فەڕەنساو ڕۆژئاوای کوردستان

پ
لەتیف فاتیح فەرەج:
بەر پرسیارەتی ئاکاری:
فەڕەنسیەکان بەرپرسیارەتی زیاتریان لەهەر وڵاتێکی تر بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان لەئەستۆیە، یەکەم لەبەرئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان و تەواوی سوریا لە دابەشکاری براوەی شەڕی جیهانی یەکەم بەر فەڕەنسا کەوت، کوردیش لەو ڕۆژەوە لەچوارچێوەی سوریادا بێ ناسنامە دەکرێت، دوەم لەبەر ئەوەی لانی کەم لەشۆڕشی فەڕەنسیەوە بابەتی مافی مرۆڤ و ئازادی بەگشتی و ئازادی گەلان لە فەڕەنسا لە هەروڵاتێکی تر زیاتر قسەی لە بارەوە دەکرێت، سێیەم فەڕەنسیەکان لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر شاهیدی بەرخودانی ڕۆژئاوان و ڕۆژنامەوان و چالاکانی فەڕەنسی زۆر لەنزیکەوە لە بارو دۆخی ڕۆژئاوایان دەکۆڵیەوە.
تیرۆر تیرۆری دەوڵەتی:
تورکیا سودی زۆری لە ئەندامێتی ناتۆ بینیوە بۆ ئەوەی بە ئارەزوی خۆی تۆمەتی تیرۆر بداتە پاڵ هەموو کوردێکی ئازادیخواز لە هەر کوێ بێت، لە هەر پارچەیەکی کوردستان، یان لە تاراوگە، تەنانەت ئەگەر لە ناو جەرگەی پاریسیش بێت، وەک تیرۆرو ڕەشەکوژیەکانی کورد لە پاریس، تورکیا ئامانجی قەڵاچۆ کردنی کوردە، لە پەنا ناتۆوە، فەڕەنسا ناکرێت لە لایەک پێشەنگی دیموکراسی و ئازادی بێت و لە لایەکی تریشەوە پابەند بێت بەبڕیارەکانی ڕێکخراوی ناتۆوە، کە دەوڵەتێکی تیرۆریست و سیڤیل کوژی وەک تورکیا بکاتە خاوەن بڕیاری ئەوەی نەتەوەیەک بەتیرۆریست لەقەڵەم بدات، تەنها لە بەر داوای کەمترین مافی ژیان و ئازادی سیاسی و زمان و خۆبەڕێوەبەری.
تورکیا وەک بەڵای سەر ئەوروپا:
تورکیا گەورەترین مەترسیە نەک بۆ سەر گەلی کوردو وڵاتانی ناوچە، ئەو بۆ سەر ئەوروپاو لەناو ئەوروپادا بۆ سەر فەڕەنسا لەهەر وڵاتێکی تر زیاتر مایەی مەترسیە، چونکە لەچەندین بۆنەی جیاجیادا، بەکوشتنی ساکینەو هاوڕێکانی، دەرکردن و ڕاونانی ئازادی خوازان بۆ فەڕەنسا ئەحمەد کایەو گۆنای، گێچەڵ بە میدیاکارو ڕۆژنامەوانی فەڕەنسی لەتورکیاو شوێنگەلی تر فەڕەنسای لەکەدارو ناشرین کردوە، ئەوە جگە لەوەی بەردەوام دەیەوێت ئەم ناوچەیە سەقامگیر نەبێ بۆ ئەوەی هەڕەشەی دەرگاکردنەوەی کۆچی بەکۆمەڵ بەڕوی ئەوروپادا بکاتەوە، جگە لەوەی بەبیانوی پەناهەندەش بەردەوام پارە لەئەوروپا دەماشێنێتەوە.
فەڕەنساو پاراستنی کۆبانی و ڕۆژئاوا:
کۆبانی سومبلێکی جیهانیە ، دەبوو فەڕەنسا بەر لەئەمەریکا ئاڵای پاڵپشتی نەک هەر لەوێ لەعەفرین و حەسەکەش هەڵکردبا، فەڕەنسا بۆ پاراستنی ئەو سومبلیکە جیهانیە دەبوو کارێکی کردبا ناوەندێکی یەکێتی ئەوروپاو هێزێکی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بهێنرێتە ڕۆژئاواو کۆبانی، ئەمەش وە بەرپرسیارەتیە دیرۆکیەی کەلەڕێکەوتنی سایکس بیکۆدا بەر لەسەت ساڵ زیاتر فەڕەنسیەکان خاوەنی ئەم ناوچەیە بوون.