نالی برینداره
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئه‌مڕۆ پیاسه‌یه‌كی ناو باخی گشتیم كرد ، په‌یكه‌ری هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌م بینی كه‌وه‌كو من ئه‌بڵه‌ق ئه‌بڵه‌ق سه‌یری ئه‌و هه‌موو چهكدارهیان ده‌كرد كه نه‌هی رۆمی بوون نه‌هی عه‌ره‌ب و فارس ، چه‌كداری كورد له به‌رده‌ركی سهراوهتا باخی گشتیان كردبوو به سه‌ربازگه ، سه‌یاره‌یه‌كی زله‌ی داخراویش كه به ئینگلیزی لێی نووسرابوو پۆلیس له به‌رده‌م وێنه‌كه‌ی قازی‌دا به چاوه زهقهكانیهوه مۆڕه‌ی له هه‌مووان ده‌كرد ، به‌رده‌م سه‌را شێخ و مه‌لاو زاهیدی لێنه‌بوو لیپ بوو له‌و هاوزمانانهی به خه‌ڵكیان ده‌گوت نابێت داوای مافی خۆت بكه‌یت .
چامه‌كه‌ی نالیم بیر كه‌وته‌وه ، ئه‌و نالیهی په‌یكه‌ره‌كه‌شی له‌به‌رده‌م به‌زه‌یی گوله‌ی خۆییدا پارێزراو نیه، چه‌ند قورسه خۆت له ده‌ستی تورك و ته‌ته‌ر بڕۆیت و پهیكهرهكهشت له به‌رده‌م گوله‌ی هاوزمانهكهتا بێت، بیرم لای نالی بوو :
داخۆ ده‌رونی شه‌ق نه‌بووه پردی سه‌رشه‌قام
پیرو فوداده ته‌ن نه‌بووه داری ” پیرمه‌سوور”
ئێسته‌ش به به‌رگ و بارهعهلهم داری شێخ هه‌باس
یا بێنه‌واو به‌رگه ، گه‌ڕاوه به شه‌خسی عوور
من به ده‌م خه‌یاڵاتی نالیه‌وه رێم ده‌كرد و سه‌یری ئه‌و هه‌موو چاوی ئومێدی خه‌ڵكه‌م ده‌كرد كه زیاتر له سی ساڵه چاویان بڕیوه‌ته سبه‌ینێیه‌كی باشتر ، رێك له‌و كاته‌دا دۆستێك پێی وتم باشتره به به‌رده‌م باخی گشتیدا نه‌ڕۆیت و پشته‌وه بگری ، من وه‌ك ئه‌وه‌ی مهستبووبم ناوی دیوانه‌كه‌ی شێركۆم بیركه‌وته‌وه ” خێراكه مردن خه‌ریكه بگات ” .
تا گه‌یشتمه بن قژی بژی داره بێنازه‌كانی عه‌قاری گوێم له ریزێك گوله بوو له دوامه‌وه له دڵه‌وه وتم ” خودایه ئه‌و گولانه په‌یكه‌ره‌كه‌ی نالی نهپێكن ” هێواش هێواش به‌ره‌و ئه‌و شوێنه ده‌چووم كه به‌كر عه‌لی تێیدا گلا ، وتم داخۆ تا چه‌ند ساڵی تر به‌شی كورد هه‌ر گلان و تلان بێت .
ئه‌م براده‌رانه‌ی عه‌رشیان گرتوه ، كۆشكی بلورینیان نه‌خوێندوه‌ته‌وه ، ئه‌و پۆلیس و سه‌ربازانه‌ی ناچار كراون لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان بكه‌نه گه‌ل ئارام گرتنی ئه‌وانیش له ده‌سه‌ڵات سنورێكی هه‌یه ، رۆژێك هه‌ر ده‌بێت راكه‌ین ، راكردنی ترسنۆكانهههیهو راكردنی جوامێرانه ، من له به‌ر خۆمه‌وه شیعری راكردنی شێركۆم ده‌گوت :
بۆ ئه‌وه‌ی فریای بكه‌وم
ئه‌و دووپشكه
به‌و مناڵه بچوكه‌وه نه‌دات
وازم له كه‌مانچه لێدان هێناو رامكرد
بۆ ئه‌وه‌ی فریای بكه‌وم
ئه‌و ژنه خۆی نه‌سوتێنێ
ده‌ستم له وێنه‌كێشان هه‌ڵگرت و رامكرد
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاگام لێ‌بوو
ئه‌و مامزه ته‌نها دوو هه‌نگاوی ماوه
ته‌ڵه بیگرێ
وازم له سه‌یركردنی
دیمه‌نی جوانی به‌رده‌مم هێناو رامكرد
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێم له ده‌نگی
گریانی ژوورێكی برسی
كۆڵانه‌كه‌ی ئه‌و دیومان بوو
ئه‌م شیعره‌م بۆ ته‌واو نه‌كراو
به خۆم و یه‌ك شووشه شیر‌و
ئه‌م ڕهشنووسهو دوو نانه‌وه
به‌ره‌و ئه‌و كۆڵانه رامكرد
ته‌قه‌كان ئازارم ده‌ده‌ن ، هاوڕێیه‌ك به مۆبایل وێنه‌ی له په‌ل و پۆ كه‌وتوی شیرین گه‌رمیانی پارلهمانتارم بۆ ده‌نێرێت كه ئه‌و گازی فرمێسكه زاڵمه ی به‌ركه‌وتوه ، دۆستێك وتی ماڵ كاول زۆر كاریگه‌ره ده‌ڵێی پڕكراوه له بیبه‌ری تیژ .
من به دڵێكی شكاوه‌وه رێده‌كه‌م و بیر له‌و شیعره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌كه‌مه‌وه كه بۆ سلێمانی وتوه ، ئه‌و سلێمانیه‌ی شێخ ره‌زا له بیری بووه ” كه دارولمولكی بابان بوو”
له به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم :
گه‌ر وا بڕوا پێكی توڕه‌یی هه‌ڵئه‌ده‌ین
بێده‌نگیمان له ئاوی شۆڕشكهڵ ئه‌ده‌ین
ته‌كسیه‌ك راده‌گرم و پێی ده‌ڵێم ” بمبه بادهرچم له شار “.