان شانازیان بەعەرەبی بونی خۆیان و رەگ و ریشەی نەتەوەی خۆیان دەکردو بەشانازیەوە برا عەرەبەکانی کەنداویان بەخێر دەھێناو خزمەتیان دەکردن و دەیان خستنە سەرچاویان و ھەموانیان تێگەیاند کە ئەوان تینوو پەرۆشی رەچەڵەکی عەرەبی خۆیانن.
بەداخەوە لە کوردستان لە ئەنجامی ٣٠ ساڵەی حوکمڕانی ئەم دوو دەسەلاتە خێلەکیە لە جیاتی رق بونەوە لەوان و یەکگرتن و تێکۆشان بۆ نەھێشتنیان، رقیان لە نیشتیمانەکەی خۆیان « کوردستان »دەبێتەوەو زۆرێکیان بەدڵ پێیان خۆشە بروخێ و ببینەوە بەبەشێک لەعێراق.
لەوەش خراپتر کار گەیشتۆتە ئەوەی خەلکانێک تەنانەت رقیان لە نەتەوەو لە کورد بونی خۆشیان ببێتەوە.
بۆیە دەبێ لەو وانە جوانەی عەرەبەکانی عێراق و بەسراویەکان سود وەربگرین و جیاوازی بکەین لە نێوان دەسەڵاتی گەندەڵ و دوژمن بەکورد لە لایەک و وە کوردستان و نەتەوەکەمان چونکە ھەموو ئەوانەی جیاوازی ناکەن و لە بەر دەسەلاتی گەندەڵ دەیانەوێ ھەرێم بروخێ و کورد نەمێنێ، بیانەوێ و نەیانەوێ ھەرێمی کوردستان و کورد بە تاپۆی ڕەشی ھەردوو دەسەلاتی گەندەڵ دەزانن.