قادری حاجی عەلی و کەرکوک
لەتیف فاتیح فەرەج:
بەیانیانێکی چوم سەرم لەگردی زەرگەتەو مەکۆی سەرەکی گۆڕاندا، لەژورێکدا کاک قادری حاجی عەلی لەتەک کۆمەڵێ برادەرا دانیشتبوو، منی بینی بانگی کردم و هەواڵی کەرکوک و چەمچەماڵ و هەندێ دۆست و ئاشنای خۆی پرسی، دواتریش وتی بمێنەوە ئیشێکم پێتە، دوای چۆڵبوونی ژورەکە زەرفێکی پێدام ووتی هەندێ زانیاریە لەسەر داعش لەناو کەرکوک بیگەیەنیتە دەست هەڵکەوت زۆرباشە، هەڵکەوت بەر پرسی ئاسایشی کەرکوک بەری یەکێتی بوو، پارتیش هی خۆیان هەبوو، هەڵۆ وتی جارێک ئەمەریکیەکان پێیان وتون کەی یەکدەگرن.
من زەرفە نهێنێکەی کاک قادرم گەیاندە شوێنی خۆی، ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا ئەوە بوو کە ئەو پیاوە چەند لەخەمی ئارامی و سەقامگیری کەرکوک و هەموو کوردستاندابوو، دواتریش چەندین جار لەکافێکەی سیتی ستار هەردوکمان، یاخود هەندێ جار یوسفی کوێخا برایمی گورگەییشم لەگەڵ بوو، باسی کەرکوک و بارودۆخی گشتی و زۆر بابەتی دیکەمان دەکرد، کاک قادر یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی کە لەسەر ئەو وتارانەی بۆ کەرکوکم دەنووسی دەستخۆشی لێدەکردم و هەندێ جاریش ڕێنمای وردی پێ دەگوتم.
قادری حاجی عەلی یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی بەقوڵی لەسیاسەت گەیشتبوو، ئەوەشی دەزانی کە ڕێگای گێڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان کارێکی ئەستەم و قورس بوو، بۆیە هەمیشە پێداگری لەسەر ئاشتەوایی نەتەوەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکردەوە، بۆ کەرکوک و ناوچە دابێنراوەکان.
لەناو هەموو ئەوانەدا کە لەبواری سیاسەتا کاریان دەکرد، سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەکرێ، قادری حاجی عەلی لەسەرخۆترینیان بوو، هەروەک چۆن بەشێوازێکی جیاوازیش بیری لەچارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە دەکردەوە، ئەو بەحوکمی خوێندنەوەی دیرۆکی ڕابردووی ئەو ناوچانەو شارەزای وردی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی ئەو ناوچانە، لەوە گەیشتبوو ناکرێت کورد بەردەوامی بدات بە مۆدێلێکی کوێڕبینانەو لاسایکەرەوانەی فاشیزمی عەرەبی، هەروەک شێوازی مامەڵەی تورکمانیشی لەگەڵ کورد و بەپێچەوانەشەوە پێ درووست نەبوو.
قسەو باسەکان لەوبارەیەوە ڕەنگە زۆر بن، ئێمە هێشتا لەنێو ئازاری بێشوناسی و فرەشوناسی کەرکوکدا سەرگەردانانە دێین و دەچین، لەولاشەوە نەیارەکانمان ئامادەنین ئەگەر هەر بۆ ماوەیەکیش بێت گەمەی یار بوون بکەن.
دروود بۆ گیانی قادری حاجی عەلی و هەموو ئەوانەی وێڕای خەمی کورد بوون خەمی کەرکوکیش خەمی ئەوان بوو.